abdulqadr.jpg

دوو ماددەى دیکەى یاساى ئەنجومەنى شوراى هەرێمى کوردستان پێویستى بە هەموارکردنەوە هەیە

Sep 1, 2022  |   بیروڕا 

عەبدولقادر ساڵح

 بۆ بەرێز/ سەرۆکى پەرلەمان
ئەندامانى پەرلەمان
لیژنەى یاسایى پەرلەمان
بابەت/ پێشنیار

بەپێى کارنامەى دانیشتنى ئەمرۆى (1/ 9/ 2022) پەرلەمانى کوردستان خوێندنەوەى یەکەم بۆ پرۆژە یاساى هەموار یەکەمى یاساى ئەنجومەنى شوراى هەرێمى کوردستان ئەنجام درا، بێگومان پرۆژە یاساکە هەموارى کۆمەڵە ماددەیەکى لە خۆگرتووە کە جێگەى خۆیەتى و شیاوى دەستخۆشین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە بڕواى ئێمە دوو ماددەى دیکەى یاساکە پێویستى بە هەموارکردنەوە هەیە کە لە پرۆژە یاساى هەموارکردنەوەکەدا نەهاتووە، وەک لە خوارەوە روونى دەکەینەوە، هیوادارین لەم بارەیەوە پێشنیارەکەمان بە هەند وەربگیرێت :
یەکەم:بە گوێرەى ماددەى (12/ یەکەم) لە یاساى ئەنجومەنى شوراى هەرێم ، وەزیرى داد بۆی هه‌یه‌ دادگای كارگێڕیی له‌ سه‌نته‌ری پاریزگاكان له‌ هه‌رێم به‌ پێی پێویستی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی ... دابمه‌زرێنێ.
پێشنیار دەکەین ئەم ماددەیە بەو جۆرە هەموار بکرێتەوە کە وەزیرى داد جگە لە دادگاى کارگێڕیى ، دەسەڵاتى دامەزراندنى دادگاى دادوەریى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان ـ محکمة قضاء موظفي اقليم كوردستان ـ هەبێت لە سەنتەرى پارێزگاکان ، چونکە فەرمانبەرانێکى زۆر بە هۆى دوورى شوێنى جوگرافیان لە هەولێرەوە زۆر بە زحمەت دەتوانن پەنا ببەن بۆ ئەم دادگا بەڵام ئەگەر لە سەر ئاستى پارێزگاکانیش وەک دادگاى کارگێڕى بتوانرێت دادگاکە دابمەزرێنرێت بێگومان خزمەتێکى گەورە دەکات بە فەرمانبەران.
دووەم: بە گوێرەى ئەحکامى ماددەى (23)ى یاساکە مەرجى هەبوونى خزمەتى دادوەریى (الخدمة القضائیة) و خزمەتى پارێزەر (خدمة المحاماة) دانراوە بۆ سەرۆک و جێگرى سەرۆک و راوێژکاران و یاریدەدەرى راوێژکارانى ئەنجومەنى شورا، بەم ماددەیەش هەموو فەرمانبەرانى یاسایى دامەزراوە فەرمییەکانى هەرێم بێبەش دەبن لە پێشکەش کردن بۆ ئەوەى ببنە راوێژکار یان یاردەدەرى راوێژکار لە ئەنجومەن، بۆیە پێشنیار دەکەین جگە لە هەردوو خزمەتى دادوەریى و پارێزەرایەتى، خزمەتى یاساییش (الخدمة القانونیة) زیاد بکرێت بۆ ماددەى (23) هەروەک ماددەى (20) لە یاساى ئەنجومەنى شوراى دەوڵەت لە عێراق جەختى لەسەرکردۆتەوە .
لەگەڵ رێزمدا بۆهەموو لایەک