.jpg

دامه‌زراوه‌ی په‌ی: پاساوی لایەنە سیاسییەکان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن لۆژیکی نییە

Jun 6, 2024  |   هەواڵەکانی پەی 

خەندان-

دامه‌زراوه‌ی په‌ی رایگەیاند، کۆتا خولی پەرلەمانی کوردستان ببو بە دروستکەری قەیرانەکان و بە لاوازترین خول هەژمار دەکرێت، هێزە سیاسییەکان لە دروستکردنی بیانو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەردەوامن، پاساوەکانیش لۆژیکی نین چونکە هۆکارەکەی لەدەستدانی متمانەی جەماوەرەکانیانە، بۆیە ئەرکی سەرۆکی هەرێمە دەسەڵاتی خۆی بۆ ئەو دۆسیەیە بەکاربهێنێت و رێگری بکات لەوەی قەوارەی هەرێم و پرۆسەی هەڵبژاردنی کوردستان بکەوێتە مەترسییەوە.

دامه‌زراوه‌ی په‌ی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە،  32 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، یه‌كه‌م پرۆسه‌ی دیموكراسی له‌ هه‌رێمدا به‌ڕێوه‌ چو و خه‌ڵكی كوردستان به‌ ئومێده‌وه‌ بۆ داهاتویه‌كی گه‌ش، به‌ره‌و سندوقه‌كانی ده‌نگدان هه‌نگاویان نا، به‌ڵام‌، به‌تێپه‌ڕ بونی كات ئه‌م خه‌ونه‌ ئاڵو والایه‌ كاڵ بویه‌وه‌، ئه‌و دامه‌زراوه‌ باڵایه‌ ساڵ به‌ ساڵ لاوازتر، ده‌سته‌مۆتر و فه‌رامۆشكراوتر، رۆژ له‌دوای رۆژ سست تر، له‌ ئه‌نجامدانی ئه‌ركه‌ یاساییه‌كانی كۆڵه‌وارتر و له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشانی ته‌مه‌نیدا له‌ چادێریی ده‌سه‌لاتی جێبه‌جێكردنیشدا بێ ده‌سه‌ڵاتتر بوه‌. 

 پەرلەمانی کوردستان ببو به‌ دروستكه‌ری قه‌یرانه‌كان

لە راپۆرتی دامه‌زراوه‌ی په‌ی ئاماژە بەوەشکراوە، پەرلەمانی کوردستان له‌بری ئه‌وه‌ی كۆكه‌ره‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان و دامه‌زراوه‌ی چاره‌سه‌ری قه‌یرانه‌كان بێت، له‌ كۆتاییه‌كانى ته‌مه‌نى خولى پێنجه‌مدا ببو به‌ دروستكه‌ری قه‌یرانه‌كان، كه‌ به‌ لاوازترین خول ئه‌ژمارده‌كرێت، سه‌ربارى به‌ره‌و پێشه‌وه‌ چونى ره‌وته‌كه‌و گۆڕانكارییه‌كانى سه‌رده‌م، له‌ ماوه‌ى چوار ساڵى ته‌مه‌نیدا، كه‌مترین دانیشتنى ئه‌نجامداوه‌ و كه‌مترین یاساى په‌سه‌ندكردوه‌، چاودێریی ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێكردنى نه‌كردوه‌، زۆرترین پێشێلكاریی په‌یڕه‌وى و زۆرترین یاسا شكێنى كردوه‌.

 له‌ ئێستادا په‌رله‌مانى كوردستان ده‌بوایه‌ هه‌شت خولى به‌ڕێبكردایه

ئەوەشخراوەتەڕو، له‌ ئێستادا په‌رله‌مانى كوردستان ده‌بوایه‌ هه‌شت خولى به‌ڕێبكردایه ‌و  خولى نۆیه‌مى ده‌ستبه‌كار بوایه‌، به‌ڵام سه‌ربارى ئه‌وه‌ى ته‌نها پێنج خولى به‌ڕێكردوه‌و سێ خول قه‌رزاره‌، واته‌ 12 ساڵ له‌ پاشه‌، كه‌چى هه‌ڵبژاردنى خولى شه‌شه‌میشى نادیاره‌ و نازانرێت كه‌ى ده‌كرێت.

