Hemn.jpg

کردنەوەی دەرگای قوتابخانە و مشتێک، بۆ ئەوانەی مشتەری کاڵای پەروەردەیی مندالەکانیانن

Sep 9, 2022  |   بیروڕا 

هێمن عه‌بدولقادر

کاتێک دایک و باوک بەیانیان نان نادەن بەمندالەکانیان دەبێت بزانن مندالەکانیان لە گرفتێکی گەورەدان، چونکە توێژینەوە زانستیەکان پێمان دەڵێن ئەو منداڵانەی کە برسین ناتوانن فێربن.
دەزانم توشی کاردانەوەی توندوقورس دەبم لەلایەن هەندێک لە دایکان و باوکانی بەڕێزەوە، وەلێ ناچارم بیڵێم کە خواردنی قوتابخانە و باخچە و حانووت و پێدانی پارە لە بری ژەمی بەیانیان یان نیوەڕوان کارێکە کە لە ڕوی پەروەردییەوە تەندروست نییە.
تەنها بە تەماشاکردن و بێ هیچ توێژینەوەیەک دەتوانیت ئەم دیاردەیە بە ئاشکرا لەناو قوتابخانەکاندا هەست پێ بکەیت، نەک تەنها لە قوتابخانەکان ، بەڵکو لە ناو فەرمانگە و شوێنی کارکردنەکانیش هەر زەلامە و بە کۆڵێک شەهادە و بەرپرسیاری و جوانکاری و ئوتومبیلی گرانبەهاوە ، باوەشێک نان و سەتڵێک ماستی بەدەستەوەیە، ئەمە دەرەنجامی شکستی پەروەردەیی خێزان نیشان ئەدات
جا پاساوەکەی هەرچییەکە (کاتمان نیيە، نان ناخوات، درەنگ خەبەرمان بویەوە، فریا ناکەوین، لە خوێندنگا خواردنی خۆیان هەیە و ....هتد ) بەراستی عوزرێکە نەهێنانەوە و باسنەکردنی باشترە، چون هیچ دایک و باوکێکی کوکوختی و چۆلەکە لێناگەڕێن بەیانیان بێچوەکانیان بێ ژەمێکی گەرم و فرێش ڕۆژ بکەنەوە، ئەوا دیاردەی (قەڵەوی) و کێشی زیادە و چپس و پیپسی و ئیندۆمی و جەلی بۆنی ناو مارکێت و حانوتەکان بوەستێ، جگە لە لەفە و پیتزا و خواردنی دیلیڤەری، کە دەرخەری ئەوەیە خێزان کاتی بۆ هەموو شتێک هەیە بۆ منداڵەکانی نەبێت.
دیاردەی تێر خەو نەبوونی منداڵ دیسان یەکێکە لە گرفتەکانی پەروەردە، پێم وایە لەم دۆخەشدا نابێت هیچ کەسێک لۆمە و سەرزەنشت بکرێت جگە لەدایک و باوک، ئێستا جگە لەوەی زوو خەوتن وەک عەیبەیەکی گەورە سەیردەکرێ و درەنگ خەوتنیش وەک نیشانەی ڕۆشنبیری (کە زانست دیسان پێچەوانەی ئەمە دەسەلمێنێت)، خەوتنی ناو پۆل و ڕاکێشانی منداڵ بەدەم گریانەوە بۆ قوتابخانە و ڕقی منداڵ لە دەرس و دەور، بەشی هەرە زۆری هی هەست نەکردنە بە دڵخۆشی (وە مرۆڤیش دڵخۆش نابێت تا دۆپامینی مێشکی نەڕژێت، دۆپامینیش ناڕژێت واتا دڵخۆش نابێت، هەتا تێر نەخەوێت)، کورد ئەڵێ (ئەوەی بەزۆر بیبەن بۆ مازوو ڕنین بە دارا هەڵناڕوانێ)، ئێ مناڵێک لەکاتی خۆیا نەخەوێنرێ و نانی نەدرێتێ و بەیانی زوو وەک ئۆپراسیۆنی (دەلتا) و (لێدانی کورەی ئەتۆمی) لە سەعاتی سفردا لە پڕ گڵۆپی لێداگیرسێنی و هەڵکوتیتە سەری و بلوس بکەیتە بەری و کڵاو ڕاکێشی بەسەریا و جەدوەلی جیا نەکردبێتەوە و جانتایەکی هەشت کیلۆیی بکەیتە شانی و دوو هەزاری بە لولکراوی بخەیتە مشتییەوە و حانوت نان حازر نەبێ تەبعەن ، منداڵ خوێندنگای لێدەبێتە سەربازگە و مەشقی قورس بۆیە هەمیشە لە چاوەڕوانی ئەوەدایە لە بری فێربوون کەی سافیرەی کۆتایی مەشق لێبدرێت و بە قەولی خۆمان و خۆیان (بەربن).
دایک و باوکێک کە هەتا نیوەی شەو بە دیار مۆبایل و ماڵان و گەڕان و سەیران و میوانی و دەعوەتەوەن چۆن ئەتوانن مندالەکانیان بە دروستی بخەوێنن.
