Dlshad.jpg

هەڵبژاردن و دۆخی ئاڵۆزی عێراق !

Oct 18, 2021  |   بیروڕا 

دڵشاد ئەنوەر
هەڵبژاردنی پەرلەمان و خراپی دەرئەنجامەكانی بۆ بەشێك لە هێزە شێعیەكان، دۆخی عێراقی ئاڵۆزكردووە و ڕەنگە ئاڵۆزتریشی بكات، بەڵام پێناچێت بگاتە ئاستی پێكدادانی چەكداری، وەكئەوەی زۆرێك پێشبینی بۆ دەكەن.

ڕەتكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژارد لەلایەن ( مالكی، عامری، عەبادی و حەكیم)، بەقەد ئەوەی فشارە بۆ ڕێگریكردن لە پێكهێنانی حكومەت لەلایەن سەدرەوە، هێندە ڕەتكردنەوەی ئەنجامە خراپەكانیان نیە، ئەوان كاتێك دەنگیان نەهێنا، زەرەریان كرد، نایانەوێت زەرەرەكەیان تۆختر بێتەوە و حكومەت بكەوێتە دەست سەدر.

سەدر زورینەی كورسیەكانی بردووەتەوە و تموحی پێكهێنانی حكومەتی هەیە، بەڵام پێناچێت بەئاسانی ڕێگەی پێكهێنانی حكومەتی پێبدرێت، هەروەك سەدریش بەئاسانی مل نادات، چونكە گەر دەستبەرداری پێكهێنانی حكومەت بێت دەشكێت، هەرچەندە ئەزموونی سەدر پڕە لە (كەڕوفەڕ).

هاوكات لەگەڵ جوڵەی سەدردا، لایەنە نەیارەكانی بەسەرۆكایەتی مالیكی، دەیانەوێت گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی پێكبهێنن و ئەوان حكومەت دروست بكەن، دیسانەوە بازدانی ئەوانیش بەسەر سەدردا، ئاسان نیە.

لە سەروبەندی كێشمەكێشی نێوان هێزە شیعیەكاندا، كورد و سونە تەماشا دەكەن، ناوێرن بچنە هیچ بەرەیەكیانەوە، دەیانەوێت چاوەڕێ بكەن و بەرچاویان ڕوونبێت، ئینجا بڕیار بدەن.

كێشمەكێشی نێوان هێزە شیعیەكان ڕەنگە درێژە بكێشێت، پێكهێنانی حكومەت لەلایەن بەرەیەكیان بێ بەرەكەی تر ئاسان نیە، چونكە لەمپەری زور لەبەردەم حكومەت دروست دەبێت، ڕەنگە دواجار پەنا ببرێتەوە بەر  پێكهێنانی حكومەتی تەوافقی، كە ئەزمونی عێراقیش لەگەڵ ئەم جۆرە حكومەتەدا، ئەزمونێكی تاڵ و پڕ كێشەیە.