هێزه‌ سیاسییه‌كان بۆ دواخستنه‌كان هه‌میشه‌ پاساویان هێناوه‌ته‌وه‌

دامه‌زراوه‌ی په‌ی باسی لەوەشکردوە، هێزه‌ سیاسییه‌كان بۆ دواخستنه‌كان هه‌میشه‌ پاساویان هێناوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام پاساوه‌كان بنه‌ماى لۆژیكیان نه‌بوه‌، چونكه‌ هۆكارى سه‌ره‌كى ململانێ و ده‌ستشكانه‌وه‌ى نێوانیان و له‌ده‌ستدانى جه‌ماوه‌ریان بو، هه‌ربۆیه‌ش بۆ مانه‌وه‌یان له‌ده‌سه‌ڵات هانایان بۆ دواخستن بردوه‌.

هیچ كام له‌ پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ واده‌ى خۆیاندا ئه‌نجامنه‌دراون

ئەوەش ئاشکرا کراوە، لێره‌وه‌ ده‌گه‌نه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ى كه‌ سه‌ركردایه‌تى سیاسیی كوردستان تا ئه‌مڕۆشی له‌گه‌ڵدابێت نامۆیه‌ به‌ كه‌لتورى دیموكراسی و هه‌ڵبژاردن و راده‌ستكردنى ده‌سه‌ڵات، هه‌ر بۆیه‌ هیچ كام له‌ پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ واده‌ى خۆیاندا ئه‌نجامنه‌دراون و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان په‌یوه‌ست نه‌بونه‌ به‌ یاساوه‌ و ئاماده‌ى راده‌ستكردنى ده‌سه‌ڵات نه‌بون و به‌زه‌برى هێز و پاره‌و هاوكاریی ده‌وڵه‌ته‌ دراوسێكان هه‌وڵى مانه‌وه‌یان له‌ده‌سه‌ڵاتداوه‌. 

هێزه‌ به‌ناو ئۆپۆزسیۆنه‌كان ئه‌وه‌نده‌ى هێزى كاردانه‌وه‌ بون هێزى ستراتیجى نه‌بون

دامه‌زراوه‌ی په‌ی رونی دەکاتەوە، ئه‌مه‌ بۆته‌ مایه‌ى ئه‌وه‌ى ئه‌زمونى په‌رله‌مانى له‌ هه‌رێمدا به‌ ستراتیجى حزبه‌كان، خول له‌ دواى خول به‌ره‌و دواوه‌ بگه‌ڕێته‌وه، له‌به‌رامبه‌ریشدا هێزه‌ به‌ناو ئۆپۆزسیۆنه‌كان ئه‌وه‌نده‌ى هێزى كاردانه‌وه‌ بون هێزى ستراتیجى نه‌بون، هه‌ر بۆیه‌ش خاوه‌نى ئه‌و په‌یام و به‌ڵێنانه‌یان نه‌بون كه‌ له‌واده‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به‌ جه‌ماوه‌ره‌كه‌یان ده‌دا. 

ئەركی سەرۆکی هەرێمە هەماهەنگی لە نێوان دەســـەڵاتە فیدڕالیەكان و دەســــەڵاتەكانی هەرێمدا بكەن

لە راپۆرەتەکەی دامه‌زراوه‌ی په‌ی کە لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردن ئامادەکراوە یاداشتێک ئاڕاستەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کراوە و تێیدا هاتوە، بەپێی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 2005 ی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، سەرۆکی هەرێم لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەش نوێنەرایەتیی هەرێم دەكەن و بە ناویەوە دەدوێن، ئەركی سەرۆکی هەرێمە هەماهەنگی لە نێوان دەســـەڵاتە فیدڕالیەكان و دەســــەڵاتەكانی هەرێمدا بكەن.

