soranhemereh.jpg

بۆ کیژێک لە هوانەی سلێمانی پەلامار درا و چارەسەر چیە؟

Dec 31, 2022  |   بیروڕا 


سۆران حەمەڕەش


یەکێک لە پایە بنەڕەتیەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، دادوەری و  ئارامیە. لە سەرەتای مرۆڤایەتیەوە دەرک بە گرنگی ئەوانە کراوە و بۆ فەراهەمکردنی، یاسا هێنراوەتە کایەوە. هەر لەبەر ئەم گرنگیە بووە کە زیاتر لە چوار هەزار ساڵ لەمەوبەر سۆمەریەکان یاسایان نووسیوە و بناغەی شارستانیەتەکەیان پێ بەهێز کردووە. ئەو یاسا نووسینە بۆ مەبەستی ئەوە بووە کە کۆمەڵگەکەیان ڕێکبخرێت، ناکۆکیەکان چارەسەر بکرێت و مافەکان بپارێزرێن و بەوجۆرە کۆمەڵگەی داداوەری و ئارامی دروست بکەن. هەر ئەو کاتە بە ڕوونی یاساکان دەڵێن، ئەگەر کەسێک چاوی کەسێکی کوێر کرد، دەبێت سزاکەی بدات. بۆ ئەوەی سزاکە کۆتایی بە کێشەکە بهێنێت و لەوێدا کێشەکە پەرە نەستێنێت و کۆمەڵگە لە ئارامی و ئاسایشدا بێت و تاکەکان هەست بکەن کە مافیان پارێزراوە. لەبەر ئەوە هەمیشە ئەو کۆمەڵگەیانەی کە یاسا تێیاندا سەروەرە، کۆمەڵگەیەکی ئارامن و کەمتر کێشە تییاندا ڕوودەدات. 

جا لە دوێنیوە کێشەی پەلاماردانی ئەو کیژە لە هوانەی سلێمانی، سۆشیال میدیای تەنیوە. تاکەکان بەپێی بیروبۆچوون و ئایدۆلۆجیای خۆیان، هەر یەکە و خەتاکە دەخاتە ملی لایەنێک و کێشەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ بابەتێک. زۆربەی جار ئەگەر سەیری ڕوانگەی هەر یەک لەو کەسانە بکەین بۆ کێشەکە، ئەوا بە ڕوونی دەبینین کە پەیوەستن بەو ئایدۆلۆجیایەی کە بڕوایان پێیەتی. یەکێک دەڵێت ئەو کچە بۆ چووتە ناو ئەو کوڕانەوە و یەکێکی تر دەڵێت ئەوە پەروەردەی داعشیی باشورە. جا لەم قەرەباڵغی و کێشمەکێشی علمانی و ئیسلامیەدا کێ ڕاست دەکات؟

وەڵامەکەی ڕوونە، یاسا ڕاست دەکات. ئەو یاسایەی کە زیاتر لە چوار هەزار ساڵ لەمەوبەر نووسرا، لە بنەڕەتدا بۆ ئەو مەبەستە بووە. بۆ ئەوەی کەسەکان بەپێی بۆچوونی خۆیان کێشەکان یەکلایی نەکەنەوە. بەڵکو یاسایەک دابنرێن کە هەمووان، سەرەڕای جیاوازی بیروبۆچوونیان، پەنای بۆ بەرن وکۆمەڵگە لە شەڕو ئاژاوە و ناکۆکی بەدوور بێت. لە ناو ئەم قەرەباڵغیەدا تەنها پیاوێك (هێندەی من ئاگادار بم) چارەسەرە لۆجیکیەکەی خستە بەردەممان، ئەویش حاکم شێخ لەتیف بوو. ئەو بەڕێزە، وەک کەسێکی یاسایی، بەم شێوەیە ئاماژە بەو کێشەیە دەکات:
"بەگوێرەی مادەی ٤٠٢ لە یاسای سزادان کە دەڵێ سزادەدرێ بە سزایەک کە زیاتر نەبێ لە سێ مانگ زیندنی ھەرکەسێک بە قسە بێ یان کردەوە یان بە ئاماژە دەست درێژی بکاتە سەر مێینەیەک لە شوێنی گشتیدا ، وە لە تاوانەکانی مادەی ٣ ی یاسای بنەما دادگەریە سزاییەکان نیە وەک ئەوەی لە رونکردنەوەی پۆلیسدا ھاتوە ، بەلکوو تاوانی مافی گشتیەو ، ئەوانە دەستدرێژیان کردوە تەنھا دەست درێژیان نەکردۆتە سەر ئەو کیژە بەلکو دەستدرێژیان کردۆتە سەر ئاسایشی گشتی کۆمەڵگا و نیزامی گشتی پێویستی بەسکالا نیە و پێویستە لەسەر پۆلیس و دەزگاکانی لێکۆلینەوە، لێکۆلینەوە لەگەڵ ھەموو ئەوانە بکەن کە ئەو تاوانەیان ئەنجامداوە."

