blnshaweys.jpg

پەرلەمانی کوردستان بەراورد بە کۆنترین پەرلەمان لە مێژودا

Jun 4, 2023  |   بیروڕا 

بڵند شاوەیس

 

مێژونوس و توێژەری بواری شارستانیەتی سۆمەر و ئاشور (سامۆئێل نوح کریمر) لە کتێبی " لێرە مێژوو دەستی پێکرد" باسی لەوە كردووە لە ھەزارەی سێیەمی پێش میلاد ، لە(Mesopotamia)  و لە شارستانیەتی سۆمەر و بەدیاریکراوی لە دەوڵەتی شاری (وەرکاء) بەپێی بەڵگەنامە مێژوییەکان کۆنترین پەرلەمان لە جیھاندا بوونی ھەبووە و پێک ھاتووە لە دوو ئەنجومەن ، یەکەمیان ئەنجومەنی پیران و دووەم ئەنجومەنی گەل کە بریتی بووە لە جەنگاوەرەکان.

لەئەنجامی ناکۆکی نێوان ھەردوو دەوڵەتی (کیش) بە سەرکردایەتی پاشا (ئاجا) و دەوڵەتی (وەرکاء) بە سەرکردایەتی پاشا (گلگامش) ، لە کاتێکدا (کیش) گەورەترین دەوڵەتی ئەوکاتە بووە و ویستی دەست بەسەرداگرتن و داگیرکردنى (وەرکاء)ی ھەبووە ، پاشا (ئاجا) پاشای (کیش) ھۆشداری دەدات بە پاشا (گلکامش) پاشای (وەرکاء) بۆ خۆ بەدەستەوەدان و ھاتنە ژێر ڕکێفی سەروەری دەوڵەتی (کیش) .

پاشا (گلگامش) بڕیاری تاکڕەوانە نادات، داوا لە ھەردوو ئەنجومەنى پیران و جەنگاوەران دەکات بۆ کۆبونەوە و بڕیاردان سەبارەت بەو پێشھاتە ، سەرەتا کۆبوونەوە لە گەڵ ئەنجومەنی پیران دەکات ، ئەنجومەنی پیران بڕیار دەدات بە خۆبەدەستەوەدان و شەڕ نەکردن ، دواتر لەگەڵ ئەنجومەنی جەنگاوەران کۆ دەبێتەوە بەڵام ئەنجومەنی جەنگاوەران بڕیاری شەڕکردن و ڕوبەڕوبونەوە دەدەن.

ئەوەی جێگای سەرنجە سەرەڕای نەبوونی زانیاری پێویست سەبارەت بەژمارەی ئەندامانی ھەردوو ئەنجومەنەکە و شێوازی بەڕێوەبردن و چۆنیەتی دەنگدان تیایاندا بەھۆکاری ئەوەی نووسین لەوکاتەدا لە قۆناغەکانی سەرەتاییدا بووە، بەڵام بونی پەرلەمان لەو سەردەمەدا و بە شێوەی دوو ئەنجومەن و بڕیاردان لە پرسێکی گرنگی وەک جەنگ نیشانەی بوونی سیستەمی سیاسی و حکومڕانییەکی کارا و بەشداریکردنی نوێنەرانی گەلە لە بڕیاردان لە پرسە چارەنوسسازەکاندا.
مایەی نیگەرانییە پاش پێنج ھەزار ساڵ لە کۆنترین پەرلەمان لە مێژودا ھەرێمی کوردستان خاوەنی لاوازترین پەرلەمانە چ لە ڕوی دامەزراوەوە و چ لە ڕوی ئەندامان، لە بواری یاساداناندا کەمترین و خراپترین یاساکانی دەرکردووە، تەنانەت یاسا لە وەقایعی کوردستاندا بڵاوکراوەتەوە و خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە لەکاتێکدا لەلایەن سەرۆکایەتی ھەرێمەوە پەسەند نەکراوە و گەڕێندراوەتەوە بۆ پەرلەمان بەمەبەستی ھەموارکردنەوەی بەڵام ئەو یاسایەی بڵاوکراوەتەوە یاسا کۆنەکەیە کە گەڕێندراوەتەوە نەک ھەموارە کۆتاییەکە ، جگە لەوەش پەرلەمانی کوردستان یاسای ھەموارکردۆتەوە دوای ئەوەی دادگای باڵای  ئیتیحادی ئەو یاسایەی ھەڵوەشاندۆتەوە و بەنادەستوری ئەژمار کردووە.

لە بواری چاودێریکردنی حکومەتیشدا پەرلەمانی کوردستان تا ئێستا نەیتوانیوە متمانە لە ھیچ کابینەیەکی حکومەت و وەزیرێک بسەنێتەوە ، لەگەڵ ئەوەشدا لە (2014)ەوە یاسای بودجەی دەرنەکردووە.

لەکاتێکدا بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان و یاسای ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستانی عێراق ژمارە(1)ی ساڵی 1992و بڕیاری ژمارە (1)ی ساڵی 2005ی پەرلەمانی کوردستان، پەرلەمانی کوردستان مەرجەعی سیاسی و یاساییە لە ھەرێمی کوردستان، بڕیاردەرە لەسەر پرسە چارەنووسسازەکانی گەلی کوردستانی عێراق، بەڵام ئەوەی تێبینی دەکەین لە ھیچ پرسێکی چارەنووسساز و کێشەیەکی ھەستیاردا نە پرسی پێکراوە نە ڕۆڵی کارا و ھەڵوێستی یەکلاکەرەوەی گێڕاوە ، بۆ نموونە : 

1- دانانی دەستوری ھەرێمی کوردستان.
2- پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان ، ئەوەی جێی سەرنجە تەنانەت نەیتوانی یاسا بۆ پرسێکی گرنگ و چارەنووسسازی وەک ریفراندۆم دەربکات ، تەنھا بە ڕاسپاردەیەک تێی پەڕاند.
3- ڕوداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر و لەدەستدانی 51% ی خاکی کوردستان.
4- نەھێشتنی گرفت و یەکلاکردنەوەی ناکۆکیەکانی نێوان حکومەتی ھەرێم و حکومەتی فیدراڵ.
5- چارەسەرکردنی گرفتە سیاسی و ئابووریەکانی ھەرێم و گەندەڵی سیاسی ڕێکخراو.

لەکاتێکدا پەرلەمانتار نوێنەری گەلی کوردستانە و دەبێت خۆی تەرخان کردبێت بۆ کاری پەرلەمانتاری، لە ڕێکەوتی سوێند خواردنیەوە گشت مافەکانی ئەندامێتی پێدەدرێت و لەبەرامبەردا ھەموو ئەرکەکانی ئەندامێتی دەکەوێتە ئەستۆ، بەڵام بە ئاشکرا ئەندامی پەرلەمان ھەیە لە میدیاکانەوە ڕایگەیاندووە کە " پەرلەمانتاری ئیشی من نییە ، وەزیفەی من نییە ..." ، جگە لە ئەنجامدانی کاری بازرگانی یاخود تەواو کردنی خوێندنی باڵا ...هتد، تا ئەو ڕادەیەی ناڕەزایەتی لە ناو خودی پەرلەمانتارانەوە بەرز بێتەوە لەسەر ناکارایی پەرلەمان و بەتایبەت دەستەی سەرۆکایەتیەکەی و داوایان لێبکرێت " واز لەم بێڕێزیکردنە بھێنن بە پەرلەمان و پەرلەمانتاران " ، یاخود پەرلەمانتار ھەیە بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە " گەر پەرلەمان ئەوەیە کە من ئێستا دەیبینم نەبوونی باشترە لە ھەبوونی" .