Mwslim.jpg

ئاییندەی پەیمانگاکانی ڕاهێنان و گەشەپێدانی پەروەردەیی مامۆستایان بەرەو کوێ ؟!!

Oct 7, 2021  |   بیروڕا 

موسلیم عه‌بدوڵڵا

تێبینی ⁄ ئاراستەکردنی پرسیارێکم بۆ وەزارەتی پەروەردە لەسەر چارەنووسی پەیمانگاکانی ڕاھێنان وگەشەپێدانی پەروەردەیی و پێگەیاندنی مامۆستایان .
یەکێک لەبنچینە سەرەکیەکانی سەرکەوتنی پڕۆسەی خوێندن لە(کەرتی پەروەردە)دا بریتی یە لەکردنەوەی خولی پێگەیاندن و مەشقی ساڵانە بۆ مامۆستایان لەڕێگەی :
- پەیمانگاکانی ڕاهێنان و گەشەپێدانی پەروەردەیی کەلەهەرسێ پارێزگای (ھەولێرو سلێمانی و دھۆک و ئیدارەی گەرمیان) لە٢٠١٤ وە دامەزراوە، لەڕێگەی ڕاهێنەرانی پەروەردەیی تایبەتمەندەوە چەندین مامۆستای هەڵگری بڕوانامەی دبلۆم لەو پەیمانگایانە سودمەندبوون و خولی دوو ساڵەیان تەواو کردووە، ئەمە سەرەڕای زەڕووڕەتی بوونی جۆرەها وۆرکشۆپ و سیمیناری پەروەردەیی..
- ھەروەھا خولی ساڵانەی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەکان لەبواری شێوازو ڕێگاکانی وانەگوتنەوەو گرنگیدان بەتوێژینەوەو گەشەپێدانی مرۆیی
کەئەمەش دەرفەتێکی زۆرباشە بۆ پێگەیاندن و ئەزموونکردنی شێوازی دروستی وانەگوتنەوە بۆ مامۆستایانی وانەبێژو، دەوڵەمەندکردنی ھەگبەی زانیاری مامۆستایان بەگشتی .
ئەوەی گرنگە لێرەدا ئەوەیە بۆ بەرەو پێشبردنی کەرتی پەروەردەو بەرجەستەکردنی ئەزموونێکی پر لەزانیاری و شێوازی درووستی وانەگوتنەوە، پێویستمان بەکردنەوەی چەندین پەیمانگای ترە بۆ ڕاھێنان و گەشەپێدانی تواناکانی مامۆستایان نەک ئەوەی ھەیە ھەڵپەسێردرێت و ڕاھێنەران و مامۆستایانیش نیگەران بکات .
کە بەداخەوە" چەند ساڵێکە بەھۆکاری جیاجیای کۆڕۆنا ڤایرۆس و دۆخی خەراپی دارایی وبێ پلانیەوە ئەم ناوەندانە" نەیانتوانیوە ڕۆڵی خۆیان بگێڕن و ساڵانە خزمەت بەمامۆستایان بکەن، کەساڵ بەساڵ پەیمانگاکانی گەشەپێدانی پەروەردەیی پەراوێز دەخرێن و کێشەیان بۆ دروست دەکرێت، وەلەئێستادا ھەوڵی هەڵپەساردن و داخستنی ئەم پەیمانگا پەروەردەییانە لەئارادایە، بێگومان ئەمەش بۆتەجێی نیگەرانی لەلای مامۆستایانی ڕاھێنەرو کاریگەری خەراپیش دەخاتەسەر دابەزینی کوالیتی خوێندن لەقوتابخانەکان.
بۆیە بەڕەچاوکردنی پێشھات و گرفتەپەروەردەییەکانی چەندساڵەی پێشوو وەزارەتی پەروەردە پێویستە پلانی بوژاندنەوەو بەردەوامی ھەبێت لە کردنەوەی خولی ساڵانەو گەشەپێدانی ئەم ناوەندانە .
تێبینی ⁄ یاداشتی مامۆستایانی پەیمانگاکانی ڕاھێنان و گەشەپێدانی پەروەردەیی،
وەک خۆی ؛؛
بەڕێزان لای هەمووان ئاشکرایە مەشق و ڕاھێنان ڕەوڕەوەی گەشەکردنە و یەکێکە لە پاڵنەرەکانی کارامەیی و ڕزگارکردنی مامۆستایان لە چەقبەستوویی و بریتییە لە جەوهەر و کاکڵەی پێشکەوتن و گەشەی پەروەردە . لەبەر ئەوە پەروەردە بە بەردەوامیی پێویستی بە ناوەندێکی ڕاهێنان و گەشەپێدانی پەروەردەیی هەیە کەستافێکی ڕاهێنەرانی پەروەردەیی کاری تێدا بکەن . بەڵام بە داخەوە بڕیارێکی وەزارەت دەرچووە