raberseydibrahim.jpg

بە خێرایی سوێندم خوارد تا ببم بە ئەندامی پەرلەمان!!

Apr 12, 2023  |   بیروڕا 

 

راهی رەهبەر

ماوەیەکە ناونیشان و ئەرکی جێگری سەرۆکی حکومەت هاتۆتە بەر باس. دیارە، زۆر کەس و لایەن دەیانەوێت، پێگەی ماڵی (مام) و هەڵوێستەکانی (هەڤاڵ قوباد) لە ژێر چەتری بابەت و پەرچەکرداری لاوەکی بچووك بکەنەوە. کە لە ڕاستییدا هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ پێکانی یەك ئامانج، ئەویش ئەو هەوڵە لە مێژینەیە بۆ بێ-سەنگکردن و خستنی ماڵ و کوڕانی (مام)-ە، ئیدی بە هەر ڕێگا و شێوازێک بێت. 
بۆ مێژوو پێم باش بوو لەم کات و ساتەدا، هەندێک ڕاستی دەربخەم سەبارەت بە (هەڤاڵ قوبادی-مام) و چۆنیەتی وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆك حکومەت و هۆکاری هەوڵدان بۆی.
دەستپێک؛-
ساڵی (٢٠١٨) دۆخی ناوخۆی (یەکێتی) گەیشتبووە ئاستێک کە ناکۆکییەکان لە بیروباوەڕ و فکری حزبییەوە ببوو بە ناکۆکی کەسی. لەو دۆخەدا، (هەڤاڵ قوبادی-مام) کرا بە سەرۆکی لیستی (یەکێتی) بۆ هەڵبژاردن و بە فرسەت زانرا لە پێگەی بدەن. خۆی سەرۆکی لیست سەرکردەیەکی دیکە بوو بەڵام بەهۆی ئەو ناکۆکییە بێسودە، گۆڕدرا. دیارە، چارەنووسی (یەکێتی) لە هەڵبژاردن پەیوەست بوو بە هەمووانەوە، بۆیە تا ڕادەیەک یار و نەیار ناچاربوون کار بۆ لیستەکە بکەن.
بەندەش لەو سەروبەندەدا کاندید بووم، کە ڕۆژی هەڵبژاردن هات لە (٣٠\٩\٢٠١٨)، لە دەرەوەی شاری باوباپیرانم و ناوچەی خەباتکردنی بنەماڵەکەم دەنگم زیاتر هێنابوو، کە سەرمان لێ سوڕما بوو، بەڵام دیار بوو هەموی دەگەڕایەوە بۆ ئەو ناکۆکی کەسی بێ-بنەمایەی ناو (یەکێتی). چەند ڕۆژێک دوای ئەوەش، جەنابی (کاک کۆسرەت) و جەنابی (کاک مەلا بەختیار)، پیرۆزباییان لێکردین بەبۆنەی دەرچوونمانەوە. بەڵام کاتێک کە ئەنجام ڕاگەیاندرا، ناوی منی تێدا نەبوو، دوبارە سەرمان سوڕما. 
بووم بە یەدەگی یەکەم. بێ ئەوەی هۆکارەکەی بزانم. 
رونبونەوەی پیلانە سیاسییەکە؛-
دواتر هۆکارەکە بۆمان روون بۆوە. پیلانێک هەبوو لە ناو (یەکێتی)، لە دژی (هەڤاڵ قوبادی-مام) بۆ ئەوەی نەبێتەوە بە جێگری سەرۆکی حکومەت و بکرێت بە سەرۆکی پەرلەمان. ئێمەش بە حکومی ئەوەی ماڵی (مام) بە ڕەمز و سمبوولی (یەکێتی) و یەکێک لە پێشڕەوانی هەرە لە پێشینەی مێژووی کورد دەزانین، لێمان ڕادەبینرا هاوکار بین و لە شوێنی (هەڤاڵ قوبادی-مام) سوێند بخۆین. پیلانەکە شکست پێ بهێنین و ئیتر لە رووی یاساییەوە بوونی بە سەرۆکی پەرلەمان لەبار بخرێت. 