وەک بینیمان، گەر کۆمەڵگە بدرێتە دەست حوکمی تاکەکان، ئەوا ئایدۆلۆجیاکانمان ئاڕاستەی حوکمدانمان بەسەر ڕووداوەکاندا دەکەن و بەپێی ئەوە یەکلایی دەکەینەوە. بەڵام گەر بدرێتە دەست یاسا، ئەوا لە دەرەوەی ئەو ڕوانگە شەخسیەی خۆماندا کێشەکان چارەسەر دەکرێت. جا یاساکان بۆ لە باشوردا پشتگوێ خراون؟

ڕاستەیەکەی لەگەڵ زیادبوونی کاریگەری سۆشیال میدیا لە جیهان و بە تایبەت لە کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتیەکاندا، بەرپرسەکان دەرکیان بە کاریگەری ئەو ئامرازە بەهێزە کردووە، بۆیە بە هەموو شێوەیەک سوودی لێدەبینن بۆ بەهێزکردنی پێگەیان. بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتدا کە ئەمرۆ بە گشتی یاسا و حوکمڕانی بناغەی پتەوی نیە، دەرفەتێکی زۆر هەیە بۆ ئەمانە بۆ خۆ دەرخستنیان. بۆیە زۆر جار دەیانبینیت لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، لە سەر "بودجەی خۆیان" وەک ئەوەی کە خێر بە میللەت بکەن، هاوکاری نەخۆشخانە دەکەن، یان بە بڕیاری خۆیان، وەک ئەوەی کە خۆیان یاسا و دەوڵەت بن، شوێنێک دەکەنەوە یان دادەخەن. بەرپرسەکان لە دەرەوەی یاسا و بە مەزاجی خۆیان و بۆ بەدەستهێنانی دەسکەوتی شەخسی، دەیانەوێت ببنە شوێنگرەوەی یاسا و لە دەرەوەی یاسادا کارەکانیان ئەنجام بدەن. زۆر جار بەرپرس کەسێک دەکوژێت، لە دەرەوەی یاسادا پارتێکی سیاسی ب ەنەریتی عەشایەری چارەسەری بۆ دەکات. بەو جۆرە بە بەردەوامی بەرپرسانی باشور یاسا دەخەنە ژێر پێیانە و ڕۆژانە هەزاران حاڵەتی لەو شێوەیە بەدی دەکرێت. مەترسیەکە ئا لێرەوە دەست پێدەکات کە لەبری یاسا مەزاجی بەرپرس و بیروبڕوای کەسەکان ببێتە یاسا و بناغەی ڕێکخستنی کۆمەڵگە. 

جا هۆکاری ئەوەی کە ئەو گەنجانەی بەو جۆرە ڕەفتاریان کرد لە هوانە، بەشی گەورەی پەیوەستە بەوەی کە سزایەکی یاسایی لە بەرچاویاندا نیە کە لێی بترسن. یاسا لە باشوردا سەروەر نیە و پۆلیس خۆی کە پارێزەری یاسایە، لێی ئاگادار نیە. بۆیە دەڵێت "کەس سکاڵای نەکردووە". ئەوان ئاگاداری ئەوە نین کە وەک حاکم شێخ لەتیف ئاماژەی پێکردووە "ئەوە دەسترێژیکردنە سەر ئاسایشی گشتی کۆمەڵگە". دەبوو لە کۆبوونەوەیەکی وادا، پۆلیس کە پارێزەری یاسا و ئارامیە، لەوێدا ڕێگر بووایە لەو ڕووداوە ناشرینە، نەک چاوەڕوان  بکات یەکێک سکاڵا بکات. نەبوونی پۆلیس لە بۆنەی وا گەورەدا، نەبوونی سەپێنەری یاسایە و ڕێگەخۆشکردنە بۆ ڕووداوی لەو جۆرە. 

لە ڕاستیدا ئەو ئارامیەی کە لە ئەوروپا بەدی دەکرێت ئەوە ئاکامی چاکی تاکەکانی نیە، بەڵکو بەهۆی باڵادەستکردنی یاساکانە کە ڕێ لە هەموو جۆرە کارێک دەگرن کە ببنە مایەی نائارامی و نائاساییش. ڕووداوی کیژەکەی هوانە و چەندین کێشەی تر کە لە داهاتوودا ڕوودەدەن، هۆکاری زۆریان لە پشتەوەیە و دەشێت دەیان لێکۆڵینەوەیان لەسەر بنووسرێت و تەنها لە ڕێگای لێکۆڵینەوەی زانستیەوە ، لە دەرەوەی بۆچوونی سەرپێیی شەخسی خۆماندا، دەتوانرێت لە هۆکارەکانیان تێبگەین و بڕیار لەسەر چارەسەری درێژخایەن بدەین. بەڵام پێش هەمووشتێک ئەو ڕووداوە تێکدانی نائارامی کۆمەڵگەیە و لە بنەڕەتدا یاسا چوار هەزار ساڵ لەمەوبەر بۆ ئەوە هاتۆتە کایەوە کە ئارامی و ئاساییش دەستەبەر بکات. لەبەر ئەوە ئەگەر بۆ هەموو کێشەکانمان سەرەتا پەنا بۆ یاسا و پتەوکردنی نەبەین، ئەوا ئێمە لە داهاتوودا ڕێگەخۆشکەر دەبین بۆ دەرکەوتنی ڕووداوی هاوشێوە و هەنگاو بەرەو پاشاگەردانی تەواو و ئەوپەڕی ناشارستانیەت دەنێین. 
نووسینی سۆران حەمەڕەش

تێبینی: ئەم وتارە هەموو خوێنەرێک و ماڵپەڕێک بۆی هەیە شەیری بکات و بڵاوی بکاتەوە بەو مەرجەی هیچ دەستکاریەکی ناونیشانی نووسینەکە و وێنەکە و ناوی نووسەرەکەی نەکرێت.