Danadara.jpg

سەرنجی یاسایی لەسەر پڕۆژە یاسای سەرپەرشتی كردنی پڕۆژەكانی كشتوكاڵی لە هەرێمی كوردستان – عێراق

Nov 10, 2021  |   بیروڕا 

* دانا دارا حسین
پڕۆژەكە خاوەنداریەتی بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە و لە (10)ماددە و هۆیەكانی دەرچوون پێكهاتووە، ئەم سەرنجانەش لە بارەیانەوە دەخەمە ڕوو:

1. ناونیشانی پڕۆژەكە كە بۆ سەرپەرشتی پڕۆژە كشتوكاڵیەكان هاتووە، لەكاتێكدا وەك لە ناوەرۆكی پڕۆژەكە هاتووە مەبەست تێیدا تەنها پڕۆژە كشتوكاڵیەكانە، كە خاوەنداریەتیان بۆ كەرتی تایبەت دەگەڕێتەوە بۆیە پێویستە ئەم بوارەی پیشەسازی كشتوكاڵ لە هەرێم كە زۆرتر وایە لەلایەن كەرتی تایبەتەوە دەكرێت بنووسرێت، پێویستە ناونیشانەكە داڕشتنەوەی بۆ بكرێت بەشێوەیەك پڕۆژەكانی كشتوكاڵی لە وەزارەتی كشتوكاڵ كە سەرپەرشتی دەكات و بەپێی یاسای وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم ڕێكخراون جودا بكرێتەوە لە پڕۆژەكانی كەرتی تایبەت كە وەبەرهێنانی كشتوكاڵی دەكەن و سەرپەرشتیكاری نادامەزراوی بۆ دادەنرێت.

2. ماددەی (1) لە بڕگەی شەشەم دا وێڕای پێناسەی پڕۆژەی كشتوكاڵی پێویستە ئامانجی (پیشەسازی كشتوكاڵی) بۆ زیاد بكرێت چونكە لە ماددەی (2)دا كارگەی بەرووبومی كشتوكاڵی باس كراوە.

3. بڕگەی حەوتەم ئەوەی بۆ زیاد بكرێت كە كەسی (سەرپەرشتیار) هەڵگری بڕوانامەی ئەو بوارە كشتوكاڵیانە بێت كە هاتووە، هەروەها بنووسرێت كە كەسی سەرپەرشتیار بەگرێبەستێك لەگەڵ خاوەن كار ئەم كارە ئەنجام بدات و بەشێوەی كرداری بێت نەك (صوري).

4. لەپاش كۆتایی ماددەی (1) ئەو دەقە بەڕوونی بنووسرێت كە چوارچێوەی پیادە كردنی یاساكە چییە و كوێ یە و ئایا یاساكە كاریگەری بۆ پڕۆژەكانی پێش دەرچوونی یاساكەش دەگرێتەوە.

5. ئەوەی تێبینی دەكرێت لە كۆی ماددەكان تریدا ئەم پڕۆژەیە باس لە ماف و ئەرك و ئیمتیازەكانی كەسی (سەرپەرشتیار) دەكات بەتەنها نەك سەرپەرشتی گشتی پڕۆژەیەكی كشتوكاڵی، بۆیە پێشنیارەكەم كە ناوی تەشریعەكە بگۆڕێت بە (یاسای سەرپەرشتیكارانی پڕۆژە كشتوكاڵیەكانی كەرتی تایبەت لە هەرێمی كوردستان).

6. ماددەی(2) كە ئەوەی تیادا هاتووە كە بۆ سەرجەم پڕۆژەكان سەرپەرشتیاریی دادەنرێت لەلایەن فەرمانگەی پەیوەندیدار كە فەرمانگەی كشتوكاڵی یان ڤێتێنەری سنوورەكەیە و لە دیباجەی ماددەكەدا هاتووە كە مەرجە ئەو كەسەی دادەنرێت لەفەرمانگەی حكومەت دا دانەمەزرا بێت؟!

كەواتە چۆن ئەو فەرمانگەی كشتوكاڵیە ئەو كەسە دەناسێت كە لە فەرمانگەكەی دا تۆمار نیيە و لەوانەشە لە سەندیكاش هێشتا ئینتمای نەكرد بێت، بەڵام كەسەكە لەلایەن خاوەن پڕۆژەكەوە پەسەند بێت؟!

7. ماددەی (3) پێویستە لەبەر ڕۆشنایی پرەنسیپی (العقد شریعە المتعاقدین )ڕێك خستنەوەی بۆ بكرێتەوە؟

8. ماددەی (4) سەرنجی لەسەر نیيە.

9.ماددەی (7) بكرێت بە ماددەی (5).

10. ئایا بۆ زیادبوونی ڕووبەری پڕۆژەكان ناكرێت كەسی سەرپەرشتیاریش زیاد بكرێت؟

11. هەروەها ماددەی (6) بخرێتە پێش ماددەی (5)ی پڕۆژەكە، چونكە لەڕووی ڕیزبەندی لۆجیكیەوە وەها دروستە.

12. ماددەكانی (8+9+10) ماددەی پرۆتۆكۆلین هیچ سەرنجی لەسەر نیيە، هەروەها هۆیەكانی دەرچوونیش.

9/11/2021

* ڕاوێژكاری یاسایی پەرلەمان