Dr.Salar.jpg

ئێوەش هەستتان پێ کردووە؟ بۆچی لەناوەندەکانی خوێندن قوتابیە کچەکانمان زۆرترن؟

Oct 2, 2021  |   بیروڕا 

د.سالار تاوگۆزی

هاوڕێم (م.هیوا موسا) بابەتێکی نووسیوە، لەپاڵ خەمەکانی نیشتیماندا ئاماژەی بە زۆربوونی ڕێژەی کچ لەناوەندەکانی خوێندن کردووە، بەشێوەیەک تۆ وەک مامۆستایەک دەتوانیت بەئاسانی لە ناو پۆل و هۆڵەکان هەستی پێبکەیت، ئەمەش بەهۆی کۆچی بەلێشاوی کوڕەکانی نیشتیمانەوەیە.

بابەتی ئەو هاوڕێیە، ئەو سەردەمەی بەبیرهێنامەوە کە چوونی کچ بۆ قوتابخانە ناشەرعی و عەیبە بوو، تا ئەو کاتەی (مەلای گەورەی کۆیە) و (موفتی پێنجوێنی) کچی خۆیان ناردە مەکتەب.

لەدوای دەستپێشخەری ئەو دوو مەلا موتەنەوویرە، شوکور ڕێژەی چوونی کچانی کورد بۆ قوتابخانە وردە وردە زیادی کرد، بەشێوەیەک لەم ساڵانەدا ئێمەی مامۆستا لە قوتابخانەو پەیمانگاو زانکۆکان تێبینی ئەوەمان کردووە، ڕێژەی کچان لەزۆرێک لەپۆلەکانمان لە ڕێژەی کوڕان زۆر زیاترە.

ئەگەر زیادبوونی کچان لە پۆلەکانی قوتابخانەو هۆڵی زانکۆ و پەیمانگاکان، لەسەرێکەوە جێگەی دڵخۆشی بێت، لەسەرێکی دیکەوە جێگەی تێڕامانە؛ چونکە لەسەر حیسابی کۆچی کوڕە گەنجەکانمان و بێهیوابونیانە لە خوێندن و نیشتیمان، ئەمە ئەو ئاریشە مەترسیدارەیە دەبێت حکومەت بیر لەچارەکردنی بکاتەوەو حیزب و کاندیدەکان بیکەن بە بانگەشەی هەڵبژاردن و دواتر کە دەرچوون، بەجددی کاری لەسەر بکەن بۆ ئەوەی ماڵوێرانی دیکەی وەک قەیرەبوونی کچان و چەندین لێکەوتەی خراپی دیکەی بەدوادا نەیەت.