serchnar.jpg

عوزر لە قەباحەت خراپترە

Aug 3, 2022  |   بیروڕا 

 

عوزر لە قەباحەت خراپترە، کاتێک ڕوونکردنەوەکەی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتیم بینی توشی شۆک بووم!!
وەزیرو بریکاری وەزیر بڕوانامەی بکالوریوس بدەنە بکوژی دکتۆر هۆشیارو بەشداری لە ئاهەنگی دەرچوونیدابکەن و وێنەی لەگەڵ بڵاوبکەنەوە کەحوکمی لەسێدارەدانی هەیە ،پاشان بێن و بڵێن ئێمە شیاندن و چاکسازی بۆ سزادراو دەکەین بۆ ئەوەی جارێکیتر بێتەوە کۆمەڵگە وەک تاکێکی تەندروست!!
ئاخر سزادراوێک بەپێی ماددەی 406 ی یاسای سزاکان حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبێت شیاندنی چی بۆ دەکەیت و چۆن وێنەی لەگەڵ دەگریت و بڵاوی دەکەیتەوە؟؟
ئەوکارەی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی کردوویەتی کارێکی هەڵەو نەگونجاوەو پێویستە هەرچی زووترە ئەو ڕێنماییە سەقەتەی بگۆڕێت و سزادراوانی لەسێدارەدانیش تێکەڵ بە سزادراوانی تاوانەکانیتر نەکات و هەڵەکانی ڕاست بکاتەوەو بەرامبەر بەکەسوکاری شەهید دکتۆر هۆشیار دان بەهەڵەی خۆیاندابنێن و چیتر تیرۆریس و بکوژان بەبەرچاوی کەسوکاری تاوانلێکراوانەوە خەڵات نەکەن.
زیندانیان و سزادراوانی بادینان لەسەر دەربڕینی ڕاو بۆچوون بێبەش دەکەن لەخواردن و لەخوێندن ،بەڵام پیاوکوژو تیرۆریست ئاهەنگی بۆ دەگێڕن و وێنەی لەگەڵ بڵاو دەکەنەوەو لەبری سزا بڕوانامەی پێدەبەخشن ،ئەم مۆدێلە لەنادادگەری تەنهاو تەنها لەهەرێمی کوردستان بەردەستە.
سه‌رچنار ئه‌حمه‌د