r6.jpg

ئینستتیوتی پەی راپۆرتی هەشتەمی چاودێریی و هەڵسەنگاندنی پـەرلەمانـی كــوردستانی بڵاوكردەوە

Mar 28, 2022  |   هەواڵەکانی پەی 

 

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، ئەمڕۆ  دوو شەممە  28/3/2022  بە ئامادەبوونی ژمارەیەك پەرلەمانتار و چالاكوانانی مەدەنی و میدیاكان، راپۆرتی (8)ی چاودێریی پەرلەمانی كوردستانی بڵاوكردەوە. شایانی باسە ئەم راپۆرتە لەچوارچێوەی پرۆژەیەكە بەمەبەستی چاودێریكردنی پەرلەمانی كوردستان كە بەهاوكاری رێكخراوی سندوقی پاڵپشتی دیموكراسی (NED)ی ئەمەریكی جێبەجێدەكرێت، ناوەرۆكی ئەم راپۆرتە تایبەتە بە چاودێری و هەڵسەنگاندنی پەرلەمانی كوردستان لەماوەی شەش مانگی(1ی ئەیلولی 2021 بۆ 28 ی شوباتی 2022) خولی گرێدانی پاییزەدا.

 ئەمەش پوختەیەكی راپۆرتەكەیە:

 پەرلەمانی كوردستان لە شەش مانگی وەرزی پاییزەیدا كە لە(1ی ئەیلولی 2022 ەوە دەست پێدەكات تا (28ی شوباتی 2022)، لەهەڵسەنگاندنی راپۆرتی چاودێریماندا بەم شێوەیە خراوەتە روو:

  یەكەم: دانیشتنەكانی پەرلەمان:

سەرۆكی پەرلەمان لە دانیشتنی كردنەوەی خولی پاییزەدا لە (1/9/2021) بەلێنی دا لەبەر ئەوەی ژمارەیەكی زۆر پرۆژەیان لەسەر كەڵەكە بووە و پێویستی یاساییش هەیەو دەبێت دەربچوێنرێن، هەر بۆیە بەپێی مادەی (51)ی پەیڕەو كە هاتووە هەموو رۆژانی (سێشەممە و چوار شەممە) پەرلەمان كۆدەبێتەوە بۆ دەرچواندنی یاسا و رۆژانی (پێنج شەممە)ش بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ حكومەت، ناچارین ماددەكە جێبەجێ بكەین! بەپێی قسەكانی سەرۆكی پەرلەمان دەبوایە لە خولی گرێدانی پاییزەدا پەرلەمان (53) دانیشتنی بكردایە، بەلام پەرلەمان و سەرۆكایەتییەكەی ئەو بەلێنەیان بەجێ نەهێناو تەنها (13) جار كۆبوونەوە. كە  كۆی كاتی كۆبوونەوەكان نزیكەی (38:29) سی و هەشت كاتژمێر و بیست و نۆ خولەك بووە. شایەنی باسە نە لەم خولی پاییزەیەدا و نە لە هیچ كام خولەكانی تردا دانیشتنەكان نەگەیشتونەتە ئەو ئاستەی پەیرەوی ناوخۆ دەستنیشانی كردوون، كۆی دانیشتنەكانی پەرلەمان لە (6/11/2018 تا 28/2/2022) واتە بە (سێ ساڵا و سێ مانگ و بیست و چوار رۆژ)، تەنها (89) دانیشتن كراوە، لەكاتێكدا بەپێی پەیڕەو دەبوایە بەلای كەمەوە (240) كۆبوونەوەی ئەنجامبدایە.

 دووەم: دۆخی یاسادانان:

لە خولی پاییزەدا، خوێندنەوەی یەكەم بۆ (7) پێشنیاز و پرۆژەیاسا كراوە، (10) یاسا پەسەندكراون، لە كاتێكدا بەگشتی لەم خولی پێنجدا خوێندنەوەی یەكەم بۆ (66) پێشنیازە و پرۆژەیاسا كراون، (30) یاسا پەسەندكراون.

هەرچەندە پێشتر سەرۆكی پەرلەمان كۆمەلێك بەلێنی دابوو كە كاریان لەسەر بكات، وەك:

1- هەمواری یاساكانی:  وەبەرهێنان، پەروەردە، خانەنشینی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ.