گواستنەوەی منداڵ بۆ قوتابخانە و سەیارە گەرم کردن و ئیزدیحامی ترافیک و خنکانی شەقامەکان و نەبوونی هێڵی گشتی ، هۆڕن لێدانی بەیانیانی بەردەرگا و تەلەفۆن کردن (ئەوە بۆنایەیتە دەرەوە) ، قەپاتکردنی سکرێتەر تا لەو چارەکایە فریای بخەی هیچی کەمتر نیە لە مەترسی پێشبڕکێیەکی ترسناکی وەک (فۆرمەلا وەن) جگە لەوەی تەواوی هۆکارەکانی گواستنەوەی منداڵ بۆ قوتابخانە و باخچە لەگەڵ سیستەمی نوێی پەروەردە نایەتەوە.
جێگەی خۆیەتی هەر لێرەدا داوا لە بەرپرسان بکرێت وردتر و ژیرانەتر مامەڵە لەگەڵ سیستەمی کامێرای هاتوچۆی پۆینت تو پۆینت بکەن، من نازانم کێ ڕاوێژکار و نەخشە ڕێژی پشت ئەم بیرۆکانەیە، وەلێ دەزانم کە ئەمە دەبێت دواین قۆناغی ڕێکخستن بێت لە دوای (دابینکردنی سیستەمی گشتی گواستنەوەی نوێ وەک ترام و میترۆ و چاککردنی ڕێگاو بانەکان و کەمکردنەوەی ئوتومبیل و ڕێکخستنی تابلۆی شەقام و ئوتومبیلەکان و لە ئاخر قۆناغدا کامێرا) چونکە ئەو فشارەی شۆفێر لەکاتی گواستنەوەدا لەسەری دروست دەبێت، رەنگە ببێتە هۆی ڕودانی چەندین کارەساتی دڵتەزێن بۆ منداڵەکانمان (کاتێک میترۆیەک یان هێڵی گشتی کراوە نەبێت لەمسەری شارەوە بەیانیان بە دەخولەک بتگەیەنێتە ئەو سەری شار و فریای کارەکانت بخات، پێش خەڵکی سبەینێ گرفت بۆ خۆتان دروست دەکەن کە ڕەنگە سەر بکێشێ بۆ ناڕەزایی و خۆپیشاندان )
گواستنەوەی دەیان هەزار خوێندکاری زانکۆ و منداڵانی باخچە و قوتابخانەکان بە پاس و تەکسی بەیانیان ، لە گواستنەوەی سەدان تانکەری پڕ بانزین و نەوت بە شەقامەکاندا مەترسیدار ترە.
شوکری فەزڵی دەڵێ :-
(گەورە قانوونە، قسەی کورت ئەمەیە، درێژی نەکەی)
نامەوێت درێژە بە بابەتەکە بەم وەلێ قسەی وردتر و زانستی تر هەبوو بەڵام تەنها ئەوەندە دەڵێم:
١- منداڵەکانتان زو بخەوێنن، دەبێت بینینی منداڵ لە دوای کاتژمێر ٩ بۆ ١٠ ی شەو لە کۆڵان و شەقام و ماڵان و مارکێت و شوێنان وەک دیاردەیەکی عەیبە تەماشا بکرێت (زۆرینەی جار هێزی عورفی کۆمەڵایەتی لە هێزی قانون زیاترە).
٢- نان بدەن بە منالەکانتان، کرمێکی فەریکە نۆک ئەم ئەرکە لە ئێمە باشتر جێ بەجێ دەکات، لە ڕاستیدا بۆ هەموو کارێک ڕێگایەک هەیە، هیچ عوزرێک قبوڵ نییە، مەگەر تەنها یەک عوزر نەبێت، ئەویش ئەوەیە کە لە هونەری دایکایەتی و باوکایەتیا کەوتوین و نمرەی پێویستمان نەهێناوە.
٣- ئەم دیاردانە زۆرجار لەناو چینی (خوێنەوار)دا، زیاترن، شاعیری گەورەی ئێرانی (شەفیعی کەدکەنی) دەڵێت:-
(مەعریفەیەک ئینسان لە خراپە و هەڵە نەگێڕێتەوە ،نەزانی باشترە).
دەی چی لەوە هەڵە و خراپترە کە دەرحەقی مندالەکانمان خراپ بین و کاروبارەکانیان بەهەڵە ڕایی بکەین؟
سەرەڕای ئەوە، تۆ کە نەتوانی خزمەتی منداڵی خۆت بکەیت، من چۆن متمانەم بەوە هەبێت کە لەقوتابخانە خزمەتی منداڵی خەڵک بکەیت، یان لەفەرمانگە، خزمەتی خەڵکی تر بکەیت.
(پەروەردە و قوتابخانە و سیستەمی هاتوچۆ و تەندروستی و یاسای وڵات هەمووی یەک پاکێجە و یەکتری تەواو دەکەن، ناکرێت ئێمە تەنها لەیەک گۆشەی بەرژەوەندی خۆمانەوە دنیا ببینین )
حەمدی وتەنی :-
مشتەری، مشتێ لە بارێ بۆ نموونە سەیر ئەکا
کافییە بۆ ئەهلی دونیا تاقە یەک ئیشی قەبیح