سەرۆکی هەرێم بەرپرسە لە پاراستنی ئاسایشی گشتی

ئاماژە بەوەشکراوە، بە پێی هەمان یاسا كاتێک هەرێمی كوردستان و سیستەمە سیاسییەكەی، یان ئاسایشی گشتی، یان دامودەزگا دەستورییەكانی بكەونە مەترسییەوەو هەڕەشە لە بونیان بكرێت، سەرۆکی هەرێم بەرپرسە لە پاراستنی، لە هەمان كاتدا پابەندن بەوەی هەڵبژاردنەكان لەكاتی خۆیاندا بكرێن و زەمینەی لەبار بۆ ئەنجامدانیان بڕەخسێنرێت.

لە ئێستادا پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان بە دۆخێكی هەستیار و مەترسیداردا گوزەر دەكات

لە یاداشتی دامه‌زراوه‌ی په‌ی بۆ سەرۆکی هەرێم ئەوەشخراوەتەڕو، لە ئێستادا پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان بە دۆخێكی هەستیار و مەترسیداردا گوزەر دەكات، ئەم دۆخەی خولقاوە لەبنەڕەتدا وەك پیلان بە هەماهەنگی و ژێر بەژێری دەوڵەتە هەرێمییەكان و بە ئاگاداری عیراق بەرێوە دەچێت بۆ گێڕانەوەی هەرێمی كوردستان بۆ چوارگۆشەی سفر، كە ناكرێت ئەو راستیەش فەرامۆش بكرێت خودی هێزە سیاسییە خۆماڵیەكان (بەتایبەتی پارتی و یەكێتی) ڕێگەخۆشكەر و هۆكاری سەرەكین، چونكە كارتی بیانویان بەدەستەوە داوە.

ئێستا پارتی بە بیانوی جۆراوجۆرەوە راستەوخۆ بایكۆتی كردوە

باس لەوەشکراوە، ئەگەر پێشتر یەكێتی بیانوی جیاجیای هەبوبێت بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكان، ئەوەتا ئێستا پارتی بە بیانوی جۆراوجۆرەوە راستەوخۆ بایكۆتی كردوە، ئەم سیاسەتەش هەرێم دەخاتە بەردەم ترازان و تێكچونی پەیوەندییەكان، تا ئەگەری پێكدادان و توندوتیژی و دەستێخستنی زیاتری عیراق و دەوڵەتە هەرێمیەكان لە ناوخۆی هەرێم.

بەردەوام بونی ئەم رەوشە دەبێتە مایەی ئەوەی چارەنوسی حكومەتی هەرێم خۆی لە كەرتبوندا ببینێتەوە

رونیشکراوەتەوە، بەردەوام بونی ئەم رەوشە دەبێتە مایەی ئەوەی چارەنوسی حكومەتی هەرێم خۆی لە كەرتبوندا ببینێتەوە، لەوەش خراپتر دوای ئەم قۆناغە ئەگەری هەمواركردنەوەی دەستور لەعێراقدا دەبێتە دیفاكتۆ، ئەو كاتەش كورد توانای رێگریكردنی نابێت و پەشیمانی داد نادات، بەمەش شتێك بەناوی كیانی سیاسی یەكگرتو لەباشوری كوردستاندا نامێنێ.

ئەركی ئێوەیە وەك سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتی خۆتان بەكار بێنن

دامه‌زراوه‌ی په‌ی بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "بۆ دەرباز بون لەو دۆخە ترسناكە، ئەركی ئێوەیە وەك سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتی خۆتان بەكار بێنن و بەرپرسیارێتی مێژوییتان لەبەرچاو بگرن، بە سیاسەتێكی ژیرانەوە هەڵسوكەوت لەگەڵ یەكەیەكەی روداو و لایەنەكاندا بكەن، بە جۆرێك نە قەوارەی هەرێم زیانمەند بێت و ئەزمونەكە بكەوێتە بەردەم هەڕەشەوە، نە هەڵبژاردنیش بكەوێتە تونێلێكی داخراوەوە.

لینكی هەواڵ:

https://www.xendan.org/detailnews/180884