دواى ئه‌وه‌ى دوێنى سێشه‌ممه ئەنجومەن و ستافی ناڕازیی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا رایانگه‌یاند، كه رۆژى چوارشەممە خۆپیشاندان ئه‌نجام ده‌ده‌ن، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 17/8/2022 كاژێر (9)ى به‌یانى له‌به‌رده‌م كه‌مپى زانكۆى سلێمانى ده‌ستیان به خۆپیشاندان كرد.
وابڕیاره بۆ وەبیرهێنانەوەی داواكارییە سەرەكییەكانی خوێندكاران، فەرمانبەران و مامۆستایان، بە ڕێپێوان بەرەو نوسینگەی جێگری سەرۆكی حكومەت قوباد تاڵەبانی بەڕێبكەون.
له داوكاریه‌كانیان هاتووه: لە ماوەی ساڵانی رابردووش‌دا، تاوەكو لەگەڵ وەرزی نوێی خوێندندا كێشە بۆ دەوام دروست نەبێت، هەمیشە پێش دەستپێكی دەوام هەوڵی چارەسەركردنی كیشە داراییەكانمان داوە. بەڵام بەداخەوە وەك پیشەی هەمیشەییان، دەسەڵات بێ خەم بووەو بێ وەلام بووە . هەربۆیە، هەر ئەگەرێكی نەخوازراو بۆ سەرەتای خوێندنی ئەمساڵ دروستبێت، لە ئەستۆی لایەنە پەیوەندیدارەكانە.
هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه‌ش كراوه، تاكو 31/8/2022 ده‌وه‌ستین بۆ جێبهجێكدرنى داواكاریه‌كانمان، ئه‌گه‌ر تا ئه‌وكاته داواكاریه‌كانمان جێبه‌جێ نه‌كرێن هه‌ڵوێستى ترمان ده‌بێت.
ئه‌م خۆپیشاندانى مامۆستا و فه‌رمانبه‌رانى زانكۆى سلێمانى له كاتێكدایه وابڕیار بوو ئه‌مڕۆ 17/8 مووچه‌ى مانگى (7) مانگى رابروو وه‌ربگرن، به‌ڵام به‌پێى ئاگاداركردنه‌وه‌ى گه‌نجینه‌كان ئه‌مڕۆ له زانكۆى سلێمانى و هیچ زانكۆیه‌كى شارى سلێمانى و ئیداره سه‌ربه‌خۆكانى ئه‌م سنووره مووچه‌ى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا دابه‌ش ناكرێت و به‌رده‌وامیش مووچه‌ى مامۆستا و فه‌رمانبه‌رانى زانكۆ دواده‌خرێت.