shayanaskari.jpg

دامەزراوەیەک ھەبوو پێی دەگوترا، پەرلەمانی کوردستان!!!

May 1, 2023  |   بیروڕا 
دەستتان خۆش کۆمەڵی دادگەری بۆ بڕیاری دەست لە کارکێشانەوەتان لە پەرلەمانی کوردستان و حکومەتە خۆجێییەکان.
دوای ئەوەی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٠٢٢/١٠/٩ بە نایاسایی، لە ڕێی پێشنیازە یاسایەکەوە تەمەنی خۆی درێژ کردەوە، دەستم لە ئەرکی پەرلەمانتاری کێشایەوە و خانەنشینی پەرلەمانم ڕەت کردەوە و گەڕامەوە سەر کاری پزیشکی بە مووچەی پزیشکی.
لە ٢٠٢٣/٣/١ کۆی فراکسیۆنی یەکگرتوو و دوو پەرلەمانتاری بەڕێزی تر دەستییان لە پەرلەمانی کوردستان کێشایەوە.
ئەمڕۆش کۆمەڵی دادگەری بڕیارە دروستەکەی داوە و کۆی فراکسیۆنەکەی دەست دەکێشێتەوە لە پەرلەمانی کوردستان.
گەر ئەوە شکستھێنانی پەرلەمانی کوردستان نەبێت، چ پێناسەیەکی دیکەی ھەیە!!؟؟
لە تەواوی خولەکانی ڕابردوو ئەو ژمارە زۆرەی پەرلەمانتاران (١٥پەرلەمانتار )دەستییان لە پەرلەمانی کوردستان نەکێشاوەتەوە، ئەمەش کاردانەوە و ھەڵوێستێکی زۆر گرنگە بە ھۆی کارێکی ھەڵە و نایاسایی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کە دەستەمۆی دوو حزبی دەسەڵاتدار و گەندەڵن ، و لە ژێر فشاری حزب یاسا ی نایاساییان پەسند کردووە دژی ویستی میللەت و بەرژەوەندی خەڵک.
سوپاس کۆمەڵی دادگەری، لەدۆخێکی سیاسی چەقبەستووی دروستکراوی یەکێتی و پارتی، لەو نائومێدییە سیاسییە، لە وجودی ئۆپۆزسیۆنێکی ساختە و فریودەری خەڵک، ئەو بڕیارەتان دا.
ھەر فراکسیۆنێکی تر گەر بە ڕاستی خەمی خەڵکییەتی، پێویستە دەست لە پەرلەمان بکێشێتەوە نەک ئەندامی نوێ بنێرێ بۆ سوێند خواردن لە دامەرزراوەیەکی ماوەبەسەرچوو، ( سوێند خواردنەکە خۆی لە خۆیا شەرعیەت دانە بەو دامەزراوە ماوە بەسەرچووە), ئیتر ھێنانەوەی بیانوو بۆ نەچوون بۆ دانیشتنەکانی پەرلەمان، ھیچ سەنگی نیە.