5.jpg

وڵاتێك بە فەرمی دانی نا بە بڕوانامەی زانکۆ حکومییەکانی هەرێم

Apr 13, 2023  |   خوێندنی باڵا 

لەنوێترین پێشهاتدا وڵاتی یۆنان بە فەرمی دانی نا بە بڕوانامەی سەرجەم زانکۆ حکومییەکانی هەرێم و کونسوڵخانەی یۆنانيش لە هەرێمی کوردستان هەواڵەكەی پشت راست كردەوە.

کونسوڵخانەی یۆنان لە هەرێمی کوردستان له‌ پەڕەی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمەڵایەتی فه‌یسبوك نوسیویەتی: "بە خۆشحاڵییەوە رایدەگەیەنین کە وڵاتی یۆنان بە فەرمی دانی بە بڕوانامەی ئەکادیمی سەرجەم زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان و زانکۆی ئەمریکی لە عێراق - سلێمانی (AUIS) ناوە، لە داهاتوشدا چەندین زانکۆی تایبەتی دیکە بۆ لیستی زانکۆ دانپێدانراوەکان زیاد دەکەن".

باسی لەوەش كردووە، هەومو ئەو خوێندکارانەی کە خاوەنی بڕوانامەن لەلایەن زانکۆ دانپێدانراوەکانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، رێگەیان پێدەدرێت داواکاری پێشکەش بکەن بۆ نزیکەی (150) زانکۆی حکومی یۆنان به‌مه‌به‌ستی خوێندنی ماسته‌ر.

لەدرێژەی نوسینەكەیدا وتویەتی: "ئەم دانپێدانانە خاڵی وەرچەرخانە لەنێوان ئەسینای پایتەخت و هەولێر، دانپێدانانی ئەم بڕوانامانە لە ئەنجامی پرۆسەی هەڵسەنگاندنە لەلایەن سەنتەری زانیاری ناساندنی ئەکادیمی نیشتمانی هێلینیک (DOATAP). هەڵسەنگاندنی DOATAP بۆ مەنهەج و ستانداردە ئەکادیمییەکان و دۆخی باوەڕپێکردنی ئەم زانکۆیانە دەریخستوە کە ستانداردە پێویستەکان ره‌چاو ده‌كه‌ن".

ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە "بێگومان ئەم دانپێدانانە ڕێگە خۆش دەکات بۆ زیادکردنی هاوکاری و ئاڵوگۆڕی ئەکادیمی لە نێوان یۆنان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئێمە پێمان وایە ئەم هاوکارییە دەبێتەهۆی پەرەپێدانی چارەسەری داهێنەرانە بۆ ئاستەنگە جیهانییە هاوبەشەکان و "ئەم هاوکارییە دەبێتە هۆی پەرەپێدانی چارەسەری داهێنەرانە بۆ ئاستەنگە جیهانییە هاوبەشەکان و بەشدار دەبێت لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی پەروەردە و توێژینەوە".

لە كۆتایدا کونسوڵخانەی یۆنان لە هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی ئاڕاستەی ئەو زانکۆیانە دەکات کە دانپێدانانی ئەکادیمییان پێدراوە، بۆیە وتویەتی: "ئێمە دڵنیاین کە ئەم دانپێدانانە ناوبانگ و متمانەی ئەم دامەزراوانە بەرز دەکاتەوە و لە کۆتاییدا سودی بۆ ئەو خوێندکاران و مامۆستایانه‌ دەبێت".