2- بەدواداچوون بۆ گرفتەكانی دەروازە سنورییەكان، پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی، گەڕانەوەی پاشەكەوتی مووچە بە یاسا، چارەنوسی فەرمانبەرانی گرێبەست، دامەزراندنی یەكەمی زانكۆكان

3- هەوڵدان بۆ پێكهێنانی: ئەنجومەنی دەرمان و خۆراك و سندوقی داهاتە نەوتییەكان.

4- كاراكردنەوەی لیژنەی دەستوور.

5- هێنانی بودجەی (2020، 2021، 2022) بۆ پەرلەمان.

6-ئەمانەو چەندانی تر.

بەڵام نە لە خولی گرێدانەكانی پێشوو و نە لە خولی پاییزەشدا هیچكام لەو بەلێن و داواكارییانە جێبەجێ نەكران و كاریان لەسەر نەكرا.

جگە لەمە رەوشەكە گەیشتە ئاستێك ناڕەزایەتی پەرلەمانتاران لە ئەدای سەرۆكایەتی و بێدەسەڵات كردنی پەرلەمان و پشتگوێخستی لە لایەن حزبە سیاسیەكانەوە وەرز لە دوای وەرز لە هەڵكشاندایە.

لە خولی پاییزەدا، تەنها(10) یاسا پەسەندكراون، لەوانە (5) یاسای هەمواری یاسا كۆنەكانە، (1) یاسای بەركاری یاساكانی عیراقە، تەنها (4) یاسای لەلایەن پەرلەمانەوە دانراون

 سێیەم: دۆخی لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمان:

 لە خولی پاییزەدا، خوێندنەوەی یەكەم بۆ (7) پێشنیاز و پرۆژەیاسا و بڕیار كراوە، لیژنەكان وەك پێویست كاریان لەسەر پرۆژەكان نەكردووە كە راپۆرتیان لەسەر بنوسن و بیخەنە بەردەم سەرۆكایەتی پەرلەمان تا بخرێنە بەرنامەی كارەوە بەمەبەستی پەسەندكردن.

هەر لە سەرەتای خولی پێنجەمەوە دۆخی لیژنە هەمیشەییەكان وەك پێویست نیە، لە (6/11/2018 تا 28/2/2022) واتە بە سێ ساڵ و (3) مانگ و (22) رۆژ، خوێندنەوەی یەكەم بۆ (66) پێشنیاز و پرۆژەیاسا و بڕیار كراوە و ئاراستەی لیژنە هەمیشەییەكان كراوە، دەبوو لەو ماوەیەدا لەلایەن لیژنە هەمیشەییەكانەوە (148) راپۆرت بنوسرایە، بەڵام تەنها (93) راپۆرت نوسراوە، واتە (55) راپۆرت كە پێویست بوو بنوسرێت نەنوسراوە.

ئەركێكی تری لیژنەكان، بەداوداچوونە لەسەر ئاستی جێبەجێكردنی یاساكان، بەڵام بە وەرگرتنی چەند نموونەیەك لە خولی پاییزە بۆمان دەردەكەوێت ئەو ئەركەیان جێ‌ بەجێ‌ نەكردووە.

 چوارەم: دۆخی چاودێری دامەزراوەكان:

سەبارەت بە ئەركی چاودێری لەسەر دامەزراوەكانی جێبەجێكردن، پەرلەمانتاران دەتوانن پشت بەست بە ماددەكانی (58 تا 76)، ئەدای ئەو ئەركە بكەن، بەردەست نیە كە پەرلەمانتاران چەند پرسیاریان ئاڕاستە كردووە، بەڵام وەڵام نەدانەوەی پرسیار بۆتە نەریت و ئەندامان بەردەوام ناڕەزایەتی دەردەبڕن.

لە (13) دانیشتنی پەرلەماندا (3) ئەندامی ئەنجوومەنی وەزیران چوونەتە پەرلەمان، (وەزیرانی: ناوخۆ، كشتوكاڵ، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان)، ئەوانیش لەكاتی پەسەند كردنی یاساكاندا ئامادە بوون بەمەبەستی وەرگرتنی راو سەرنجیان، نەك لێپێچینەوەو بەدواداچوون.

