omer1.jpg

حکومەت خۆی بەشدارە لە گرانی بازاڕو قۆرخکاریی؟

Jun 12, 2022  |   بیروڕا 
 
ئەم خاڵانەی خوارەوە ئەو ڕاستیانە بوون ئەمڕۆ لە کۆبوونەوە داخراوەکەی پەرلەمان لەسەر (گرانی بازاڕو بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستی هاووڵاتیان) خستمانە ڕوو:
١- لە سەرەتای ساڵی (٢٠٢١)، وەزارەتی کارەبا بە ڕێنماییەک نرخی بەکارهێنانی یەکەی کارەبای لەسەر هاووڵاتیان و شوێنەکانی کەسابەت و بازرگانی و پیشەسازی گران کرد، بەکارهێنانی یەکەیەکی کارەبای ماڵانی لە (١٥ دینار)ەوە کردە (١٨ دینار)!
٢- بە بڕیاری ژمارە (١٢٦)ی‌ ساڵی‌ (٢٠١٧)، ئەنجومەنی وەزیران بە پاساوی ڕێکخستنەوەی‌ ڕسوماتی‌ شارەوانیەکان، ژمارەیەکی زۆر ڕسوماتی لەسەر خاوەن کارو پیشەو دوکاندارو کاسبکاری بازاڕ زیاد کرد، لە کاتێکدا بە پێی‌ بڕگەی‌ (یەکەم) لە ماددەی‌ (٢٨)ی‌ دەستور، هیچ "باج" و "ڕسومات"ێک وەرناگیرێت، هەروەها لێخۆشبوونی‌ بۆ ناکرێت تەنها بە یاسا نەبێت، بەمجۆرە ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ هەمواری یاسای ژمارە (١٣٠)ی ساڵی (١٩٦٣)، یاسای داهاتەکانی شارەوانی، نایاساییەو وەزارەت و ئەنجومەنی وەزیران دەسەڵاتی هەمواری یاسایان نیە.
٣- ڕۆژانە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان (٢٠,٠٠٠) بەرمیل نەوت دەپاڵێوێت، کە یەک ملیۆن لیتر بەرهەمی بەنزینی هەیە، پاڵاوتنی نەوتەکە بە قۆرخکارییە لای کۆمپانیای (کار)و دابەشکردنی بەنزینەکەش بە هەمانشێوە بە قۆرخکارییە لە ڕێگەی کۆمپانیای (سەن ئۆیڵ)ەوە، هیچ کەس نازانێت ئەم پڕۆسەیە چۆنەو بە چ پێوەرێک و ئەم بەنزینە چی لێدێت؟ بۆچی سلێمانی و دهۆک و شارەکانی تری لێ بێبەش دەکرێت؟
٤- بەناوی نەبوونی بودجە، بەبێ یاسا، بەشێکی زۆر لە خزمەتگوزاریی وەزارەتی تەندروستی کراوەتە پارە بەناوی نیمچە تایبەت(سیمی پرایڤێت)، بەمجۆرە لە بری ئەنجامدانی نەشتەرگەری بێ بەرانبەر، لە نەخۆشخانەکان پارە لە نەخۆش وەردەگیرێت.
٥- بە ژمارە (٣)، لە ساڵی (٢٠١٣)، یاسای کێبڕکێ و قەدەغەکردنی قۆرخکاریی لە هەرێمی کوردستان دەرچووە، هەتا ئێستا یاساکە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوەو حکومەت لە ڕێگە گرتن لە قۆرخکاریی هیچ هەنگاوێک جیدی نەناوەو هیچ پلان و بەرنامەیەکی نیە بۆ وەڵامدانەوەی داوای ڕەوای هاووڵاتیان لە ڕێگەگرتن بە قۆرخکاریی و سنوردانان بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکان.