ismael-gelaly.jpg

خانەنشینی پەرلەمانتار، فێڵی پەرلەمانتارە بەتەمەنەکان

Dec 14, 2019  |   بیروڕا 

ئیسماعیل گەڵاڵی

 

پێش هەموشتێک دەبێ ئەوەبزانین پەرلەمانتاری وەزیفەنیە نوێنەرایەتییە، ئەوەی پێی ئەدرێ وەک ئیمتیاز چی لەکاتی ئەنجامدانی کارەکەیدا، یادوای تەواوبونی کارەکەی پاداشتە موچە نییە، بۆیە هەر تێکەڵکردنێکی ساڵی خزمەتی وەزیفی و تەمەن چی ئەوەی لەیاساکەی بەغدادا کراو چی لەوەی ئێستا دەیانەوێ بکرێ، لەپڕۆژەکەی هەرێمی کوردستان فێڵێکی پەرلەمانتارە بە تەمەنەکانە بۆ ڕزگاربوون لەو فشارە جەماوەرییەی هەیە لەسەریان، کەلانی کەم لەسەدا نەوەتی پەرلەمان پێک دێنن، ئەم توێژە، بەپێی زانیاری دەقیقی من ئەم بڕگەیەی ناویاساکەی هەرێم کەتایبەتە بەخانەنشینی پەرلەمانتار لەلایەن پەرلەمانتارێکی کۆن و بەتەمەنەوە بەقەدو باڵا ئامادەو داڕێژراوە.

بەگشتی پەرلەمانتار دوای تەواوبوونی لەنوێنەرایەتیەکەی لەدنیادا دوو جۆر مامەڵە لەگەڵ ماف و ئیمتیازەکانیدا ئەکرێ:
یەکەم ــ لەوڵاتە پێشکەوتوەکاندا دوای تەواوبونی لەکارەکەی پاداشتێکی شایستە دەکرێ و دەڕواتەوە سەر وەزیفەکەی پێشووی، ئەگەر کارمەندی دەوڵەت بوبێ ساڵانی پەرلەمانتاریەکەشی بەخزمەت بۆ هەژماردەکرێ، ئەگەر لەکەرتی تابیەتیش بوبێ، یاکاری ئازادی خۆی هەبووبێ ئەوە خۆی ئازادە چی ئەکا.
دوهەم ــ لەهەندێک وڵاتانیتر خانەنشینیەکی معقولی بۆ دەبڕدرێتەوە لەپێناو دڵنیای تەواو لە ئایندەو دواڕۆژی، تادەست تێکەڵ نەکا لەگەڵ کۆمپانیاو دامەزراوە ئەهلییەکان یا چاو پۆشیکردن لە حکومەت، یا لەترسی سیخوڕی بۆبێگانە.
بۆ هەردوو حاڵەتەکە پاساوی خۆی هەیە، دیارە زەمینەو زەمان ومەکان گرنگن، هەرهێنان وتێکەڵکردنێکی ساڵی خزمەتی وەزیفی و زەڕب وتەقسیم و تەمەن لەگەڵ ئەم دوو مەبدەئەدا نایەتەوە، تەنیا پێچە بەدەورەو فێڵێکی زیرەکانەی زۆرینەی پەرلەمانتاران بەناوی چاکسازیەوە لەپێناومسۆگەرکردنی خانەنشینی نامەعقولدا.