karwan.jpg

کوردستان لە سایەی کابینەی (٩)دا…

Oct 27, 2022  |   بیروڕا 

کاروان گەزنەیی

 

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم پڕ کەموکورترین کابینە بووە، بەجۆرێک هاووڵاتییان لە خراپترین جۆری ژیانکردنن هەم لە ڕووی خزمەتگوزارییە گشییەکان و هەم لە ڕووی ئەمنیەتی تاک و گشتی.
کابینەی (٩) چەند داهێنانێکی ناوەزەی کرد:
یەکەم: کەمکردنەوە و بڕینی مووچە، بەدەر لە ڕێنمایی و یاسا بەرکارەکان. ئەمەش وایکرد کە هاووڵاتییان زیاتر لە (١٠) ملیار دۆلارییان بکەوێتە لای حکومەت، بە بێ ئەوەی هیچ بڕێکیان بۆ بگێڕدرێتەوە!
دووەم: کابینەی (٩) داهێنانی ناوازەی لە مەلەفی نەوتدا کرد؛ بە نمونە، بەوتەی سەرۆکی حکومەت داهاتی نەوت ٤١٪ دەمێنێتەوە، بەڵام بە گوێرەی دیللۆیت زیاتر لە ٤٣ ماوەتەوە، کە دەکاتە ٣،٩٦٤،٨١٥،٥٠٢ لە کۆی ٩ ملیار دۆلار. لە ڕاستیدا هیچ کام لە دوو ژمارەیە جێگەی باوەڕکردن نین. تەنانەت بە گوێرەی دیللۆیتیش بێت، حکومەت کاسبی بۆ کۆمپانیای کار و کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی نەوت دەکات.
تەنها کۆمپانیای کار و هاوبەشەکەی ٨٧٠،١٧٤،٣٦٥ ملیۆن دۆلاریان بردووە بۆ گواسنتەوەی نەوت، لە کاتێکدا کۆمپانیای وزەی تورکی کە دوو ئەوەندەی کولفەی گواستنەوەی لەسەرە، بڕی ٤٣٤،٤١٢،٥٥٢ ملیۆن دۆلاری بردووە!! واتا نیوەی پارەی کۆمپانیای کار! (ئەمە بۆ چەند مانگی ڕابردوو، و ئێستا خراپترە)!
سێیەم: بەدرێژای تەمەنی کابینە یەک لە دوا یەکەکانی حکومەتی هەرێم، ڕەوشی ئازادی و ڕۆژنامەوانی بەو ڕادەیە خراپ نەبووە؛ ئێستا لە سایەی ئەم کابینەیەزۆر جار کۆمێنتێک پێچەوانەی خواست و ئەقڵیەتی حکومەت، زیندانەکان چاوەڕوانی ڕۆژنامە نووس و چالاکوانان دەکەن؛ نم، کەیسی دەستگیرکراوانی بادینان!
چوارەم: لە سایەی عینادی و بڕیارە نا مەدروس و نا لۆجیکییەکانی ئەم کابینەیەوە، خەریکە چارەنووسی تەواو کوردستان و گەلی کوردستان دەکەوێتە مەترسییەوە؛ نم بڕیارەکەی دادگەی فێدڕاڵی.
پێنجەم: لە سایەی ئەم کابینەیەوە، هەموو سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بێئەرزش بوون، و وڵاتانی دراوسێ تەراتێن لە هەرێمی کوردستان دەکەن و سەدان خانەوادە لەسەر سنوورەکان دەربەدەر و ماڵوێران بوون؛ نم، هێنانی تورکیا و ئێران بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان- بەجۆرێک، کە دەزگا سیخوڕییەکان تەرارتێن لە ناو خاکی هەرێم دەکەن.
شەشەم: لە سایەی ئەم کابینەیە دزینی ماڵی گشتی، بەهەدەردانی ماڵی دەوڵەت، و قاچاخچی و دەرمانی بەسەرچو، و قاچاخچیێتی و تاڵان بڕین گەیشتووەتە لوتکە، بەڵام جگەلە دروشم و قسەی باق و بریق و بە دیراسەکراوی قەیران دروستکردن زیاتر کارێکی ئەرێنیمان نەبینی.
حەوتەم: دزین و تاڵانی خاڵە سنوورییەکان و داگیرکاری زەوی بە درێژایی حکومڕانی هەرگیز بەم شێوەیە وێنەی نەبووە: بستێک عەرز لە هەولێر نیە نەکرابێتە پڕۆژەی ئەم باڵ و ئەو باڵی ناو پارتی و بە سەدان دۆنم زەوییان تاپۆ نەکردبێت لەسەر خۆیان بە ناوی شوقە و یەکەی نیشتەجێبوون!
هەشتەم: بەهەدەردانی ماڵی گشتی لە ئاستێکە وێنەی نیە، بە جۆرێک کە بە گوێرەی ڕاپۆرتەکانی دەستەی دەستپاکی، تەنها لە ماوەی دوو ساڵدا، نزیک بە ٣٠٠ ملیار دینار پارە دیار نەماوە و بەهەدەر دراو.
نۆیەم: زیادکردنی باج بە شێوەی تەخمینی و گرانکردنی بازاڕ دوو لە کارە لە پێشینەکانی کابینەی (٩) بوون؛ ئەمانە سەرباری نەبوونی خزمەتگوزارییەکانی کارەبا و نەوت وبەنزین و ئاوی پاک بەگوێرەی پێویستی هاووڵاتییان.
دەیەم: زیادبوونی ڕۆتیناتی ئیداریی و دیاردەی بەرتیل و پارە خۆری و پیسخۆری، بوونەتە شێرپەنجە بۆ ئەم حکومەتە؛ ئەمانە و دەیان خاڵی دیکە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانی خەڵکەوە هەیە.
ئەمانە هەمووی دەرەنجامی عەقڵێکی خۆسەپێن و تاکڕەوییە لە هەرێم، کە ئێمە لە دەستپێکی ئەم خولەی پەرلەمان هۆشداریمان داوە لەهەمبەر ئەمە. ئەگەر ئێستا پێشی پێنەگیرێت، بە دوو دەیەیی دیکەش، کاریگەرییە نەرێنەییەکانی تەوانابن!