abdulla-mala-nuri.jpg

شەق چییە؟!

Jun 13, 2022  |   بیروڕا 

عەبدوڵای مەلا نوری

 

ئەگەر ماناو مەدلولی شەق هەر ئەوەندە بوایە، کە کەسێک لە جوڵەیەکی فیزیکیدا بە قاچەکانی لە کەسێکی تر دەدات و پاش سەعاتێک و دو سەعات ئازارەکەی لەبیردەچێت، ئەوا گومانم نییە هەرگیز شەق وەک تاوان و کارێکی ئابڕوبەرانە تەماشا نەدەکرا.
ئازاری شەق لە مانا رەمزییەکەیدایە، کە مرۆڤێک یان دەسەڵاتێک لە سۆنگەی بونی هێزەوە هێرش دەکاتە سەر مرۆڤێکی ترو بە زمانی قاچ پێی دەڵێ: تۆ مرۆڤ نیت، تۆ مادەیەکی بێگیان و بێڕۆحیت، بونی تۆ بونێکە وەک مقەبا، وەک دار وەک بەرد، بونێکی بێنرخ.
واتە مانا بێزراو نەگریسەکەی شەق، لە لێکەوتە مادییەکەیدا نییە، کە شەقتێهەڵدراو توشی ئازاری جەستەیی دەبێ، بەڵکو لە لێکەوتە مەعنەویەکەیدا، کە شەقوەشێن بە شەقتێهەڵدراو دەڵێت: تۆ مادام هێزت نییە، ئیدی شایستەی رێزو ژیان و کەرامەت و ئازادی و ماف و بون نیت، تۆ شایستەی داگیرکردن و بەکارهێنانی وەک هەر کاڵایەکی تری دەرەمرۆڤ.
ئا لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت، شەق هەر ئەوە نییە بە قاچەکانی پۆلیس و ئاسایش تێتهەڵبدرێ، شەقی گەورەترو راستەقینە، کە شکۆ و هەناوی کۆمەڵگە دەخاتە ژێر پێکانی ستەمکار، بریتییە لە روتاندنەوەو برسیکردنی هاووڵاتیانی کوردستان.
لەم سۆنگەیەوە ئەو کاردانەوەیەی، کە ئەمڕۆ بۆ شەقی ناو دادگاکە هەبو کارێکی باشە، بەڵام دەبو و دەبێت زۆر لەوە زیاتر بۆ مەسەلەی گرانکردنی بەنزین و بێئاوی و بێکارەبایی و بێکاری و هەژاری و گەندەڵی لە رادەبەدەری ئەم دەسەڵاتە بەدڕەوشتە بکرێ، چونکە شەقی هەریەک لەو کێشە دروستکراوانە بە قوڵی بەر کەرامەتی خۆمان و ماڵومنداڵی یەکبەیەکمان کەوتووەو، رێک وەک ئەوەی ئەم دەسەڵاتە مەکینەی شەقی پێوەبەستبین هەمو ساتێکی ژیانمان کراوە بە دۆزەخ.