Adnan.jpg

دوو قسەی کورت لەسەر لێدوانەکانی سەرۆکی پەرلەمان

Sep 4, 2022  |   بیروڕا 

عەدنان عوسمان 

 ‎یەکێک لە دیمەنە سیاسیە دەگمەنەکان کە لەکوردستان رووئەدات ئەوەیە، گلەیی و گازندەو رەخنەو واوەیلای بەرپرسە باڵاکان، مونافەسەی رەخنەی هاوڵاتیان و لایەنەکان و چاودێران ئەکات و بە قۆناغ تێی پەڕاندوە!

 ‎ بەڕێز د. رێوازی سەرۆکی پەرلەمان، باس لە درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان ئەکات، کە گوایە سەرباری ئەوەی رەوا نیە بەڵام ناچاریە! چونکە نابێ فەراغی یاسایی هەبێت.

 ‎جارێ لە بناغەدا فەراغی تەشریعی بەوە پڕ ناکرێتەوە کە ماوەی خۆی درێژ بکاتەوە بەڵکو بەوە دەبێت کە لەماوەی یاساییدا هەلبژاردن بکرێت و دەستەی سەرۆكایەتیش یەکلاکەرەوەی ئەو پرسە بن.

 ‎پاشان مەعلومی هەموو لایەکە کە بۆچی هەڵبژاردن ناکرێت و بۆچیش دانیشتنەکانی پەرلەمان پەک ئەخرێن و هیچ هەنگاو و پرۆژەیەک لەو بارەوە ناخرێنە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە. مەسەلەکە بە کورتی ئەوەیە دەسەڵات بە گشتی و حزبەکەی سەرۆکی پەرلەمان بە تایبەت لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردندا نین. ئەوان تەنها بیانو دێننەوە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان و سەرۆکی پەرلەمانیش بە گوێرەی ویست و داوای ئەوان کار ئەکات. ئەبێ چ عەقڵێک هەبێت بڕوای بەوە بێت پەرلەمان و لایەنەکان لە کۆتاییەکانی تەمەنی خولەکە بیریان کەوتبێتەوە کە دەبێ یاساکە بگۆڕدرێت!!! چوار ساڵی رابردوش ورتەیان لەدەم نەهاتبێت.

 ‎لە خولی رابردودا وەک خولەکانی تر، دەسەڵات بە پەرلەمانی وت، بۆتان هەیە باسی هەمو پرسێک بکەن جگە لە سیستەم و دەسەڵات و حاکمیەت، بەڵام سەرۆکی پەرلەمان، ئازایانە روبەروی ئەو بێڕێزی کردن و بێنرخ کردنەی پەرلەمان وەستایەوەو وتی کەس لە سەروی یاسا نیەو نەچوە ژێر باری هیچ فشارێک. بەداخەوە سەرۆکی ئەم خولە، کە زۆرتر وەک فەرمانبەرێکی حزبیی کار ئەکات، پێی وتن 'لبیک'.

 ‎بەداخەوەم سەرۆکی دەزگای تەشریعی ئاوا بێ دەسەڵاتانە قسە لەسەر پرسێکی  وا گەورەو گرنگ بکات.

‎قسەی دوەمیش بۆ سبەی..