Dana.jpg

ھەڵە یاساییەکان لە پێشنیازە یاسای درێژکردنەوەکە

Oct 7, 2022  |   بیروڕا 

دانا دارا

١- وەک دەق و وەک فەلسەفەی قانونەکان درێژکردنەوە یاخود بەردەوامی تەمەنی دامەزراوەیەک کە شەرعیەتی لە دەنگی ھاوڵاتیانەوە وەرگرتوە ھەڵە و عەیبەیەکی یاساییە، ئەم پڕۆسەیە پێچەوانەی دەستوری عێڕاقی ساڵی ٢٠٠٥ و ماددەی (٥١)ی یاسای ژمارە (١)ی ساڵی ١٩٩٢ی ھەموار کراو و ماددەی (٦)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەڕلەمانی ساڵی ٢٠٢٠ە.

٢- پێشنیازە یاسای بەردەوام بون وەک یاسایەکی سەربەخۆ ھاتوە، لەکاتێکدا ھەمواری پرسێکی تایبەت بە پەڕلەمانی کردوە کە خۆی یاسای ھەیە، بۆیە دەبێت ھەمواری ھەشتەمی یاسای ژمارە یەک بێت نەک یاسایەکی سەربەخۆ.
٣- ناونیشانی یاساکە بەردەوامی وەرگرتوە کە باسی تەمەنی یاسایی تیانیە و ژمارە و ساڵی وەرنەگرتوە .

٤- بڕگەی یەکەم لە ماددەی (١) ئاماژەی بەبەردەوامی کردوە بۆ دوو خولی گرێدان، بەڵام نەیوتوە کە ئەم بەردەوامی (درێژکردنەوەیە) بۆ یەک جارە و ناکرێت دووبارە بکرێتەوە .

٥- بڕگەی دووەم لە ماددەی (١) نەیکردوە بە ئەرکی کێ ھەڵبژاردن بکات!

٦- ماددەی (٣) نوسراوە ئەم یاسایە لەڕۆژی پەسەندکردنیەوە لەلایەن پەڕلەمانەوە جێبەجێ دەکرێت !
ئەم دەقە ھەڵەی داڕشتنی یاساییە چونکە یاسا دوای پەسەند کردن بەرزدەکرێتەوە بۆ سەرۆکی ھەرێم بۆ دەرچواندنی پاشان بۆ نەشر کردن لە وەقائیعدا دەنێردرێت و ئینجا بە جێبەجێکراو ئەژمار دەکرێت نەک لەڕۆژی دەنگان لەسەری، بەدڵنیاییەوە ئەم دەستەواژەیە بە ئەنقەست نوسراوە .

٧- ھۆیەکانی دەرچواندن پشتی بە یاسا بەستوە کە یاسای ژمارە (٥١)، لەکاتێکدا ئەم پێشنیازە دەبوو ھەمواری ئەو یاسایە بێت نەک سەربەخۆ، ھەروەھا بنوسرێت ئەم بەردەوام کردنە بەھۆی حاڵەتی (ئستیحالە)یەک بوە کە ھەڵبژاردن نەکراوە، ھەروەھا بۆشایی یاسایی نەنوسرێت، بەڵکو بۆشایی دامەزراوەیی دەبێت .