Raparin.jpg

زانكۆى راپه‌ڕین ئامادەکاری بۆ كردنەوەی خوێندنی ماستەر و دبلۆمی باڵا دەکات

Aug 17, 2022  |   خوێندنی باڵا 

کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتى له‌ زانكۆى راپه‌ڕین ئامادەکاری بۆ كردنەوەی خوێندنی ماستەر و دبلۆمی باڵا دەکات.
به‌پێى هه‌واڵێكى زانكۆكه‌، ڕۆژی دووشەممە 16-8-2022 پ.ی.د.ڕزگار حاجی صاڵح ڕاگری کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت سەرپەرشتی کۆبونەوەیەکی تایبەت بە ئامادەکردنی پڕۆپۆزەڵی خوێندنی باڵا (ماستەر و دبلۆمی باڵای یەک ساڵەی ئەکادیمی) لە ھەردوو بەشی زانستی کۆمپیوتەر و بیرکاری بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٢-٢٠٢٣ کردووه‌.
لە کۆبونەوەکەدا گرنگی کردنەوەی خوێندنی باڵا لە ھەردوو بەشه‌ خراونه‌ته‌ڕوو، کە مەبەست لێی پێگەیاندنی کادیری زانستییە بۆ زانکۆ و ناوەندەکانی خوێندن لەسنوری ئیدارەی ڕاپەڕین.
لە كۆبونه‌وه‌كه‌ بڕیاردراوه‌ لەماوەی دوو ھەفتەدا لە چواچێوەی ڕێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی کارەکان بەکۆتا بگەیەنرێ.
له‌ كۆتایدا ئاماژە به‌وه‌شكراوه‌، كه‌ پێشتر و لەچوارچێوەی گرنگیدانی کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت لە بواری خوێندنی باڵا، پڕۆپۆزەڵی کردنەوەی ماستەر لە بوارەکانی زمانی ئینگلیزی و ڕێگاکانی وانەوتنەوە بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٢-٢٠٢٣ ئامادەکراوە.