Ywsf-mohammed.jpg

نزیک بونەوە لە بڕیاری کۆتایی

May 24, 2023  |   بیروڕا 

د. یوسف محەمەد سادق
ئەمڕۆ ٢٤/ ٥/ ٢٠٢٣ دادگای باڵای فیدڕاڵی ھەشتەمین دانیشتنی خۆی سەبارەت بە دۆسیەی داواکەمان (٢٤٨/ فیدڕاڵی/ ٢٠٢٢) و، داوا ھاوشێوەکانی سەبارەت بە نادەستوری بونی درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمانی کوردستان، ئەنجام دا.
پێشتر لە ٣/ ٥/ ٢٠٢٣ دادگاکە بڕیاری دا کە کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق وەک کەسی سێیەم بھێنێتە ناو دۆسییەی دادبینییەکەوە بۆ زانینی رۆڵ و توانایان بۆ ئەنجام دانی پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم، چونکە بەندە لە ١٥/ ١/ ٢٠٢٣ لە دوەم دانیشتنی دادبینیی دۆسیەکە، لە تیانوسێکدا داوام لە دادگا کرد کە بەھۆی ناکارا بونی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم، بڕیار بدات ھەڵبژاردنەکانی داھاتوی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بەڕێوەبچێت.
کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە نوسراوی ژمارە (خ/ ٢٣/ ٤٨٦) لە (٢٢/ ٥/ ٢٠٢٣) وەڵامی دادگای باڵای فیدڕاڵییان داوەتەوە و ئەمڕۆش نوێنەریان لە دادبینییەکە ئامادە بو. کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە وەڵامی دادگای فیدڕاڵی، ئەوەیان دوپات کردەوە کە ئەوان بەپێی یاساکەیان ئەتوانن پێڕەو و رێنمایی بۆ ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم دابنێن و سەرپەرشتیی بکەن و رێکی بخەن. ھەر بۆیەش دادگا بڕیاریدا کە نوسراوەکەیان وەربگرێ و بەشدارییان لە دۆسییەکە کۆتایی پێبھێنێت و، کۆتایی بە دادبینی بھێنێتەوە و رۆژی ٣٠/ ٥/ ٢٠٢٣ دابنێ بۆ راگەیاندنی بڕیارەکەی سەبارەت بە کۆی دۆسییەکە.
ھەڵبەت لە دانیشتنی ئەمڕۆدا سەرۆکی دادگا ئاماژەی بە دو داواکاریی «سەرۆکی پەرلەمان» وەک (داوا لەسەر کراو) کرد، کە یەکێکیانی پەسەند کرد و دوھەمیانی رەد کردەوە.
دۆسییەی درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی «پەرلەمانی کوردستان» لە بەردەم دادگای باڵای فیدڕاڵی بەرەو کۆتایی ئەچێ و پێشبینی ئەکەین ھەفتەی داھاتو بڕیاری کۆتایی لەسەر بدرێ ئەگەر ھیچ روداوێکی لەناکاو نەیەتە پێشەوە. ھیوادارین ئەوە ببێتە خاڵی کۆتایی ھەر درێژکردنەوەیەک لە کوردستان کە لە ٢٠٠٩وە بێ پەروا دژی وەستاوینەتەوە. پرسیاری جەوھەری ئەوەیە کە داخۆ کەی لە ھەرێمی کوردستان کۆتایی بە بێ دادی، پێشێل کردنی یاسا، باڵایی حیزب و خێزان و کەسە دەستڕۆشتوەکان بەسەر دامەزراوەکانی ھەرێم دێت!؟
لەو بڕوایە داین کە بە ھەوڵ و ئیرادەی بێ وچانی بەکۆمەڵی ھەمومان، ئەتوانین حوکم و دەسەڵاتێکی زۆر باشتر لەم دەسەڵاتە دیفاکتۆ شکستخواردوانەی ئێستا، بونیاد بنێین.