Sarchnar.jpg

لەهەر جێگایەک وەرگرتنی پارەو بەتاڵ کردنی گیرفانی هاووڵاتیانی تێدابێت حکومەتی هەرێم دەستی بۆ دەبات

Aug 23, 2022  |   بیروڕا 

* سه‌رچنار ئه‌حمه‌د
لەبری ئەوەی سەیری چاڵو چۆڵی و شکاوی شەقامەکان بکرێت و پلانی چاککردنیان دابنرێت کە ڕۆژانە ڕوداوەکانی هاتووچۆ دەبینین ڕودەدەن و قوربانیان لێدەکەوێتەوە، دێن و کامێرای تیژڕەوی و خاڵ بۆخاڵمان بۆ دادەنێن!، چونکە یەکەمیان پارەی تێدەچێ و لەسودی هاووڵاتیانە و کارێکی یاساییە نایکەن، بەڵام دووەمیان چونکە پارەیان بۆ دێتەوەو لە زیانی هاووڵاتیانە و کارێکی نایاساییە دەست بەجێ عەقد لەگەڵ کۆمپانیا دەکەن و لەسەری ڕەزامەند دەبن.
ئەمەش کارێکی تری نایاساییە کە وەزارەتی ناوخۆ دەستی بۆ دەبات، هەروەک پێشتر دەستی برد بۆ گۆڕینی ژمارەی ئۆتۆمبێل و کردنی بەئینگلیزی کە ئەوەش پێچەوانەی یاسای زمانە فەرمیەکان بوو لەهەرێمی کوردستان.
گرفتەکە لەوەدایە پێشێلکردنی یاسا و حساب بۆنەکردنی لەئاستی باڵادا ڕوودەدات ئەگەرنا هاووڵاتیەکی ئاسایی گەر پێشێلی یاسا بەرکارەکان بکات هەرزو غەرامەی دەکەن و لەزیندان توندی دەکەن گوایە یاسا سەروەرە! ، یاساکانی ئێمە وەک پەتی جاڵجاڵۆکە وان تەنها بچووکەکانیان پێدەگیرێ، نایاساییەکان زۆرن و لەئاستی باڵادا ئەنجام دەدرێن لەوانە:
بەنایاسایی پاشەکەوتکردن و بڕینی مووچە.
بەنایاسایی وەستاندنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران.
بەنایاسایی گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێل
بەنایاسایی دەسکاری کردنی باج و ڕسومات ...هتد
لەهەموشیاندا حکومەت قازانجی کردووە و هاووڵاتی و فەرمانبەرانیش زەرەرمەند بوون و هیچ ئیجرائاتێکیش لەگەڵ لایەنی سەرپێچیکاردا نەکراوە، چونکە یاسا سەروەری هەرناو بووەو ئەوەی پێشێلیش کراوە هەر یاسابووە.
*بڕیارده‌ری فراكسیۆنی یه‌كگرتوو