pay1.jpg

نوێترین راپۆرتی دامەزاروەی پەی لەسەر پەرلەمانی کوردستان بڵاوکرایەوە

Jun 5, 2024  |   هەواڵەکانی پەی 

لە ھەرێمی کوردستاندا ئەزموونی دواخستنی ھەڵبژاردن دەوڵەمەندترە لە ئەنجامدانی نوێترین راپۆرتی دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان بوو, کە ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە.

 ئەمڕۆچوارشەممە ٥/٦/٢٠٢٤  کاتژمێر (٥) ی ئێوارە لە ھۆڵی رێکخراوی ئازادبوون لە شاری سلێمانی دامـەزراوەی پـەی بۆ پـەروەردە و گەشەپێدان، بەھاوکاری سندوقی پاڵپشتی دیموکراسی (NED)ی ئەمەریکی، لە مەراسیمێکی تایبەتدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەک ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان لە خولەکانی رابرد و چالاکوان و نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و راگەیاندکاران  ناوەرۆکی راپۆرتی ژمارە ( ١٧)ی پرۆژەی چاودێـریـی پەرلەمان، کە تایبەتە بە دواخستنی ھەڵبژاردنەکان لە ھەرێـمی کـورستاندابە ناونیشانی (لە ھەرێمی کوردستاندا ئەزموونی دواخستنی ھەڵبژاردن دەوڵەمەندترە لە ئەنجامدانی) بڵاودەکردەوە.

لەسەرەتای راپۆرتەکەدا روانگە فایەق ئەندامی دامەزراوەی پەی پێشەکیەکی کورتی لەسەر راپۆرتەکە بڵاوکردەوە و وتی:  (٣٢) ساڵ لەمەوبەر، یەکەم پرۆسەی دیموکراسی لە ھەرێمدا بەڕێوە چوو، خەڵکی کوردستان بە ئومێدەوە بۆ داھاتوویەکی گەش، بەرەو سندوقەکانی دەنگدان ھەنگاویان نا. بەڵام بەداخەوە! بەتێپەڕ بوونی کات ئەم خەونە رەنگاو ڕەنگە کاڵ بوویەوە، ئەو دامەزراوە باڵایە ساڵ بە ساڵ لاوازتر، دەستەمۆتر و فەرامۆشکراوتر بوو.

بەپێی یاساو بڕیارە بەرکارەکان، پەرلەمانی کوردستان تاکە مەرجەعی سیاسی و دەستوورییە بۆ بڕیاردان لەسەر پرسە چارەنووسسازەکانی گەلی کوردستانی عیراق، بەڵام لەبری ئەوەی کۆکەرەوەی خەڵکی کوردستان و دامەزراوەی چارەسەری قەیرانەکان بێت، لە کۆتاییەکانی تەمەنی خولی پێنجەمدا ببوو بە دروستکەری قەیرانەکان، کە بە لاوازترین خول ئەژماردەکرێت، سەرباری بەرەو پێشەوە چوونی رەوتەکەو گۆڕانکارییەکانی سەردەم، لە چوار ساڵی تەمەنیدا: کەمترین دانیشتنی ئەنجامداوە و کەمترین یاسای پەسەندکردووە، چاودێریی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی نەکردووە، زۆرترین پێشێلکاریی پەیڕەوی و یاسا شکێنی کردووە، لە کۆی چوار دەستەی سەربەخۆ کە پەیوەندیدار بوونە پێیەوە پەکی سێ دانەیانی خستووە، نەیتوانیوە یاساکانی خۆی جێبەجێ بکات، بە نایاسایی و بێ پاساوی لۆژیکی تەمەنی خۆی درێژ کردەوەو ھەرێمی خستە بۆشایی یاساییەوە، نەک ھەر ئەمانە، بەڵکو قەیرانیان دروستدەکرد تا ھەڵبژاردن نەکرێت.

دواتریش د. سەروەر عەبدولڕەحمان عومەر سەرۆکی دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان وتەیەکی پێشکەش کرد و باسی لەسەرجەم ئەو ھۆکارانە کرد کەتاکو ئێستاکە چەندین جار بەھۆیەوە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دواخراوە و لەکاتی خۆیدا ھەڵبژاردن نەکراوە, ئەوەشی وت ئەوەندە ھەڵبژاردن دواخراوە ئەوەندە ھەڵبژاردن ئەنجام نەدراوە و ئۆباڵەکەشی ھەمووی بۆ سەرجەم حزبەکان و پەرلەماناران و حکومەتی ھەرێم دەگەڕێتەوە.

دەقی وتارەکەی وەکخۆی لێرە ببینە.

https://web.facebook.com/payinstitute/videos/2194622594212071