abdulstar-mejid.jpg

بۆچی خۆپیشاندان ناکەن ؟!

Aug 30, 2020  |   بیروڕا 

عەبدولستار مەجید 

 


سەرەتا دەبێ ئەوە بزانین خۆپیشاندان ئامانج نیە بەڵکو ڕێکار و فشارە بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو .
زۆرێک لە بەڕێزان دەپرسن ئێوە بۆچی خۆپیشاندان ناکەن و پێش خەڵک ناکەون بۆ خۆپیشاندان یان شتێکی لەوجۆرە .
بۆیە بەڕاستی دەمەوێ چەند حەقیقەتێک ئاماژە پێبکەم کە دڵنیام خەڵکی هۆشیار بە باشی تێدەگات لە واقیعەکە !
ـ خۆپیشاندان دەبێ بەرامبەر حکومەت بکرێت، ئێمە لە هەرێمی کوردستان حکومەتمان نیە تا خۆپیشاندان بکەین و دواکاری خۆمان و خەڵکی بخەینە بەردەم !
بەڵکو دوو دەسەڵاتی حزبییمان هەیە کە هەریەکەیان بە زەبری چەک و پارە، ناوچەیەکی کۆنترۆڵکردووە و بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیشیان شتێکیان بەناوی (حکومەت) دروستکردووە !
ـ لە ڕابردوودا ئێمە (ئۆپۆزسیۆنی پێشوو) بنکەی جەماوەریی و ئەندامانمان لە شەقام بوون و هێزە سیاسییەکانمان و فراکسیۆنەکانیشمان پشتیوانی خەڵک بوین، بەڵام لەبەرئەوەی خەڵک بە گشتیی لەگەڵ نەبوون خۆپیشاندانەکانیش ئەنجامی ئەوتۆی نەبوو (بێگومان بەلەبەرچاوگرتنی خاڵی یەکەم !)
ـ هێزەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی پەرش و بڵاو و ناکۆکن لەگەڵ یەکتر، کە ئەمە زیانی گەورەی هەم لە خۆیان هەم لە شەقامیش داوە !
ئەگەرچی ئێمە بەئاراستەی هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی کاری جدیمان کردووە و هەنگاومان بۆ ناوە، بەڵام کارەکە بەدەستمانەوە نەهاتووە !
ـ ڕاستییەک هەیە کە هەموومان دەیزانین، مانەوەی ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە لە دەست و ئیرادەی خەڵکدا نیە، واتە ئەوە خەڵک نیە هێشتویەتیەوە، بەڵکو بەرژەوەندی وڵاتانی ئیقلیمییە کە هەریەکەیان پارێزەری بەرژەوەندی و ئەجێندای وڵاتێکی ئیقلیمیی و نێودەوڵەتییە!
گۆڕینی ئەمانە کاتێک ڕوودەدات کە هێزی سیاسیی دیکە هەبێ باشتر لەوان بەرژەوەندی بێگانە دەستەبەر بکات !
بەش بەحاڵی خۆم دەڵێم ئەوە بە ئێمە ناکرێ !!
هەڵبەتە لاوازی دیبلۆماسیەت و پەیوەندی هێزەکانی دیکە لە ئاستی عێراق و ئیقلیمی و نێودەوڵەتیش وایکردووە کە خۆیان لە هەرێم و لەناوخۆدا قەتیس بکەن و ئەو مەیدانە یۆ هێزەکانی دەسەڵات چۆڵ بکەن !
ـ هەمووان دەزانین گوزەرانی خەڵک خراپە و دۆخی ژیان و ئابوری و بازاڕیش خراپتر، هەموو دەڵێن نابێ ئەم دۆخە بەردەوام بێت ئێمەش لەگەڵ ئەوەین نابێ وا بەردەوام بێ !
بەڵام پرسیارێکی جدی و واقیعی (ئایا هەر ئەو خەڵکی کوردستانە نیە کە بۆتە بندیواری ئەم دەسەڵاتە و هۆکارێک بۆ هێشتنەوەیان ؟ ئایا ئەوانەی شەق لە خەڵک هەڵدەدەن و خۆپیشاندەر دەستگیر دەکەن و هاوڵاتی و مامۆستا و فەرمانبەر و پزیشک و ڕۆژنامەنوس فەلاقە دەکەن، هەر ئەو پۆلیس و ئاسایش و پێشمەرگەیە نیە کە بە ٦٠ ڕۆژ جارێک موچەیەکی بە لێبڕینەوە پێدەدەن و هێشتاش بەرگرییان لێدەکات ؟!)
بە قەناعەتی من خۆپیشاندان و هاندان و ختوکەدانی عاتیفەی خەڵک ئاسانە، ئاسانترە دوو سەعات خەڵکێک بەریتە پارکێک و دوایی هەرکەس بۆ ماڵی خۆی !
ئەمە نە خۆپیشاندانی پێدەوترێ نە دەسەڵاتیش ئاوا دەگۆڕێت نە فشاریش بەوجۆرە دروستدەکرێت !
ڕێگای گۆڕین و گۆڕانکاری لە ناو کۆمەڵگەوە دەست پێدەکات کە دژ بە گەندەڵی و ستەمکاری و یاسا شکێنی بێدەنگ نەبێ، کۆمەڵگەیەک ساختەکاری لە هەڵبژاردندا بۆ دوو هێزی دەسەڵات لەپێناو چەند دینارێکدا بکات و دواییش گلەیی لەو هێزانە بکاتە کە بوونەتە قوربانی ساختەکاری و ستەمکاریی کە بۆچی بێدەنگن و خۆپیشاندان ناکەن، گۆڕانکاری پێناکرێ !