بۆ هەڵپەساردنی کاری پەیمانگای ڕاهێنان و گەشەپێدان بەبێ هیچ ئاڵتەرناتیڤ و جێگرەوەیەک کە پێمان وایە بەوشێوەیە دەبێتە هۆی وەستاندنی کاری ڕاهێنان و گەشەکردن . لە کاتێکدا کە ڕاهێنەرەکانی پەیمانگا بەشدارییان کردووە لە خوولێکی ئاستبەرزی وەزارەتی پەروەردە بە هاوکاریی کۆلێجی بێرمینگهامی بەریتانی و هەموویان خاوەن ئەزموونێکی قووڵ و دوورودرێژن لە پەروەردە و کاری ڕاهێناندا ياخود هەڵگری بڕوانامەی ماستەرو دکتۆران. جا کە ئێمە پێمان وابێت ڕاھێنان کرۆکی گەشەکردنە ، کەواتە داخستنی پەیمانگا بەوشێوەیە واتە وەستانی گەشەکردن و بەردەوامیی پێشخستنی پەروەردە ، بە کۆی دەنگی ڕاهێنەران ئەم یاداشتە دەخەینە بەرچاوی بەڕێزتان کە چەند بژاردەیەکی جێگرەوە لەخۆی دەگرێت و داوا دەکەین کە کار بکەن بۆ پێداچوونەوە بەو بڕیارەدا .
1- جێبەجێكردنی فەرمانی وزاری ساڵی 2018 كە پەیمانگاكان بكرێنە ناوەندی مەشق و ڕاهێنانی بەردەوام بە فۆڕم و مۆدێلێكی نوێ لە هەمان بینادا كە هاوڕێیانمان بە (2) پڕۆژە پێشنیار ئەو مۆدێلە نوێیەیان خستۆتەڕوو لێرەش هاوپێچكراون.
2- ژمارەیەك لە تازەترین توێژینەوە زانستیەكان جەخت لەوەدەكەنەوە مامۆستایانی قوتابخانەو خوێندگاكان پێویستیان بە خولی ڕاهێنانی ماوە كورت و مامناوەند هەیە، وە ڕاهێنەرەكانی یەكەكانی مەشق و ڕاهێنانی ئێستا لە ئاستێكی باشدانین و کادری تایبەت بە ڕاهێنانیان كەمە و لە دەرەوە بانگێشتیان دەکەن بۆیە دەکرێت بە مامۆستایانی ڕاهێنەری پەیمانگا ئەو گرفتە چارەسەر بكرێت.
3- لە ئامادەكردنی مامۆستایانی ڕاهێنەری پەیمانگاكان توانایەكی مرۆیی گەورەو ملیۆنەها دۆلار لە ساڵی 2013-2014 بۆ كۆلێجی بێرمینگهامی بەریتانی و خەرجی مامۆستایان لە بودجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان خەرجكراوە، بە هیچ پێوەرێك كارێكی لۆژیكی و ژیرانە نیە كە ئەم توانا مرۆیی و داراییە پەرتەوازە بكرێت و بە فیڕۆ بدرێت.
4- لە كاتی سەرنەگرتنی خاڵەكانی سەرەوە، سەرجەم مامۆستایانی پەیمانگاكان وەك سەرپەرشتیاری پسپۆڕی سوود لە تواناكانیان وەربگیرێت بۆئەوەی تاڕادەیەك ڕێگری بكرێت لە پەرتەوازەكردنی توانا زانستی و پیشەییەكانیان وە ڕێگری بكرێت لە بە فیڕۆچوونی ئەو ملیۆنەها دۆلارەی لەسەر بودجەی گشتی بۆ بیناكردنی ئەم توانا مرۆییە خەرجكراوە.
5- ئەگەر هەموو ئەمانەش ناتوانرێت جێبەجێبكرێت و وەزارەتی پەروەردە ناتوانێت سوود لە توانای مامۆستایانی ڕاهێنەر ببینێت !! ئەوا پەیمانگا بە تەواوی ستافەکەیەوە بخرێتە سەر خوێندنی باڵا بەدەر لە ڕێنماییەکان ، ئەوان زۆر پێویستیان پێمانە بەتایبەت لە کۆلیجی پەروەردەی ئێواران یاخود پەروەردەی بنیاد، وە لە ڕێگەی كۆلێژە پەیوەندیدارەكانەوە بەشداردەبن لە پڕۆسەی پێگەیاندن و ئامادەكردنی مامۆستایانی قوتابخانەو خوێندگاكانی وەزارەتی پەروەردە بۆ ساڵانی داهاتوو.
مامۆستایانی ڕاهێنەری پەیمانگای ڕاهێنان و گەشەپێدانی پەروەردەیی( سلێمانی، هاولێر، دهۆک ، گەرمیان)