 پێنجەم: پرسی بودجە و ژمێرەی كۆتایی:

ماوەی (9) ساڵە حكومەتی هەرێم، بودجەی نەناردۆتە پەرلەمان، ماوەی (11) ساڵیشە ژمێرەی كۆتایی نەنێردراوەو بەیانی دارایی نەبووە و نەخراوەتە بەردەم پەرلەمان.

 شەشەم: بودجەی پەرلەمان:

بەپێی پەیرەو ئەركی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانە بودجەی ساڵانە و ژمێرەی كۆتایی پەرلەمان، بخاتە بەردەم پەرلەمان بۆ پەسەندكردن، بەلام تا ئێستا پەرلەمان ئەم ئەركەی بەجێ نەگەیاندووە. پرسیار ئەوەیە پەرلەمان بۆچی بودجەی خۆی دانانێت؟! بۆچی ژمێرەی كۆتایی خۆی ناخاتە بەردەم پەرلەمان بۆ پەسەندكردن و ئاگاداربوونی پەرلەمانتاران و رای گشتی. لە كاتێكدا داوای بودجە و ژمێرەی كۆتایی لە حكومەت دەكەن؟!

 حەوتەم: بیرۆكەی ئەندامان

لەم خولی گرێدانی پاییزەیەدا هیچ بیرۆكەیەك لەلایەن ئەندامانەوە پێشكەش نەكراوە.

 هەشتەم: پێشێلكاری پەیڕەو و رێگری لە پەرلەمانتار

دوای ئەوەی بە بڕیاری ژمارە (2) ی رۆژی 31/3/2021  بەدەنگی (73) ئەندام سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ (د.كازم فاروق) بێبەش كرا لە بەشداری دانیشتنەكانی پەرلەمان. هەرچەندە پەرلەمانتاری ناوبراو دواتر (11) جار سەردانی پەرلەمانی كردووە، بۆ ئەوەی بەشداری دانیشتنەكان بكات، بەڵام هەر لە دەرگای دەرەوەی پەرلەمانەوە لەلایەن پاسەوانانی پەرلەمانەوە رێگری لێكراو رێگەی پێنەدرا بچێتە ناو تەلاری پەرلەمانەوە، لەكاتێكدا ئەمانەی دەگوزەرێن هەمووی پێچەوانەی پەیڕەو و یاسان.  تا لە ئەنجامدا رۆژی (27/2/2022) پەرلەمانتار كازم فاروق نامەی دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەش بە پەرلەمان كرد، بەڵام تا ئێستاش نەخراوەتە بەرنامەی كارەوەو داوای دەستلەكاركێشانەوەكەی پەسەند نەكراوە.

