dr.yusfmhemed.jpg

دەرفەت لە دەست مەدە، بڕۆ دەنگ بدە

Oct 15, 2024  |   بیروڕا 

د. یوسف محەمەد

 

ھاونیشتیمانیی ئەزیز، دەنگدان ھەم مافە و ھەم ئەرک، تۆ مافی ئەوەت بەدەستھێناوە کە نوێنەر و دەسەڵاتدارانی خۆت ھەڵبژێریت و بیانگۆڕیت، لە ھەمان کاتدا ئەرکی ئەوەشت لەسەرشانە کە لە نێوان بژاردە جیاوازەکان دا ئەوانە ھەڵبژێریت کە بڕوات وایە ھەم وڵات بەرەوپێشەوە ئەبەن، ھەم نوێنەرایەتییەکی راستەقینەی تۆ و بەرژەوەندییەکانی ھاونیشتیمانیانت ئەکەن. وڵات بە بۆڵەبۆڵ و کۆمێنتی سۆشیال میدیا ناگۆڕێت، بە بەشداریی کارا لە پڕۆسەی سیاسی بە ھەڵبژاردن و ناڕەزایی و خۆپیشاندان و فشار ئەگۆڕێت.  ئەزانم گزی و ساختەکاری لە ھەڵبژاردنەکان متمانەتانی بە ھەڵبژاردن لاواز کردوە و ھێشتاش ھەر گومانی ساختەکاری و فشار و دەنگ کڕین ماوە، بەڵام ھەمومان ھەم ئەرکمانە کە دەنگ بدەین و ھەمیش فشار بکەین بۆ کۆتایی ھاتنی گزیکاری و گۆڕینی دەرەنجامەکانی ھەڵبژاردن. ئەزانم زۆرینە بڕوایان بە چاکسازی لەم شێوازە حوکمڕانییەی ھەرێم نەماوە بە خۆشمەوە «لەو بارەیەوە ساڵی رابردو وتارێکمان نوسی»، بەڵام رێگای ھێنانەکایەی گۆڕانکاری رێی یەک و دو رۆژ نییە و لە ھەمان کاتدا فرە چەشن و ئامڕازە و، ھەڵبژاردنیش یەکێکە لە سەرەکی ترین رێگاکانی ھێنانەکایەی گۆڕانکاری.  بەداخەوە لیست و کاندیدە ئۆپۆزسیۆنەکان سەرەڕای ھەوڵێکی چەند ساڵەی زۆر ئێستا لەھەر کات پەرتترن، بەڵام با بەدیوێکی تردا زۆریی لیست و کاندیدە ئۆپۆزسیۆنەکان وەک دەرفەتی بونی بژاردەی جیاواز ببینین و لەنێوان ئەم بژاردانە ئەوەی دڵخوازمانە ھەڵیبژێرین. ئومێدەوارین پاش ھەڵبژاردن لیست و کاندیدە ئۆپۆزسیۆنەکان پابەندی بەڵێنەکانیان بن و، لەبری دابەش بون بەسەر بەرەکانی دەسەڵات لەدەوری یەک کۆببنەوە و بەرەیەکی بەھێز دروست بکەن.  دوای ھات و ھاوار و قسەی زۆر و بێکردار مەکەوە، بەدوای پسپۆڕی و شارەزاییدا بگەڕێ، تەنھا دەنگ بە لیست مەدە بەڵکو کەمێک خۆت ماندو بکە و لەناو کاندیدی لیستەکان و بەشێک لەکاندیدە سەربەخۆکانیش  بەدوای کەسایەتیی پسپۆڕ و شارەزا بۆ لیژنە تایبەتمەندەکانی وەک لیژنەی یاسایی، پەروەردە و خوێندنی باڵا، ئابوری و دارایی، تەندرستی و ژینگە، شارەوانی و ئاوەدانکردنەوە، پێشمەرگە و ناوخۆ و ئاسایش، کشتوکاڵ و ئاودێری، پیشەسازی و... لیژنەکانی تردا بگەڕێ، ئەم چەند رۆژەی دوای کۆتایی ھاتنی ھاتوھاواری بانگەشە بقۆزەرەوە و بە ئارامی لەگەڵ خێزان و دۆستەکانت بە وردی بیر لە بژاردەکانی دەنگدانتان بکەنەوە.  کاندیدانی ژن فەرامۆش مەکەن و بەجێیان مەھێڵن بۆ چانسی کۆتا، بەڵکو بە دەنگەکانتان ژنە کارامە و شارەزاکان لە بوارە جیاوازەکان بنێرنە پەرلەمان.  پاش دەنگدانیش ئەو بەڵێنانەتان بیر نەچێ کە پێتان دراوە، ساڵێکی تر ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە بزانن کێ راستگۆ ئەبێ لەگەڵتان!؟  دوا قسە ئەوەیە کە راستە ھێشتا پڕۆسەکانی ھەڵبژاردنەکانمان بە تەواوی تەندروست نین، بەڵام دوای سەرکەوتنی داواکەمان لە دادگای فیدڕاڵی، سەبارەت بە درێژکردنەوەی پەرلەمان ئیتر ناتوانن ھەڵبژاردن دوا بخەن و دوبارەبونەوەی ھەڵبژاردن جار دوای جار پاکتر و تەندروستتری ئەکات و ھۆشیاریی دەنگدەریش زیاتر ئەکات.