tazee.jpg

دكتۆر قارەمان ياريدەدەرى سەرۆكى زانكۆى كۆيە كۆچى دوايی كرد

Sep 16, 2024  |   هەواڵەکانی پەی 

ئەمشەو (16/9/2024) دكتۆر قارەمان شێخ بزێنی یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی كۆیە بۆ كاروباری خوێندكاران كۆچی دوایی كرد.

 دكتۆر قارەمان نادر محەمەد ئەحمەد، ناسراو بە قارەمان شێخ بزێنی، ساڵی 1977 لە ناحیەی شوانی سەر بە پارێزگای كەركوك لەدایك بووە، خوێندنی ئامادەیی لە ساڵی 1998-1999 لە ئامادەی تەقتەقی تێكەلاو تەواو كردووە. ساڵی 2001 بڕوانامەی دبلۆمی پزیشكی لە پەیمانگای تەكنیكی كۆیە بەدەستهێناوە، ساڵی 2008 لە بەشی مێژووی زانكۆی كۆیە بڕوانامەی بەكالۆریۆسی بەدەستهێناوە، ساڵی 2012 بڕوانامەی ماستەری لە مێژوو بە پلەی زۆر باش بە دەست هێناوە. ساڵی 2017 بروانامەی دكتۆرای لە مێژوو لە زانكۆی كۆیە بە دەستهێناوە. چەندی پۆستی كارگێڕی وەك: سەرۆكی بەشی مێژوو، بەڕێوەبەری بەشە ناوخۆییەكانی زانكۆی كۆیە، بەڕێوەبەری فاكەلتی بینیوە، دوا ئەركیشی یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بوو بۆ كاروباری خوێندكاران.

دامەزرێنەر و سەرۆكی (ڕێكخراوی قارەمان شێخ بزێنی بۆ خزمەتی توشبوانی شێرپەنجە) بوو، لە بواری زانستییدا چەندین كتێب و دەیان توێژینەوەی نوسیوە و لە گۆڤارە زانستییەكاندا بڵاوی كردوونەتەوە، بەشداری دەیان كۆنفرانسی زانستی كردووە لە ناوەوەو دەرەوەی وڵات. دەیان وتاری رۆژنامەوانی لە ڕۆژنامەو گۆڤارەكاندا بڵاو كردۆتەوە.

خێزاندار بوو و باوكی سێ كوڕ و دوو كچ بوو، كادیرێكی زانستی و كارگێڕی چوست و چالاك و لەخۆبوردوو بوو، هەمیشە خۆشەویستی مامۆستایان و خوێندكاران و دەوروبەرەكەی بووە، بەداخەوە لە كاتژمێر چواری شەوی 16/9/2024، دوای شەش ساڵ ململانێ لەگەل نەخۆشی شێرپەنجەدا كۆچی دوایی كرد.

لەدەستدانی دكتۆر قارەمان كۆستێكی ئازار بەخشەو كەلێنێكی گەورە لە زانكۆی كۆیە دروست دەكات، بەم بۆنە خەمناكەوە وەك دامەزاروەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، پرسەو هاوخەمی خۆمان ئاراستەی كەس و كاری و سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندكارانی زانكۆی كۆیە دەكەین و هیواخوازین خوای گەورە بەبەهەشتی بەرینی خۆی شاد بكات.