 نۆیەم: هەڵسەنگاندنی پەرلەمانی كوردستان بە پێوەرە نێودەوڵەتیەكان

یەكێتی پەرلەمانەكانی جیهان (IPU) پێوەرێكی پێنج پلەیی بۆ پێوانەكردنی ئاستی چالاكی پەرلەمانەكان و هەڵسەنگاندنی خودی پەرلەمانتاران داناوە، ئێمە لە راپۆرتەكەماندا بەدرێژی باسمان لێوەكردووەو بەسەر رەوشی پەرلەمانی كوردستاندا جێبەجێمان كردووە. بەكورتی لە چوارچێوەی ئەو پێوەرانەدا گەیشتینە ئەو ئەنجامەی كە: ئاستی پەرلەمان لە دانیشتنەكاندا لاوازە، رێژەی ئامادەبوونی پەرلەمانتاران و شێوازی بەڕێوەچوونی دانیشتنەكانی كۆنترۆڵ نەكراوە، ئاستی بالانس لە بەشداری ئەندامان لاوازە، ئاستی چالاكی یاسادانان سنوردارە كە تەنها (10) یاسا پەسەندكراوە. ئاستی دەستپێشخەری پرۆژە یاساكان لەلایەن ئەندامانەوە لەم خولەدا سنوردارە. بەشداری ئەندامان لەكاری چاودێری لە ئاستێكی لاوازدایە. ئاستی دەسپاكیی پەرلەمان لەلایەن دەستەی سەرۆكایەتیەوە گومان خراوەتە سەر ئەندامانی پەرلەمان. لە بواری چاودێریدا پەرلەمان بە ئەركی خۆی هەڵنەستاوە، هیچ پرساندنێكی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران نەكراوە، هیچ لیژنەیەكی لێكۆلینەوە پێك نەهێنراوە، هیچ وەزیرێك متمانەی لێنەسەنراوەتەوەو هیچ دەنگدانێكیش بەمەبەستی وەرگرتنەوەی متمانە لە وەزیر نەكراوە، تەنانەت ژمارەی ئەو پرسیارانەش نازانرێت و راناگەیەنرێت كە ئاراستەی دەسەلاتی جێبەجێكردن كراون كە ئاخۆ چەندیان وەلامدراونەتەوەو چەندیشیان بێ وەلامن. لەدانیشتنەكانی پەرلەماندا وەك پێویست شەفافیەت نیە، زوو زوو پەخشی راستەوخۆ دەوەستێت، هەموو بابەتەكانی تایبەت بەپەرلەمان لە ماڵپەرەكەیدا دانانرێت، رێگە بە هاولاتیان و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی نادرێت بەشداری بینینی دانیشتنەكان بن لە هۆڵی پەرلەماندا. سزای ئەندامان دەدرێت لەدەرەوەی پەیرەو و بە میزاج وتەكانیان لە پرۆتۆكۆل دەسڕدرێنەوە و گەلێ جار لە دانیشتنەكان دەكرێنە دەرەوەو بێبەش دەكرێن. ئەمانە هەمووی ئەوە دەگەیەنن كە پەرلەمانی كوردستان كارەكانی لەگەل پێوەرە نێودەوڵەتییەكاندا وێك نایەتەوە.

 دەیەم: ئەنجام

پەرلەمانی كوردستان وەك بەرزترین دامەزراوەی هەرێم و تاكە مەرجەعی سیاسی و یاسایی، دامەزراوەی هەڵبژێردراو كە تەعبیر لە نوێنەرایەتی سەرجەم هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەكات و بە یاسا و پەیرەو كارەكانی رێكخراوەو ئەرك و دەسەلاتەكانی دەستنیشانكراون. بەڵام ئەوەی جێگەی تێڕامانە ئەم دامەزراوە بالایە گلێندراوەتە ململانێ سیاسیەكان و نەیتوانیوە ئەركەكانی جێبەجێ بكات. ئەم راپۆرتە كە هەڵسەنگاندنی بۆ خولی گرێدانی پاییزەی ساڵی 2021 ی پەرلەمان كردووە، سەرجەم داتاو زانیارییەكانی ئەو ماوە دیاریكراوەی دۆكیۆمێنت كردووە، ئەم راستیانەی خستۆتە روو:

 ئەركی پەرلەمان لە یاساداناندا:

1-   پەرلەمان نەیتوانیوە وەك پێویست بە ئەركی یاسادانان هەڵسێت.

2-   ئەو یاسایانەی پەرلەمان دەریكردوون هەم لە رووی (شكلی) و هەم لە رووی (مەوزوعی)ەوە گرفتیان هەبووەو كوالیتیان وەك پێویست نییە.

3- لەماوەی خولی پاییزەی پەرلەمان ژمارەیەكی كەم پرۆژە یاساو بڕیار خوێندنەوەیان بۆ كراوە. 

 ئەركی پەرلەمان لە چاودێریكردنی دەسەلاتی جێبەجێكردندا:

1- وێرای ئەو هەموو ناڕەزایی و كەموكوڕی و داوایەی هەبوو، متمانە لە هیچ وەزیرێك نەسەنراوەتەوە.

2- لەلایەن ژمارەی یاسایی ئەندامانەوە هیچ یادداشتێك بەمەبەستی داوای پرساندنی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران پێشكەش نەكراوە.

3- لەماوەی ئەم خولی گرێدانەدا نازانرێت ئەندامانی پەرلەمان چەند پرسیاریان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران كردووە.

4- لە خولی بەهارەدا سەرۆكی پەرلەمان لەنوسراوێكدا پێچەوانەی پەیرەوی ناوخۆ و یاساكان رێگری پەرلەمانتاران كرد كە پرۆژەكان بەسەربكەنەوە بەمەبەستی چاودێری، بەم نوسراوەی گومانی خستەسەر كۆی پەرلەمانتاران و كاری پەرلەمانی. سەرباری نایاسایی بوون و نارەزایی پەرلەمانتاران لەهەمبەر بڕیارەكەدا، لە خولی پاییزەشدا بڕیارەكە هەڵنەوەشایەوەو تا ئێستاشی لەگەڵدابێت بەركارە.

