Wazarat.jpg

وەزارەتی خوێندنی باڵا خوێندن لەزانکۆ حکومییەکانیش دەکات بەپارە

Oct 5, 2021  |   خوێندنی باڵا 

%73ی دەرچوانی ئامادەیی دەبێت لەزانکۆکان بەپارە بخوێنن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت چیدیکە پرۆسەی خوێندنی باڵا لەهەرێمی کوردستان، بەخۆرایی نه‌بێت.

ماڵپه‌رى (بوار نیوز) راپۆرته‌ هه‌واڵێكى له‌سه‌ر خوێندن له‌ زانكۆ حكومیه‌كان بڵاوكردۆته‌وه‌، به‌پێى ئه‌م راپۆرته‌ هه‌واڵه‌ وەزارەتی خوێندنی باڵا خوێندن لەزانکۆ حکومییەکانیش دەکات بەپارە.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌: "بەپێی رێنمایییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا کە بۆ وەرگرتنی دەرچوانی پۆلی دوانزدەی ئەمساڵ دەریکردوە، قوتابیان بە سێ شێواز وەردەگرێت. شێوازی وەرگرتنی قوتابیان بۆ ئەوەیە قۆناغ بەقۆناغ خوێندن لەهەرێمی کوردستان لەزانکۆ حکومییەکانیش بکرێت بەپارە.

شێوازی وەرگرتنی قوتابیان لەزانکۆو پەیمانگاکان ئەمساڵ بەم شێوەیە دەبێت شێوازی زانکۆلاین و پاڕالێل و ئێواران.

لەهەرسێ شێوازەکەش رەچاوی ئەوە کراوە زۆرترین قوتابی بۆ خوێندنی ئەمساڵ بەپارە بخوێنێت.

بەپێی زانیارییەکانی بوار نیوز، لە 50% کورسیەکانی وەرگرتنی ئەمساڵ بۆ خوێندنی بەیانیان لە زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکان تەرخان کراوە، بۆ خوێندنی بەیانیانیش بەشێوازی پاڕالێل و خۆرایی دەبێت، لەو رێژە قوتابییەی کە لەخوێندنی بەیانیان وەردەگیرێن تەنها لە 55%یان بەخۆڕایی دەبێت، له 45%ەکەی دیکە بە شێوازی پاڕالێل دەبێت. واتە دەبێت لەبەرامبەر خوێندنیان لەدەوامی بەیانیان پارە بدەن. لەخوێندنی ئێوارانیش کە خوێندن لێی بەپارە دەبێت رێژەی %25ی قوتابیانی لێوەردەگیرێت.

بەو پێی ئەو شێوازەی ئەمساڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا پەیڕەوی دەکات تەنیا %27ی قوتابیانی دەرچوی ئەمساڵی ئامادەییەکان ئەمساڵ دەتوانن بەبێ پارە بخوێنن.

وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ ئەوەی زۆرترین دەرچوی دوانزدەی ئامادەیی بۆ شێوازی خوێندنی پاڕالێل و ئێواران ڕاکێشیت، بڕیاری داوە، 30 بۆ 45 نمرە کەمتر لە کۆی نمرەی وەرگیراو لەو ساڵی خوێندندا، دیاری کردووە بۆ ئەوانەی فۆرم بۆ خوێندنی پاڕالێل پێشکەش دەکەن، لەهەمان کاتیش بۆ خوێندنی ئێواران جگە لەو نمرەیەی سەرەوە 5 نمرەی تریش لە کۆی گشتی نمرە کەم کردووەتەوە، بۆ ئەوەی زۆرترین قوتابی بە شێوازی پاڕالێل و ئێواران وەربگرین، نەک بە خۆرایی.

بۆ کەمکردنی خەرجی زانکۆکانیش وەزارەت کورسی کۆلیژەکان لە 80% کورسی خوێندنی بۆ خودی پارێزگاکان تەرخان کردووە، لە 20% بۆ گشتی، کورسی پەیمانگاکانیش لە 100%ی بۆ خودی پارێزگاکان تەرخان کردووە.

لە هەرێمی کوردستان 18 زانکۆی حکومی و 19 زانکۆی تایبەت و 13 پەیمانگای تایبەت بوونی هەیە لە تەواوی هەرێمی کوردستان، ئەم ساڵ 63 هەزارو 325 دەرچوو بوونی هەیە، ساڵی ڕابردوو 54 هەزارو 297 قوتابی وەرگیراون، کە دەکات ڕێژەی 100 %، بەڵام دواتر بەشێک لە قوتابیەکان فۆرمی زانکۆ تایبەکانیان پڕکردووە، چوون بۆ زانکۆ تایبەتەکان بەهۆی ئەوەی بەشەکانیان بەدڵی نەبوو لە زانکۆ حکومییەکان".