خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی لە پەیامێكدا هۆشداری دەدەن لە بەكارهێنانی توندوتیژی بەرامبەریان و جەخت لەوەش دەكەنەوە، چیتر خۆپیشاندان بۆ دەرماڵە نییە و بۆ گەڕانەوەی شكۆیە بۆ خوێندكاران.
خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا باسیان لەوە كردووە، سەرەتا ئەم خۆپیشاندانانە نە رێكخەرێكی هەیەو نە نوێنەرێك و هەمومان رێكخەر و نوێنەرین، بۆیە قبوڵمان نییە هیچ حزب و رێكخراو و كەسایەتییەك خۆی بكاتە پاڵەوانی مەیدان.
ئەوەش هاتووە، ئەم خۆپیشاندانانە بۆ دەرماڵە نییە و دەرماڵە دوایین شتە داوای دەكەین، بەڵكو بۆ گەڕاندنەوەی شكۆیە بۆ زانكۆ و خوێندكاری زانكۆ، وامان لێهاتووە شەرم بكەین بڵێین لەزانكۆ دەخوێنین، چونكە زانكۆ نەیتوانیوە لەم چەند ساڵەی رابردودا هیچ رۆڵێكی هەبێت و خوێندكاریش نەیتوانیوە هیچ شتێك بكات.
لە بەشێكی تری راگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئامانجی ئێمە گەڕاندنەوەی شكۆی زانكۆیە ئەویش لە رێگەی دەركردنی حزب لە زانكۆ و ئەمانەوێت حزب ئەم بارەگایە چۆڵ بكات و ئەم بارەگایە ببێتەوە بەزانكۆ و سەرلەنوێ بونیادی بنێینەوە، مانای چییە خوێندكارێك چوار ساڵ خۆی هیلاك بكات و لەیەكەمەكان بێت و كەچی لەكۆتایی ساڵدا حزب دێت و یەكەمەكان دیاری دەكات.
هەر لەوەڵامی راگەیەندراوی دەزگا ئەمنیەكان كە دەڵێت گومانی بونی كەسی سەرەڕۆیان هەبووە بۆیە وایان كردوە هاتوە، دەی ئەگەر بەقسەی ئێوە بێت ئێمە گشتمان سەرەڕۆو چەقۆكێشین، تكامان وایە واز لەو قسە سواوانە بێنن كە دەیەیەكە بۆ پینەكردنی كارە ناشیرینەكانتان بەكاری دێنن، باش بزانن لە شەق و چەكەكانتان ناترسین، بەڵكو لە مانەوەمان لەم دۆخەدا ئەترسین.
لەكۆتاییدا جەختیان كردۆتەوە، دڵنیابن ئێوە چەند پاڵمان بنێن و راومان بنێن لەكۆتاییدا ئەگەر بەهێواشیش بێت هەر بەرەو پێشەوە دێین، بۆ لەمەودوا ئازاردانی هەر خوێندكارێك لەئەستۆی ئەواندا دەبنینەوە و قبوڵی ناكەین گەربێت و گازی فرمێسكڕێژ یان داری كارەبایی دژی هەر خوێندكارێك بەكاربێت.