* عهبدولستار مهجید
بەحساب سەرۆکایەتی پەرلەمان بڕیاری ناردنی لیژنەیەکی پەرلەمانیی داوە بۆ سنورەکانی پۆڵەندا و بێلاڕوسیا بۆ ئاگاداربوون لە ڕەوشی پەنابەران !
با ئەوە لەولاوە بوەستێ کە ئەم سەرۆکایەتییەی پەرلەمان کارێکیان کردووە کە شکۆی پەرلەمانیان شکاندووە و ئەجێندا و خواستی حزبییش، هیچ ڕۆڵ و دەسەڵاتێکی بۆ نەهێشتۆتەوە بۆیە هیچ پەیوەندییەکیان بە خەم و خواست و کێشەی خەڵکەوە نیە، ئەو خەڵکەشی کە کۆچدەکات و ڕێگەی ئاوارەیی دەگرێتەبەر، لەوپەڕی بێهیوابووندا ئەو بڕیارەیانداوە و لەداخ و خەمی گەندەڵیی و ناعەدالەتیی و ستەمکارییدا لە وڵات هەڵاتوون .
بۆیە بەوپەڕی قەناعەتەوە دەڵێم، باشترە دەسەڵات و پەرلەمانتارەکانیان خۆیان لە چوون بۆلای پەنابەران بپارێزن، چونکە هەم نەویستراون هەم ڕەنگە پێشوازیلێکردنیان پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانیان بێت ! هیچ نەبێت لێیانگەڕێن لە ئاوارەییدا گوێیان لە درۆ نەبێت !
ئەو بابەتە لیژنەی ناوێت و پێویستی بە ڕاپۆرتی ئێوە نیە، برین و قەیرانەکە لەناوخۆیە، لە زۆریی دز و زەبەلاحیی گەندەڵیی و ستەمکارییدایە !
ئێوە بە نەهێشتنی گەندەڵیی و گێڕانەوەی سامانی گشتیی بۆ خەڵک و بڕینی دەستی حزب و کۆمپانیاکانتان لە قوڕگ و قوتی خەڵک، هیوایەک بگێڕنەوە، خەڵک خۆی وابەستە دەبێت بە زێدی خۆیەوە و ڕێگەی کۆچ و ئاوارەیی هەڵنابژێرێت !
* سهرۆكى فیراكسیۆنى كۆمهڵ