karwangezneyy.jpg

وەرگرتنی باج لە خاوەن کارەکان بە مەزەندە بووە بە دیاردەیەکی مەترسیدار…

Feb 21, 2023  |   بیروڕا 

کاروان گەزنەیی

 

(حکومەت داوا باجی ساڵانی ١٩٨٠ لە بەشێک لە خاوەن کارەکان دەکات)
کابینەی (٩) بەناوی ڕێکخستنەوەی باج، زۆرترین پارە لە خاوەن کارەکان وەردەگرێت، بەجۆرێک لە بەشێک لە کۆمپانیا و خاوەن کارەکان بە شێوەی مەزەندە، دوور لە هەموو یاسا و ڕێنماییەک، باج وەردەگرێت.
زۆرترین شێوازی باجی لەسەر هاووڵاتییان زیاد کردووە لە کابینەی (٩). بە دوو شێوە باج لە هاووڵاتییان وەردەگریێت: یەکەم، باجێک کە بەناوی خزمەتگوازارییەوە لە ڕێگەی کۆمپانیا تایبەتەکانەوە کە یان هی بەرپرسێکن یان بازرگانێک کە خاوەندارێتی هاوبەشیان هەیە لەگەڵ بەرپرسان؛ دووەم، باجێک کە حکومەت بە فەرمی وەریدەگرێت.
باج خراوەتە سەر کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک، زیادی کردنی پارەی کارەبا، باج لەسەر تابلۆی دوکان، باجی دەخل، باجی عەقار و دەیان جۆری دیکەی پارە وەرگرتن بە ناوی باج کۆکردنەوە- هەندێکیشیان بە ناوی خزمەتگوزاری لە ڕێگەی کەرتی تایبەتەوە.
لە ماوەکانی ڕابردوو داوایان لە بەشێک لە خاوەن کارەکانی ناوچەی پیشەسازی کردووە کە دەبێت باج بدەن بە حکومەت بە شێوەی مەزەندە کردن، ئەگەر سکاڵاش بکەن لەو باجەی بۆیان دیاری دەکرێت، دەبێت لە ساڵی (١٩٨٠)-ەوە باج بدەن؛ واتا پێی وتوون کە دەبێت باجی عەقار بدەن لە کاتێکدا زەوییەکەیان کرێییە و لە لایەن شارەوانییەوە بە شێوەی مساتەحە پێییان دراوە.
کۆمپانیا یان کارگە هەیە کە کاری نەکردووە بە درێژای چەند ساڵێک، کە ئێستە دەستی کردووەتەوە بە کارکردن، داوا دەکەن باجی هەموو ساڵەکان بدات. لە کاتێکدا لە هەموو دنیا هانی کارگەکان دەدرێت بۆ ئەوەی بەرهەمی خۆماڵی زیاد بکات، نەک زیاد کردنی باج و ناچارکردنییان بە داخستن و بەجێ هێشتن و گواسنتەوەی سەرماییەکانییان.
لە هەر شوێنێک باج وەردەگیرێت، حیکمەت تێیدا زیادکردنی خزمەتگوزاری و خزمەتی گشتییە، نەک دەوڵەمەند کردنی چەند بەرپرس و دەوڵەمەندترکردنی چەند بازرگانێک!
سەرجەم دۆسیەکانی باج وەرگرتنی ناڕەوامان- بەناو بەڵگە- ڕادەستی سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکومەتی هەرێم و لیژنەکانی پەرلەمان کردووە بۆ دۆزینەوە چارەسەر، بەڵام تا دێت دۆخەکە لەسەر هاووڵاتییان زەحممەتر دەکەن.
ئەمەی بە ناوی ڕێکخستنەوەی باجەوە وەردەگیرێت لەم کابینەیە، باج نیە بەڵکو سەرانەیە!