adnan-osman.jpg

گاڵتەجاڕی دواخستنی هەڵبژاردن و درێژکردنەوەی پەرلەمان

Oct 1, 2022  |   بیروڕا 

عەدنان عوسمان

 


بەبێ هیچ هۆکارێکی باوەڕپێکراو، لە کوردستان هەڵبژاردن ئەنجام نادرێت، ئەوە گاڵتەجاڕی یەکەمە.
لە کوردستان، پەرلەمان کە دەبوایە بەهۆی بێتوانایی و ناکاراییەکەی زوتر دابخرایە، کەچی ماوەی خۆی درێژتر ئەکاتەوە، ئەوەش گاڵتەجاڕی دووەمە.
بە گوێرەی یاسا، دەبێ چوار ساڵ جارێک هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان بکرێت. ئەمە نە پێویستی بە کۆبونەوەی حزبەکان و نە بە ئیمزاو رەزامەندی ئەوان هەیە. ئەوە ئیشی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنە کە خاوەنی دەیەها بەڕێوەبەرایەتی و کارمەندە. حزبی سیاسی و بەرپرسە حزبیەکان بۆیان نیە لەم پرسەدا هیچ دەستێوەردانێک بکەن. هەر حزبێکیش ببێتە هۆکاری رێگەگرتن لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن ، ئەوا دەبێ بە گوێرەی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
لە ئێستادا هەم یاسای هەڵبژاردن هەیەو هەم کۆمسیۆنی هەڵبژاردن. گەر کێشەیەک لە هەردوکیاندا هەبێت ئەوا دەبوا لەم ماوە دورو درێژە چارەسەر بکرابایەن.
ئەی کەواتە کێشەکە لە چیدایە؟
بەڕای من لە دوو خاڵدا کورت ئەبێتەوە:
یەکەم: ئەم دوو حزبە قەت نە پەرلەمانیان لا گرنگ بوە نە دەنگی خەڵک و نە دامەزراوەی شەرعی. ئەوانە بەبەشێک لە زەخرەفەی دیموکراسی ئەزانن. بۆیە لایان ئاساییە بە مەزاج و ویست چۆنیان بوێت هەڵیسوڕێنن وەیا دوای خەن.
دووەم: پارتی هەرچەندە بە رەسمی داوای ئەنجامدانی ئەکات، بەڵام لە واقعدا باڵێکی بەهێزی ناو پارتی پێیان باشە ماوەی ئەم کابینەیەو ئەم پەرلەمانە لاوازە، تا ساڵێکی تریش درێژ بکرێتەوە. یەکێتیش کە هۆکاری سەرەکی دواخستنی هەڵبژاردنە، لە ئێستادا ترسێکی گەورەی هەیە لە رێژەی دەنگ و کورسیەکانی. لەوانەشە باشترین بەڵگەیەک بۆ ئەم جۆرە لە گاڵتەجاڕیە ئەوەبێت کە تا ئەم ساتەوەختە، یەکێتی کە لایەنی سەرەکی و رەسمی پەکخستنی هەڵبژاردنە، نە پێشنیازێکی هەیە، نە پرۆژەیەک و نە داوای هەموارێک! ئەوەی ئەیبیستین لەسەر مەسەلەی بازنەکان و کۆتاکان( کە لەوانەیە زۆربەمان لەسەر ئەوە هاوڕابین) جگە لە قسەی زارەکی هیچی تر نیە.
دواجار دەرکەوت بە گوێرەی نەخشەو سەفقەیەک کە دواتر رونتر ئەبێتەوە، ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن و درێژکردنەوەی نایاساییانەی ماوەی خولی پەرلەمان، بە رێکەوتنی هەردولایەو بۆ ئەجندەیەکی دیاریکراوە.