 ئەركی پەرلەمان لە پەسەندكردنی بودجەی هەرێمدا:

1- ماوەی (9) ساڵە (2014-2022) حكومەت بودجەی ئامادەنەكردووەو پەرلەمانیش بێدەنگە.

1- ماوەی (11) ساڵە (2011-2021) حكومەت ژمێرەی كۆتایی و بەیانی مالی ئامادەنەكردووەو پەرلەمانیش بێدەنگە.

3- ماوەی چوار سڵە ئەم خولەی پەرلەمان ژمێرەی كۆتایی پەرلەمانی نەخستۆتە بەردەست ئەندامەكانی!

 

پەرلەمانی كوردستان وەك مەرجەعی بالای نیشتمانی:

1-دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان، لە ئاستی چاوەڕوانییەكانی خەڵكی كوردستان نییە، پەرلەمان ناتوانێت رۆڵی مەرجەعی باڵای سیاسی و یاسایی هەرێم بگێرێت.

2- دەستوری هەرێمی كوردستان كە كە پێویستییەكی گرنگ بوو هیچ هەنگاوێكی كرداری بۆ نەنراوە.

3-لە دانوستاندنی نێوان هەولێر و بەغدادا دەبوایە پەرلەمانی كوردستان مەرجەع و كۆكەرەوەی هەموو دەنگ و بۆچوونەكان بێت بەڵام هیچ رۆلێكی نەبوو.

4- وێرای چەندین جار داوای ئەندامان بۆ گفتوگۆ لەسەر قەرزەكانی سەر حكومەت لەم خولەدا هیچ كارێكی لەسەر نەكرا.

5- سەرۆكایەتی پەرلەمان لەماوەی (6) مانگدا (18) بەیانی راگەیاندووە، كە پێكهاتووە لە: (10) پەیامی پرسە، (7) پەیامی پیرۆزبایی، (1) بەیاننامە. لەكاتێكدا زۆر پرسی گرنگ هەبوون و پێویست بوو پەرلەمان هەڵوێستی لەبەرامبەریاندا هەبێت.

6- ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان لەماوەی (6) مانگدا (40) پەیامیان راگەیاندووە، لەوانە سەرۆكی پەرلەمان (27)پەیام، جێگری سەرۆكی پەرلەمان (12) پەیام، سكرتێری پەرلەمان (1) پەیامی بڵاوكردۆتەوە، كە تێكڕایان بریتین لە: (19) پەیام بەبۆنەی پرسەوە، (19) پەیامی پیرۆزبایی، (2) پشتیوانی.

 پێشێلی پەیرەو لەلایەن دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان:

1- لەماوەی خولی گرێدانی پاییزەدا پەرلەمانی كوردستان تەنها (13) دانیشتنی ئەنجامداوە، لەكاتێكدا پێویست بوو لەو ماوەیەدا بەلای كەمەوە (40) كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجام بدات، جگە لە كۆبوونەوەی نائاسایی.

2- لەم خولی گرێدانەدا پەرلەمان تەنها (38:29) سی و هەشت كاتژمێرو بیست و نۆ خولەك كۆبۆتەوە، ئەگەر وەك نەریتێك وەریبگرین و هەر كۆبوونەوەیەك تەنها (3) كاتژمێری بۆ دابنرێت، پێویست بوو بەلای كەمەوە لەماوەی ئەم خولەدا پەرلەمان (120) كاتژمێر كۆ ببێتەوە.

3- بەهۆی گوێنەگرتن لە داوای ئەندامان، بەشی زۆری دانیشتنەكان گرژی تێدەكەوێت، سەرۆكایەتیش بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە پەخش رادەگرێت و چەند جارێكیش لەم خولەدا دانیشتنەكەی هەڵگرتووە.

4- بەپێی ماددەی (66) بڕگەی یەكەم، (3) یاداشت هەیە كە ژمارەی یاسایی ئەندامان واژۆیان كردووە بەمەبەستی خستنەڕووی بابەتێكی گشتی بۆ گفتوگۆ، بەڵام دەستەی سەرۆكایەتی نەیخستۆتە بەرنامەی كارەوە.

