د. بهختیار سهجادى
لەم ڕۆژانەی دواییدا پێگەیەکی ئەلکترۆنیک بە ناوی "گۆڤارە زانستییە ئەکادیمییەکانی کوردستان" لە لایەن ئەنجومەنی باڵای توێژینەوە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستی دامەزرا. پلەتفۆرمەکە گۆڤارە زانستییەكانی بیست و دوو زانکۆ و توێژینگەی هەرێمی كوردستانی كۆکردووەتەوە و بە گوێرەی زانکۆکان پۆلێنبەندی کردوون. وێڕای دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرانی ئەم کارە پڕبایەخە، لە ڕاستیدا پێویست بوو زۆر زووتر پێگەیەکی لەم چەشنە بنیاتبنرێ. جێبەجێکردنیشی لە ئێستادا لە لایەکەوە پیشاندەری تروسکاییی هیوایە و لە لایەکی تریشەوە دەرخەری ئەوەیە نووسین و سمینار و بەدواداچوونەکانمان لەم ساڵانەی دواییدا تا ڕادەیەک کاریگەر بوونە. لە خوارەوە زۆر بە کورتی کۆمەڵێ ڕەخنە و پێشنیاز سەبارەت بە دانانی ئەم پلەتفۆرمە پێشکەش دەکەم:
۱. من ئەم کارە وەک هەنگاوی یەکەم و خاڵی دەستپێک لێکدەدەمەوە؛ بۆیەش پێوستە هەمووان بزانن ئەمە سەرەتایە نەک دوا وێستگە. واتە، پرۆژەکە تەواو نەبووە و تازە دەستی پێکردووە.
۲. دانانی هەر دوو وشەی زانستی و ئەکادیمی لە ناونیشانی پلەتفۆرمەکەدا بە گونجاو نازانم. لەم جۆرە بەستێنانەدا "ئەکادیمی" دروستە، چونکە "سایێنس" لە ئێنگلیزیدا ئەدەب و هونەر و زانستە مرۆییەکان ناگرێتەوە.
۳. بەداخەوە، لە وەرگێڕانی کوردیی بابەتەکاندا ژورناڵیان کردووە بە "ڕۆژنامەی زانستی". ئەمە هەڵەیەکی زەقە و ئەبێ دەستبەجێ بیگۆڕن. دەکرێ گۆڤاری زانستی یان گۆڤاری ئەکادێمی دابنرێت.
٤. پێویستە گۆڤارەكان بە گوێرەی ئاستی زانستی و لەسەر بنەمای هەندێ پێوەری ئەکادێمیک ڕیزبەندی بکرێن و ساڵانەش ئەو ڕیزبەندییە نوێ بکرێتەوە. گەر گۆڤارێک مەرج و تایبەتمەندییەکانی دەستەبەر نەکرد، لە ڕێزبەندییەکە بکرێتە دەرەوە.
۵. واقیعە تاڵەکە ئەوەیە هیچ کام لە گۆڤارەکانی ناو پلەتفۆرمەکە لە لایەن ناوەند و دەزگاگەلی پێوەندیدار بە نوانەسازی indexing و ئاماژەپێدان citation لە دەرەوەی هەرێم پەسەند نەکراون.
٦. وەزارەت ئەبێ هاوکات لەگەڵ گرنگیدان بە پێشکەشکردنی بابەتی زانستی بە ئینگلیزی، بایەخیش بە زمانی کوردی بدات و هەوڵ بدات زمانی کوردی زیاتر ڕووبەڕووی دونیای زانست بێتەوە.
۷. تا ئێستا هیچ نووسینێکی کوردی (ی ناوەندی بە ئەلفوبێی عەرەبی) نەبۆتە خاوەنی سایەتیشن و هیچ گۆڤارێکی ئەم زمانە نەبۆتە خاوەن هاوکۆلکەی کاریگەری IF. تاقە نموونەی ئاوارتە ژورناڵی ئەدەبی کوردییە کە زانکۆی کوردستان لە سنە دەریدەکا و لە لایەن ناوەندی ISCیەوە بۆتە خاوەنی سایتەیشن و ئای ئێف. هیوادارم ئەم ڕچەیە لە هەرێمی کوردستانیش بشکێ.
٨. پێویسته مەرجەکانی پەسەندکردنی گۆڤارە زانستییەکان لە لایەن وەزارەتەوە توندوتۆڵتر و سفتوسۆڵتر بکرێنەوە چونکە ئەوەی ئێستا هەیە زۆر سادە و ساکارن و گۆڤارەکان بە هاسانی بەسەریاندا باز دەدەن.
۹. پێۆیستە گۆڤارەکان لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی ئەخلاقی توێژینەوەدا ببن بە ئەندام. بۆ ئەم مەبەستەش ئەبێ گۆڕانکاری لە شێوەی وەرگرتن و هەڵسەنگاندن و بڵاوکردنەوەی وتارەکاندا بکەن.
۱۰. پێوستە بیرێکی جیدی بکرێتەوە بۆ چارەسەری کێشەی سایتەیشن لە دەقە کوردییەکاندا و بۆ دەقە کوردییەکان. عەجەبا ئەم پرسە زێدە گرنگە لە هەرێمی کوردستان بە تەواوی لە لایەن "ڕۆشنبیران"، نووسەران، توێژەران و بەرپرسانەوە پشتگوێ خراوە.
۱۱. هەوڵ بدرێ بۆ یەکدەستکردنی ناونیشانی ئەلکترۆنیکی گۆڤارەکان لەبەر ئەوەی ئێستا هەر کامیان بە شێوەیەکی جیاواز ناونیشانی ئەلکترۆنیکیان بۆ دانراوە و ئەڵێی هی چەند وڵاتی جیاوازن.
۱۲. کار بکرێ بۆ سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی گۆڤارەکان بە پێی بوار و پسپۆڕی، نەک بە گوێرەی ناوی زانکۆ یان کۆلێژ. ژورناڵەکانی هەرێم گشتی و هەمەچەشنن و زیاتر لە کۆشکۆڵ ئەچن تا لە ژورناڵ. ئەمەش ئەو نەشتەرگەرییە گەورەیەیە ساڵانێکە بانگەوازی بۆ دەکەم.
۱۳. هەوڵدان بۆ دانانی بنکەدراوەیەک database کە لە ناوەرۆک و وتارەکانی ئەو گۆڤارانە پێکهاتبێت. دەکرێ ئەم هەنگاوەش بقۆزرێتەوە بۆ لانی کەم یەکدەستکردنی ڕێنووسی گۆڤارەکان و شێوەی ئاماژەدان بە سەرچاوەکان.
۱٤. دانانی مەکۆیەکی دیجیتاڵ بۆ زانستپێوی scientometrics لەسەر بنەمای وتارەکانی ئەو گۆڤارانەی لە پلەتفۆرمەکەدان بە مەبەستی دیاریکردنی ئاست و بواری توێژەران و بەرهەمیان.
له واڵى خۆى له تۆڕى كۆمهڵایهتى وهرگیراوه