هەرچییەکم پێ ئەڵێن لەدڵی خۆتانا و لە کۆمێنتیشدا گەردنتان ئازاد بێت چون ئەزانم ئەوانەی لە بواری چاکەی گشتیدا کار دەکەن هەمیشە شەریان زیاتر توش ئەبێت وەک لەخێر ، ساڵی پار ڕێگام بە کۆستەرێک گرت کە منداڵان باخچەی پێبوو ، تەقەڵی بەپاسەکە لێئەدا ،منداڵەکان هاور و گریانیان بوو تەلەفۆنم کرد بۆ قائیم قامیەت و پەروەردە و بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆ ، لەپێناو چەند منداڵێکدا خەریک بوو توشی شەڕێک ببم، من ئەمزانی بابای شۆفێر درەنگ کەوتووە و فریا نەکەوتووە رەنگە خۆی درەنگ چوبێت و ڕەنگە خێزانەکانیش درەنگ منداڵەکانیان رادەستی کردبێت، نە منداڵ لەو تەمەنە هی ئەوەیە شەشی بەیانی بیهێنیتە دەرەوە ، تەقەڵی پێ لێبدەیت و نەدایکایەتی و باوکایەتی ئەوەیە مندالەکەت ڕادەستی گشت کەسێک بکەیت، هێز نییە بتوانێت بێچوی ڕاکۆنێک یان کونەپەپویەک لە دایک و باوکی وەرگرێت بەبێ ئەوەی دڵنیا نەبێت لە خۆی باشتر ئاگای لێیان ئەبێت ئەرکی مامۆستایانی ئاینی بەڕیز و پزیشکە بەریزەکانە لە ڕوی ئاینی و زانستییەوە ، دایک و باوک و مامۆستا و سیستەمی سیاسی گشتی ئاگادار و بەرپرسیار بکەن ، ئەگەر قەرارە گوێیەک مابێت بۆ بیستن.
* سیستەمی کامێرای پۆینت تو پۆینت بۆ ئەو ڕێگایانە بەکار دێت کە حادیسەی زۆر تێدا ڕو دەدات بە تایبەت بۆ دەرەوەی شار، ئەگەرنا لە ناو شاردا کارەساتی زیاترە و کاریگەری لەسەر زۆر شتی تر دەبێت کە کەس بیری لێنەکردۆتەوە، پەروەردە تەنها مشتێکێکە.