 پێشێلی پەیرەو لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە:

1- ئەندامی پەرلەمانیش چەندین جار پەیڕەو پێشل دەكەن، بەتایبەت لە كاتی ئاخاوتنەكاندا.

2- لیژنە هەمیشەییەكان ئەركی پەیڕەوییان ئەنجام نەداوە، سست بوون لەسەر نوسینی راپۆرت لەسەر پرۆژەو پێشنیازەیاساكان.

3- لەماوەی ئەم خولەدا لیژنەكانی پەرلەمان كە ژمارەیان (19) لیژنەیە تەنها (105) كۆبوونەوەیان كردووە، لەكاتێكدا بەپێی پەیرەو بەلای كەمەوە پێویست بوو بە هەر نۆزدە لیژنەكە لەماوەی ئەم خولەدا بەلای كەمەوە (152) جار كۆبونەوە بكەن.

4- لەم خولەدا (4) پەرلەمانتار (هیچ) قسەیەكیان نەكردووە، كە پەرلەمانتار كازم فاروق رێگەی پێنەدراوە بەشداری دانیشتنەكان بكات، بەڵام سێ پەرلەمانتارەكەی تر بەشدار بوون لە دانیشتنەكاندا، (8) پەرلەمانتار (یەك جار) قسەیان كردووە، (8) پەرلەمانتار (دوو جار) قسەیان كردووە، (8) پەرلەمانتار (سێ‌ جار) قسەیان كردووە، (12) پەرلەمانتار (چوار جار) قسەیان كردووە، (7) پەرلەمانتار (پێنج جار) قسەیان كردووە...هتد.

5- كاتێك سەرنجی دانیشتنەكانی پەرلەمان دەدەین، بەڕوونی دیارە بەشداری چەندین ئەندام لە گفتوگۆكان تەنها لە پێناو قسەكردنە، نەك ئیزافەیەك بۆ گفتوگۆكان.

 یانزەهەم: راسپاردەكان

1- پێویست بوو لەم خولی پاییزەیەدا كار لەسەر پرۆژە یاساكانی (بودجەی 2022، یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان) بكرێت، بەشێوەیەك كە لەگەڵا فرە بازنەیی بگونجێنرێت و چارەسەری ناكۆكییەكانی نێوان یاسای هەڵبژاردن و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی تیادا بكرێت، بۆئەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە هەرێم هاوتای عێراق بە یاسایەكی نوێ‌ ئەنجام بدرێت، بەڵام نەكرا

2- ئەركی پەرلەمانە سەرۆكایەتی دەستەی (دەستپاكی) و كۆمسیارانی (كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان) بگۆڕێت یا نوێیان بكاتەوە كە ماوەی یاساییان بەسەر چووە.

3- لیژنە هەمیشەییەكان لە زووترین كاتدا راپۆرت لەسەر پرۆژەیاساكان بنوسن بۆ ئەوەی پەسەند بكرێن.

4- بۆشایی یاسایی لە پەیرەوی ناوخۆی پەرلەماندا هەیە، پێویستە هەموار بكرێتەوە.

5- دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان وردتربێت و ئەو پێشێلكاریانەی پەیرەو كە كراون و دەكرێن رایان بگرێت.

6- پەرلەمان چاودێریی دەسەلاتی جێبەجێكردن بكات لەو پێشێلكارییە یاساییانەی دەیكەن رایان بگرێت.

7- هەڵوەشانەوەی ئەو نوسراوەی سەرۆكی پەرلەمان دەریكردووە كە پەرلەمانتاران قەدەغەدەكات لە چاودێریكردنی پرۆژەكان.

8- ماڵپەڕی فەرمی پەرلەمانی كەم و كوڕی زۆرە، چەندین یاسا و بڕیار كە دەرچوون دانەنراوە، ئەرشیفی خولەكانی پێشووی پەرلەمانیش دانەنراوە، بۆیە گرنگە ئەم ماڵپەڕی ئێستا ببێتە ماڵپەڕی فەرمی هەموو پەرلەمان نەك تەنها خولی پێنج.