Ali.jpg

بۆ: سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان

Oct 4, 2021  |   بیروڕا 

عەلی حەمە ساڵح
كەرتی 8 حەسارۆك، ماوەی 18 ساڵە دابەشكراوە 17هەزار پارچە زەوییە لە ئێستادا نزیکە 600 ملیۆن دینار تەرخان كراوە، بۆ دابین كردنی خزمەتگوزارییەكانی ئەم پرۆژەیە، كە زۆر كەمترە لە یەك لە سەدی 1% ئەو پارەی پێویستە بۆ دابین كردنی خزمەتگوزاری،

لە ئێستادا خاوەن زەوییەكان لەبەر ئەوەی پێیانوایە خزمەتگوزاریان پێ ناگات ئامادە نین مۆلەتی خانوو دروستكردن وەربگرن،
ئەمە جگە لەوەی بەشێک لە زەویە ٢٥٠ مەتریەکان بە تاپۆش کراون بە دوو ١٢٥ مەتری و خەڵکی ھەژران و ئەوانەش ڕێپێدانیان نیە!

پاش بەداواچوون لێكۆلێنەوە لەگەڵ چەند كەسێكی پسپۆردا ئەم پێشنیازانە دەخەینە بەردەست بەرێزتان كە چۆن بەبێ‌ تەرخانكردنی پارە لەلایەن حكومەتەوە خزمەتگوزاری بۆ كۆی گەرەكانی 8حەسارۆك دابین بكرێت..

لەکەرتی ھەشتی حەسارۆکدا

183 پارچە زەوی بۆ سەوزایی هەیە

50 پارچە زەوی خەدەمی كە پارچەیەكیان زۆر زۆر گەورەیە.

173 پارچە زەوی بازرگانی هەیە جگە لە 30م و 20م یەكان، 11 مزگەوتی تێدایە، 9 پارچە زەوی گەورە بۆ وەبەرهێنان و باڵاخانەی زۆر گەورە هەیە، ٣ بنكەی تەندروستی، 19 پارچە زەوی قوتابخانە هەیە..

دەكرێت ئەم زەویانەی تایبەت بە پرۆژەی بازرگانی و وەبەرهێنان، لە بری ئەوەی بە ناڕەوا بدرێتە بە چەند كەسێك، حكومەت رایبگەینێت بۆ فرۆشتن، چەندین وەبەرهێنەر ئامادەن لەبەرامبەر پێدانی ئەم زەویانەدا كۆی خزمەتگوزاری (ئاو، كارەبا، قیرتاو كرنی كۆڵانەكان،چەندین خزمەتگوازری تر) دروستبكەن.

ئەگەر دەگوترێت ئەم زەویانە دابەشكراوە، ئەوا بە نیوەی زەویە بازرگانیەكان و زەوی پرۆژەكانی وەبەرهێنان دەتواندرێت بەشێكی زۆری خزمەتگوزارییەكان دابینبكرێت، میكانیزمێكی گونجاویش بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی ئەو نیوەكەی دیكەی بەهاوبەشی بدرێتەوە ئەوانەی پێشتر پێیان دراوە، بەمەش هەم خەڵكی هەژارەو هەم حكومەت و هەم خاوەن زەویە بازرگانیەكانیش سودمەندن (چونكە ئێستا لەكۆی ئەو زەویانەی هەیانە هیچیان دەستناكەوێت بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری ئەوكات لە نیوەكەی بەهاوبەشی دابەشدەكرێت زۆر زیاتر سودمەندن لە ئێستا.