Abdlstar1.jpg

حزب دەستی خستۆتە گەروی کاسبکارانی باشماخ

Feb 16, 2022  |   بیروڕا 

* عەبدولستار مەجید

لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بەشێک لە کاسبکارانی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ، بەتایبەت خاوەن نوسینگەکانی گومرگ پەیوەندیان پێوەکردین و باسیان لە پیلانێکی حزب کرد کە بۆتە هۆی بێکاربوونیان .

دوای بەدواداچوونی سکاڵاکەیان، دەرکەوت لە باشماخ نزیکەی ١٣٠ نوسینگەی گومرگ هەبووە، کاتی خۆی بەڵێن لە خاوەنی ئەم نوسینگانە وەرگیراوە کە لەبەرامبەر مۆڵەتی کارکردندا، بۆیان نیە هەرگیز داوای دامەزراندن و کارکردن بکەن لە کەرتی گشتیی .

بەڵام ئێستا حزب و کەسانی دەستڕۆیشتوی ناو حزب، هەڵساون لە دەرەوەی ئەو نوسینگانە، نوسینگەی دیکەی گومرگیان کردۆتەوە و کارێکیشیان کردووە هەر نوسینگەیەکی خۆیان تایبەتکردووە بە گومرگی کاڵایەکی دیاریکراو و، هەر کاڵایەکیش کە هاوردە دەکرێت ئەگەر لەلایەن ئەم نوسینگە سێبەرانەی حزبەوە نەبێت، پشکنینەکەیان ڕەتدەکرێتەوە و کێشە بۆ هاوردەکردنی دروست دەکرێت .

جگە لەوەش قاچاخچێتی و باری (فری) کە دیسان حزب و دەستڕۆیشتوەکانی حزبی لە پشتە، یەکێکی دیکەیە لە بێکاربوونی نوسینگەکانی گومرگ چونکە ئەم بارە قاچاخانە بێ پشکنین و بێ گومرگ هاوردە دەکرێن .

بۆئەوەی هیچ کەس نەتوانێت دەستی بگاتە زانیاریی ئەو نوسینگە سێبەرانەی حزب، کارمەند و شاگردیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بۆ هێناوە چونکە ئەوان لە دۆخی ناوخۆی هەرێم شارەزا نین و قسەش بۆ کەس ناکەن و ئەو پارەیەشی وەریدەگرن، بۆ ئەوان زۆر زۆر دەکات .

بۆیە "ئەگەر شتێک بەناوی حکومەت"ــەوە هەیە، ئەم دەروازە سنورییانە کۆنترۆڵ بکات، ناگونجێت ئیدیعای حکومەتداری بکەیت و شادەماری ئابوری خەڵک بەدەست حزب و شەخس و تاقم و گروپی ترەوە بێت .

* سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری له‌ په‌رله‌مانى كوردستان