برادەرانی دژ بە (هەڤاڵ قوبادی-مام) لە ناو (یەکێتی) زەمینەسازییان کردبوو بۆ ئەوەی ڕایەکی وا دروست بکەن لە ناو جەماوەر کە (هەڤاڵ قوباد) بووە بە (پارتی) و کار بۆ ئەو لایەنە دەکات لە ناو حکومەت. هەربۆیە نابێت ئەو پۆستە وەربگرێتەوە. بە بیانوی ئەو پاساوە، دوو کاندیدی بەهێز هەبوون لە ناو (یەکێتی) بەرامبەر بە (هەڤاڵ قوبادی-مام) بۆ جێگری سەرۆکی کابینەی (٩). لە ڕاستییدا، بۆ خستنی لە دەسەڵات بوو. 
هەڵبەت، وتەکانی ئەوکاتەی (کاك فازل میرانی) لە مانگی یەکی (٢٠١٩)دا زۆر هاوکاری ئەو زەمینەسازییە بوو کاتێک کە وتی (قوباد تاڵەبانی نیوەی هی یەكێتیە و نیوەشی هی پارتییە). دژەکان ئەوکاتەی ناو (یەکێتی) ئەوەیان قۆستەوە دەیان وت (پارتی) خۆی وا دەڵێت خۆ ئێمە نەمانوتوە!! هەربۆیە (هەڤاڵ قوبادی-مام) وەڵامی دایەوە وتی:
“بەندە کەسێکی کوردستانیم و کوڕی رابەر و دامەزرێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان مام جەلال تاڵەبانیم ‌و نیوەم ھی ھیچ حزبێکی تر نییە و موڵکی کەسیتر نیم، تەنھا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیم‌ و ھەرگیز نە پارتی بووم‌ و نە دەبم. چوار ساڵی ڕابردووی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لەسۆنگەی پەرۆشی و دڵسۆزی بووە. بۆیە ھیچ شیاو نییە خراپ کەڵکی لێوەربگیرێت و بەلاڕێدا ببرێت و ھەوڵ بدرێت بۆ ئامانجی تر بەکاربھێنرێت”. 
ڕۆژی شوێنگرتنەوە و لە باربردنی پیلان؛-
ڕۆژی (١٨\٢\٢٠١٩) دیاریکرا کە لە شوێنی (هەڤاڵ قوبادی-مام) سوێند بخۆم، ئیتر بوونی بە سەرۆک پەرلەمان لەبار ببرێت. ئەوەبوو فراکسیۆنی (یەکێتی) بایکۆتی کرد لەسەر بڕیاری (مەکتەبی سیاسی). منیش پابەند بووم. دواتر، ڕۆژی (١٢\٣\٢٠١٩) دیاری کرا بۆ دانیشتنی پەرلەمان بەڵام ئەمجارە بەرنامەی کار، سوێند خواردنی تێدا نەبوو. مافی ئەندامێتیم دوای ئەوە بواری وای نەدامە. هەر چۆنێک بێت بڕگەیەک زیاد کرا بۆ بەرنامەی کار کە بریتی بوو لە سوێندخواردنەکە، ئەوەش بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەکرێت (٢٤) کاتژمێر پێش کۆبوونەوە داوای لەو جۆرە بکرێت. دوای زیاد کردنی ئەو بڕگەیە فشارەکان زیاد بوو، منیش، بۆ ئەوەی دۆخەکە تێپەڕێت و کارەکە ئەنجام بدرێت، تەلەفۆنم کوژاندەوە و لە ماڵی برادەرێکم لە هەولێر مامەوە بۆ ئەوەی نەزانرێت لە کوێم.
