Daban.jpg

بڕیارەکانی قوباد تاڵەبانی جۆرێکی ترە لە تاڵانی زەوی و زارر...

Sep 5, 2022  |   بیروڕا 

بڕیارەکانی قوباد تاڵەبانی جۆرێکی ترە لە تاڵانی زەوی و زار ئەگەر لێپرسینەوە و سزادانی وەبەرھێنەرانی لەگەڵدا نەبێت
بارتەقای داگیرکاری و گەندەڵی زەوی و زار لە سلێمانی، دەستدرێژی و گەندەڵی و داگیرکاری لە پرۆژەکانی وەبەرھێنانی سلێمانیدا ھەیە (( ڕەگەز گۆڕین، فراوانکردن، زیادەڕەوی و داگیرکردنی زەوی و زاری نزیک و ناو پرۆژەکان)) بەبەھای سەدان ملیۆن دۆلار وەبەرھێن سودمەند بون لێی
لێرە بە کورتی مشتێک لەو پۆخڵەواتەی سلێمانی دەخەمەڕوو:—
-دەستەی وەبەرھێنان ناوی ژمارەیەک پرۆژەی بڵاوکردەوە، کە مۆڵەتیان نیە و داوای لەخەڵک کرد کڕین و فرۆشتن یەکەکانیان نەکەن، ئێستاشی لەگەڵ بێت گوێیان لە کەس نەگرت و لە جێبەجێکردندان، ناوی پڕۆژەکان ڕوونن، وەبەرھێنەرەکانیش ڕونتر. ئێستاشی لەگەڵ بێت بەردەوامن بێ ئەوەی حساب بۆ خەڵک و حکومەت بکەن
-تێرمیناڵی نوێی سلێمانی بە ھەموو ئەو ڕاستیانەی لەسەری وتران، ئێستا دەیان پێشانگای ئۆتۆمبێلی بە زیادەڕۆ لەسەر دروستکراوە و ھەندێکیان بە پارەی خەیاڵی فرۆشران " ھاوڵاتیەکی ھەژار مەترێک زیادەڕەوی دەکات، دەچنەسەری و دەیڕوخێنن"
-پرۆژەی شەتڵگە ھەیە، ڕەگەزی گۆڕاوە بۆ نەخۆشخانەی تایبەت، بەوەشەوە نەوەستاون، جارێکی تر گۆڕیویانە بۆ نیشتەجێبوون، تەنیا بەھای زەوییەکەی ٢٠ ملیۆن دۆلارە! (( قودرەتی گەندەڵی نەبێت، ھیچ ھێزێک ناتوانێت ئەم ڕەگەز گۆڕینە بکات))
-پرۆژە ھەیە ٣٥ ڤێلای بەبەھای ١٠ ملیۆن دۆلار بە زیادەڕۆ، دروستکردوە، دەستکاری شوێنی باخچە، قوتابخانە، دایەنگە و ئەرزی شارەوانی تێدا کراوە، بێ ئەوەی ڕەزامەندی ھەبێت.
-پرۆژە ھەیە دوو باڵەخانەی زیادەی فرۆشتوە بە ٢٠٠ خێزان، خەریکی باڵەخانەی سێیەمە، ھێشتا ڕەزامەندی ئەنجومەنی باڵای وەبەرھێنانی نیە!
شوێنی خەزانی ئاوی سلێمانی، بەناوی وەبەرھێنانەوە دراوە بە خەڵک، کە موحەرەماتی ئاوەڕۆی سندوقی و پردێکی یەکتر بڕی تێدایە "تەنیا ئەرزی شارەوانیە لەو سنورە مابێتەوە"
بەناو وەبەرھێن ھەیە، ھەزاران خێزان و خەڵک، کە بەشداری پرۆژەکانیان کردوە "عەلوە، خانو و شوقەکانی" زەرەرمەند بوون و تەنیا کەسێکیش نەبوە سودی لێبینیبێت، کەچی دەڵاڵی بۆ دەکرێت و چاوی لەسەر چەندین زەویی نایابی تری سلێمانیە بیدرێتێ!
بڕیارەکانی قوباد تاڵەبانی، بۆ نەھێشتنی ڕۆتین، بەرتیل و سەرانە و ڕایی کردنی پرۆژەکانی وەبەرھێنان بە ڕوکەش کاری باشن، بەڵام ئەم ھەڕەشە و چاوسورکردنەوانە ئەگەر لێپرسینەوە و سزادانی وەبەرھێنەرانیشی لەگەڵدا نەبێت، جۆرێکی ترە لە تاڵانی زەوی و زاری سلێمانی.
تێبینی: یاسای وەبەرھێنان بە دانپێدانانی ھەمولایەک، یاسایەکی خراپە و دەرفەتی داوە بۆ بەھەدەردان و گەندەڵی گەورە، ئەگەر یاساکەش پشتگوێ خرا و وەبەرھێن بە ئارەزوو ئیش بکات، ئەوە دەخوڵقێت کە ئێستا ھەیە.