karwan.jpg

دوای دۆڕاندنی دۆسیەکە لە دادگا، هێشتا بەردەوامن!

Dec 11, 2022  |   بیروڕا 

کاروان گەزنەیی 

 

بەم شێوەیە دەرمان گرانتر دەبێت...
وەزارەتی تەندروستی بڕیاری دادگا جێبەجێ ناکات
لە ڕێکەوتی (١٣-١٢-٢٠٢١) بە بڕیاری دادگا و بە نوسراوی ژمارە (٥٩٨)، پاڵپشت بە ماددەی (٧) لە یاسای داواکاری گشتی ژمارە (١٥٩)ی ساڵی (١٩٧٩)ی هەموارکراو، بڕیاری نایاسایی تەندەرەینگی ستیکەری دەرمان وەستێندراوە و گشتاندنی بۆکراوە بۆ وەزارەتی تەندروستی، کە پێشتر دابوومان بە داواکاری گشتی بەهۆی قۆرخکردن و بە گراندانی بە کۆمپانیایەکی حزبی!
بەڵام وەزارەتی تەندروستی پابەندی بڕیاری دادگا نابێت، و جارێکی دیکە بەبێ پڕۆسەی تەندەرینگ دەیداتەوە بە کۆمپانیایەک، کە ئەمەش نرخی دەرمان زۆر زیاد دەکات.
سەرباری دۆڕاندنی دۆسیەکە لە دادگا، بەڵام وەزارەتی تەندروستی دووبارە و بە نایاسایی و بەنوسراوی ژمارە (١\١\٦٠٦٣) و لە ڕێکەوتی (٢٨-١١-٢٠٢٢) بە شێوەی ڕستەوخۆ داویەتی بە کۆمپانیایەکی دیکە، کە سەرلەبەری نایاساییە.
ئەم نایاسایی بوونە ڕاستەوخۆ نرخی دەرمان لەسەر هاووڵاتییان زیاد دەکات، و وا دەکات کە نرخی دەرمان زۆر بەرز ببێتەوە؛ ئەمەش بە ئاگاداری وەزیری تەندروستی و بەڕێوبەری کوالێتی کۆنتڕۆڵ لە بەرژەوەندی کۆمپانیایەک کراوە!!!
چارەسەری ئەم بابەتە تەنها دوو ڕێگەیە:
یەکەم: نرخی دەرمان یەکبخرێت، بەڵام بەمەرجێک نەک هەر بۆ نۆڕینگە پزیشکییەکان، بەڵکو بۆ کۆمپانیاکانیش تا خەڵک بە کەمترین نرخ دەرمانی دەستبکەوێت.
دووەم: دەستهەڵگرتنی سیاسییەکان لەم دۆسییە و وەرگرتنی ڕێڕەوی یاسای لە تەندەرینگ بۆ هێنانی دەرمان و پێدانی سیتکەر و پابەند بوون بە بڕیاری دادگا!
تێبینی:
لە ماوەکانی ڕابردوو، بە ڕوونتری لە (١٩-١١-٢٠٢١)، لە ڕاگەیێندراوێکدا بۆ ڕای گشتی کوردستان باسمان لەوە کرد کە نرخی دەرمان گران دەبێت. پێشتر هەموو ڕێکارە پەرلەمانییەکانمان گرتبووە بەر، و دواتر وەکو مافی گشتی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان داوکاری گشتیمان ئاگادار کردووە. سەرباری ئەوەی کە ئەو کات دنیایەک تەشهیریان پێکردین و باسیان لەوە کردن ئێمە ڕای گشتی چەواشە دەکەین، دۆسیەکە لە دادگا لە بەرژەوەندی خەڵک یەکلا کرایەوە، بەڵام هێشتا وەزارەتی تەندروستی کار بە بڕیاری دادگا ناکات؛ بەڵام دڵنیابن بێدەنگ نابین و دۆسیەکە دەبەینەوە دادگا.