ڕۆژی کۆبونەوەکە (فراکسیۆنی یەکێتی) دیسان بایکۆتی کرد، بەڵام ئەمجارە پابەند نەبووم. من هەر چوومە هۆڵی پەرلەمان بۆ سوێند خواردن. تەلەفونەکەم لەو کاتەدا هەڵکردەوە. زۆر نامە و پەیوەندی هاتبوو. نامەیەکی دەنگیم لە ئەندامێکی سەرکردایەتی بۆ هاتبوو کە دەڵێت برادەران بەدوامدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی سوێند نەخۆم و ئەمرە. 
بەڵام من تازە بێ فراکسیۆنەکەم لە هۆڵی پەرلەمان بووم، کاتێکم زانی کۆمەڵێک کەس دەرگای هۆڵیان کردەوە بانگی منیان کرد، منیش ناچار بووم، بچم. کە چووم وتیان ئەوە ئەمرمان بۆ هاتووە کە سوێند نەخۆی. منیش وتم بەسەرچاو بەس تەلەفونەکەم دەهێنم لە ژورەوەیە، چومەوە ژورەوە، ناویان هێنام و بە خێرایی سوێندم خوارد یەکسەر چومەوە دەرەوە، ئەو کۆمەڵەیە بێ ئاگا بوون لەوەێ سوێندم خواردووە و دەست خۆشیان لێ کردم کە پابەندی ئەمرەکە بووم. بەڵام کە چوینەوە ژووری فراکسیۆن بینییان کە سوێندم خواردوە. منیش بە نامە ئاگاداری (مەکتەبی سیاسی)م کردەوە کە تازە سوێندم خواردووە و وەڵامیان دامەوە کە کەواتە هەمو شتێک بە کۆتا هاتووە. 
ئەنجام:-
(قوبادی مام) ئەوها دەرفەتی وەرگرتنی پۆستی سەرۆک پەرلەمانی نەما و دواتر بۆوە بە جێگری سەرۆک، ئەوسا هەوڵی سرانەوەی دەدرا و هەوڵی لە خشتەی دەبرا، خۆشی دژە شەپۆل بوو، ئامادە نەبوو لەبەر تۆمەتی بوونی بە (پارتی) لە لایەن برادەرانی دژ، بکەوێتە سەنگەرەوە لە حکومەتی هەرێم و سنگ دەرپەرێنێت و بە جەماوەری بفرۆشێتەوە وەک ئێستا باوە لای سیاسییەکان. خۆڕاگری وا و هەبوونی خەسڵەتی لەو جۆرە، تەنها لە کەسە دڵسۆزەکان دێت. 
نهێنی نەکەوتنە سەنگەرەوە لە حکومەت و بێباک بوون بەرامبەر تۆمەتبارکردن و دژەکان، دەگەڕایەوە بۆ ئەو ڕۆحیەتە قوڵەی سەرکردایەتیکردن و ئەو بەرپرسیاریەتە کوردستانییەی کە بەرامبەر بە نیشتیمان و یەک-ئیدارەیی هەیبوو. باجدان لە پێناو نەکەوتنی کابینەی (٨) باشترین بەڵگەیە. هەر لەو پێناوەشدا هەوڵی مانەوەیدا وەک جێگری سەرۆکی حکومەت.
ئێستا ساڵانێک دواترە، (هەڤاڵ قوبادی-مام) نەک هەر وەک خۆی ما و (یەکێتی) ماوە، بەڵکو کشایەوە لە پێناو نادادی. (قوبادی-مام)، کوڕە دانبەخۆگرتوەکەی (مام)و پایە گرنگەکەی یەک-ئیدارەیی لە هەرێم کشاوەتەوە!
بمێنن بەخێر
تێبینی: دوای (٣) ساڵ کاری پەرلەمانی دەستم لە کار کێشایەوە لە پەرلەمان و حزب، قبوڵنەکرا، بەڵام بە ڕاشکاوی دەیڵێم ئەوەی منی ڕاگرتو تا ئێستا هێشتۆتەوە، بیر و بۆچونەکانی (هەڤاڵ قوباد)ە.