Dlshad.jpg

عێراق لەبەردەم هەڵبژاردنێکی ئاڵۆزدا !

Oct 2, 2021  |   بیروڕا 

دڵشاد ئەنوەر

هێدی هێدی لە ڕۆژی ١٠/١٠ نزیک دەبینەوە، کە بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی تێدا ئەنجام بدرێت، بەڵام هەڵبژاردنێکی تەواو جیاواز و پڕ لە کێشمەکێشی نێوخۆیی و بارگاوی بەئەجيندای دەرەکی.

ئەم هەڵبژاردنە تەنها ململانێی نێوان پێکهاتەکان نیە( کورد، عەرەب و سونە)، بەقەد ئەوەی کێشمەکێش لە نێو خودی پێکهاتەکانە، هەر پێکهاتە و کۆمەڵێک حیزب و لایەنی تێدایە و ململانێی چڕ لە نێو ئەواندایە.

گەر کورد بە نمونە وەربگرین، ململانێکە هێندە لە نێوان پارتی و یەکێتی و لایەنە کوردیەکانی تر چڕە، هێندە لە نێوان لایەنە کوردی و لایەنە عەرەبی یاخود تورکمانیەکان تۆخ نیە، تەنانەت لە کەرکوک و خانەقین و سەڵاحەدینیش.

بۆ نمونە، کورد لە خانەقین چانسی کورسیەکی هەیە، یاخود لە بازنەی دووی کەرکوک بەهەمانشێوە، لەسەڵاحەدینیش کورسیەک ئەگەر و نەگەرە، ململانێی نێو لایەنە کوردیەکان گەیشتوەتە ئاستێک، لەم بازنانەی کورسیەک بۆ کورد ئەگەر و نەگەرە، هەمووی کاندیدیدی داناوە، دەشزانن کورسی هێنان ئەستەمە، بەڵام وەک بڵێن، کورسی بۆ ئێمە نابێت، با دەنگەکان پەرتەوازە بن و بۆ هیچ لایەنێکی تری کوردیش نەبن.

عەرەبی سونەش هاوشێوەی کورد، بەسەر عەزمی خەمیس خەنجەر و هاوپەیمانێتی پێشکەوتنی حەلبوسیدا دابەشبووە، ئەم دوو جەمسەرە جیا لەوەی هەریەکەیان خاوەن نفوزی خۆیانن ڕکابەرێکی توندی یەکن، هەرلایەو کۆمەڵێک دەوڵەتیش پشتگیریانە، حەلبوسی ، میسرو سعودیەو ئیمارات، خەنجەریش، تورکیاو قەتەر، واتە ململانێکە ڕەهەندی دەرەکیشی وەرگرتووە.

دۆخەکە بۆ شیعەش هاوشێوەیە، فەتح و دەوڵەتی یاسا و گروپە چەکدارەکان لەبەرەیەکن، کە ئێران پاڵپشتیانە، سەدر و حیکمە و عەبادی و ئەوانیتریش لەبەرەکەی ترن ، قورسترین ململانێ بۆ ئەم هەڵبژاردنە لە نێوانیاندایە، لەسەر دەسەڵات و نفوز و پێگە.

لەهەڵبژاردنی ئەمجارەدا، ململانێ قورسەکە لە نێو خودی پێکهاتەکاندایە، هەر بەرە و کۆمەڵێک وڵات پشتگیریەتی، بۆیە ململانێکە قورس دەبێت، چونکە شەڕی ئەمجارە لەسەر نوێنەرایەتیکردنە، کێ نوێنەری کوردە، یاخود کێ مافی قسەکردنی هەیە بەناوی عەرەبی سونەوە، یان کام بەرەی شیعە دەبنە حوکمڕان.

مادام ململانێکە لەسەر خۆ سەلماندن و نوێنەرایەتیکردنە، هەر بەرەش کۆمەڵێک پشتگیری دەرەکی هەیە، کەواتە هەڵبژاردن نادرێتە دەست قەدەر، بەڵکو هەر وڵاتەو شەڕی سەرخستنی پاشکۆکانی خۆی دەکات، جا سەرخستنەکە لە ڕێگەی تەزویرات بێت، یان دەعمی پارە یاخود هەر رێگەیەکی تر..