dr.isma3il-namiq.jpg

کێشانەوەى واژۆ، پوکانەوەى متمانە!

Aug 16, 2020  |   بیروڕا 

 د ئیسماعیل نامق

 

خوشکى پەرلەمانتار، براى پەرلەمانتار، کێشانەوەى واژۆ واتاى چى؟ کاتێک واژۆ لەسەر پێشنیازێکى یاسا دەکەیت، پێویستە بەتەواوى خوێندبێتەوە وراى فراکسیۆنەکەو حیزبەکەشت بزانى ئەوجا واژۆى بکەى، چونکە واژۆکردن لەسەر هەرنوسراوێک بەڵگەیە لەسەر ئەوەى کەسى خاوەن واژۆ بەناوەڕۆکى نووسراوەکە رازیە. بۆیە کاتێک دەڵێى واژۆکەم دەکێشمەوە، یان پرۆژەکەت نەخوێندۆتەوە وهەر لەخۆتەوە ئیمزات کردووە، کە ئەمە کارەساتە، یان خوێندوتەوە وواى لێ تێگەیشتووى کەباشە، دواتر بۆت دەرکەوتووە کە وانیە وتۆ لێى تێنەگەیشتووى یان خراپ لێى تێگەیشتووى، ئەگەر هۆکارى کێشانەوەى واژۆکەت ئەمە بێ کارەساتەکە گەورەتر دەبێت. یان ئەوەتا خوێندوتەوە وخۆت وفراکسیۆنەکەت وحیزبەکەشت پێى رازین، بەڵام لەژێر کاریگەریى فشارى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان جاڕ دەدەى کەواژۆکەت کێشاوەتەوە، کە ئەمە خۆى لەخۆیدا هەم کارەساتە ودوڕوویى وعەیبەیەکى گەورەشە، چونکە ناکرێت لەپەرلەمان شتێک بڵیى ولاى خەڵک شتێکى دیکە، ناکرێ لەگەڵ یەزید بجەنگیت وشین بۆ حوسێن بگێڕى یان بکەى، ناکرێ بە رۆژ شتێک بڵێى وبەشەو شتێکى دیکە. تۆ نوێنەرى! نوێنەر دەبێت راستگۆ بێت، راشکاو بێت، نەترسێت، بۆ بەرژەوەندى ئەو کەسانە کاربکات کەنوێنەرایەتیان دەکات. تۆ ئەگەر ئەوەندە ڕاڕا وترسنۆک وبێ ڕا بیت، دڵنیابە بەکەڵکى نوێنەرایەتیکردن نایەیت. پاشان کێشانەوەى واژۆ چى لەبابەتەکە ئەگۆڕى؟ ئایا پرۆژەکە ئەگەڕێنرێتەوە؟ نەخێر هیچ لەبابەتەکە ناگۆڕێ، چونکە پرۆژەکە رێڕەوى خۆى وەرگرتووە وخوێندنەوەى یەکەمى بۆ کراوە، ئێستا لەدەستى دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەماندایە، کەى ئەیخاتە بەرنامەى کارەوە؟ لەلیژنەکان ودانیشتنى دەنگ لەسەر داندا، پەرلەمانتار دەتوانێت دژى پرۆژەکە بوەستێت، بەرێ لێگرتن یان باشکردنى. کەواتە کێشانەوەى واژۆى پیشَکەشکردنى پێشنیازى یاسا لەم قۆناغەدا هیچ بەهایەکى یاسایى نیە وجگە لەموزایەدەیەکى رووکەش هیچى دیکە نیە!!
ئەگەر لەسەر بنەماى مەلاش هەڵە ئەکات کێشانەوەى ئەم واژۆیانەتان لێ قبوڵ بکرێ، ئەبێ ئەوەشتان لێ قبوڵ بکرێ کە دەست هەڵبڕین ودەنگدانتان بۆ هەندێک یاساى خراپ بکێشنەوە، ئەمەش نابێ چونکە فەوزا دروست ئەبێ، بۆیە شتێک نیە بەناوى کێشانەوەى واژۆ، وە بشزانن هێزى یاسایى نووسین وواژۆکردن لەهێزی یاسایى ووتن ودەست هەڵبڕین زیاتر وکاریگەرترە !!
کەواتە پێویستە لەو راستیە تێبگەن، ئێوە نوێنەرن، نوێنەریى یاساییش دەبێت وردتر وبەسەلیقەتر بێت، لەوکەسەى نوێنەرایەتى دەکات، بۆ راپەڕاندنى کارەکە، خۆئەگەر ئێوە بەرۆژ شتێک بڵێن وکە دنیا تاریک بوو لێى پەشیمان ببنەوە، ئەوا نەک بەکەڵکى نوێنەرایەتى کردن نایەن، بەڵکو پێویستتان بەوە دەبێت، هەر یەکەتان نوێنەرێکى هەبێت بۆ ئەوەى پارێزگارى لەبەرژەوەندییەکانى بکات وکارەکانى بۆ هەڵسوڕێنێ!!