Halkawtabdula.jpg

هەڵبژاردنەکان، چەند دیاردەیەکی دووبارە

Sep 28, 2021  |   بیروڕا 

هه‌ڵكه‌وت عه‌بدوڵڵا

لە هەڵبژاردنەکاندا، جا بۆ ئەنجومەنی نیشتمانیی عیراق بێت یان پەرلەمانی کوردستان، چەند دیاردەیەکی نەرێنی هەن کە هەمیشە دووبارە دەبنەوە و پێویستە دەنگدەران بەرامبەریان وریابن و هەڵوێستیان بەرامبەریان هەبێت.

یەکەم/ دروشمی بریقەدار و ئەستەم:
دروشمی هەڵبژاردن بەردی بناغەی کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانە، لە ڕێگەیەوە کاندید و قەوارەکان پەیامێکی کورتی ڕاستەخۆ- بە شێوەی بیرۆکەیەک- ئاڕاستەی دەنگدەر دەکەن، بە مەبەستی سەرنجڕاکێشان و بەدەستهێنانی دەنگی. بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت دروشم واقیعی بێت و ڕەنگدانەوەی بارودۆخی بابەتی بێت و هێنانەدیی ئەستەم نەبێت، ئەگینا دەبێتە قسەی بریقەدار و لافیتەی ڕازاوە و ئامڕازی لەخشتەبردنی دەنگدەر.
چاوخشاندنێک بە دروشمەکانی ئەو کاندید و قەوارانەدا دەری دەخات، ئەوانە ئەوەندە قەبەن کە دروشمەکانی کاندیدی سەرۆکایەتیەکانی ئەمریکا و فەڕەنسا تێدەپەڕێنن. لە کاتێکدا دەبوایە دروشمەکان بێفیز بوونایە و دەربڕی ڕاستەقینەی توانای خۆیان بوونایە و شایانی جێبەجێکردن بوونایە. مافی هەر کاندید و قەوارەیەکە ئەو دروشمانە بەرزبکاتەوە کە پێی باشن بۆ بەدەستهێنانی دەنگی دەنگدەر، بەڵام مافی هیچ کامێکیان نییە دروشمی وەها بەرزبکاتەوە کە واقیعی نین و هێنانەدییان ئەستەمە، مافی هیچ کامێکیان نییە درۆ لەگەڵ دەنگدەر بکات و کار بەو پرنسیپە قێزەونە بکات کە دەڵێت: "ئامانج پاساو بۆ ئامراز دێنێتەوە".

دووەم/ پەتی درۆ کورتە:
هەرکاتێک هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان دەست پێ دەکەن، بازاڕی درۆ گەرم دەبێت و چەندین ئامراز و دامودەزگا دەخرێنە گەڕ بۆ ڕازاندنەوەی درۆکان و پێشکەشکردنیان وەک ڕاستیی حاشاهەڵنەگر. ئاشکراترین جۆرەکانی درۆ لە بەرنامەی کاندید و قەوارەکاندا دەردەکەوێت، کاتێک چەندین ئامانجی قەبە و ناواقیعی دەخرێنە ڕوو، کە هێنانەدیی لانی کەمیان لە خولێکی پەرلەماندا هەر سەخت نییە، بەڵکو ئەستەمە.
پەتی درۆی هەڵبژاردن زۆر کورتە، چونکە ئەوەی پەیوەندیی بە بەرنامەی هەڵبژاردن و ڕۆژەڤ و میکانیزمەکانەوە هەیە لە ماوەی چەند مانگێکی خولی پەرلەمانی داهاتوودا ئاکامەکەی دەردەکەوێت. ئەوەی پەیوەندیشی بە هەڵسوکەوتی کاندیدەکانەوە هەیە، دوای تەواوبوونی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان بۆ دەنگدەران ئاشکرا دەبێت. سەرەنجام لە لایەکەوە بڕوابوون بە هەڵبژاردنەکان و بەشداریکردن تیایاندا لاواز دەبێت، لە لایەکی دیکەشەوە خەڵکی ڕێگەی دیکە دەگرنەبەر بۆ هێنانەدیی ماف و ئامانجەکانیان.

سێیەم/ من فریشتە و ئەوی دیکە دێو:
لە هەڵبژاردنەکان هەر کاندید و قەوارەیەک هەوڵدەدات لە ڕێگەی هێرشکردنەوە ئەوی دیکە بەدیۆ بکات و خۆی بەفریشە و فریادڕەس نیشانبدات بۆ بەدەستهێنانی متمانەی دەنگدەر و کورسیی زیاتر. بۆ ئەمەش چاو بە ئەزموونی ڕابردوودا دەخشێننەوە بۆ پەیداگرنی هەر بەڵگەیەک بۆ ناوزڕاندنی بەرامبەر و بێبایەخکردنی ڕۆڵ و پێگەی و خۆ بەپاڵەوانکردن و تاقە هیوای میللەتەکەمان بۆ بنیاتنانی دیموکراسی و داهاتوویەکی گەش، لە کاتێکدا هەر یەکێک لەو لایەنانە دەزانن خەوشی و کەموکوڕییەکانی خۆی و باشی و کاریگەرییە ئەرێنییەکانی بەرامبەر چییە.
با لێرەدا لە گشت کاندیدەکانی پێشووی هەموو لایەنەکانی کوردستان لە پەرلەمانی عیراق بپرسین: لە خولی پێشووی پەرلەماندا تاقە یاسایەکی چارەنووسسازمان پێ بڵێن بە کۆششی ئەوان لە بەرژەوەندیی هەرێمدا دەرچوو بێت. پێمان بڵێن جگە لە بەرگریکردنی نەرێنیانە و موزایەدەکردنی سیاسی و پاڵەوانبازی و قسەی زل چ دەستکەوتێکیان بۆ هاووڵاتیانی کوردستان بەدەستهێناوە. ئایا توانیان مادەی ١٤٠ بە کەناری ئارامی بگەیەنن؟ توانیان پێداویستییە گرنگەکانی سیستەمی فیدرالی دەستەبەربکەن؟ توانیان هەژموونی ڕەهاخواز و ناوەندیخوازی شیعەکان لاوازبکەن؟

چوارەم/ ڕەهاخوازی:
لەکاتێکدا پێویست بوو کاندید و قەوارە سیاسییەكان بزانن، کە بوونی جیاوازی ئاساییە و مایەی نیگەرانی نییە و ناكرێت وێنای ئەوە بكرێت گشت پێكهاتەكانی كۆمەڵگە لەسەر تاقە بەرنامەیەك ڕێك بكەون، یان یەك تێڕوانینیان زاڵ بێت، چونکە ئەو كۆمەڵگەیەی ڕێكەوتنێكی وای تێدایە، یان تاقە تێڕوانینێك زاڵە بەسەریدا، کۆمەڵگەیەکی مەنگ و نەبزۆك دەبێت و زەمینەی سەرهەڵدانی ستەمكاری تێدا بەهێز دەبیت، دەبینین بانگەشەی بەدەستەوەگرتنی حەقیقەتی ڕەها زاڵە و هەر کاندید و قەوارەیەک خۆی بە ڕاستی ڕەها دادەنێت و ئەوانی دیكە بە ناڕاستی ڕەها دەخاتە ڕوو، خۆی بە پاک و بەرامبەر بە پیس، خۆی بە بنیاتنەر و دروستکردنی بەهەشتی سەرزەمین و بەرامبەریش بە وێرانکار و بنیاتنەری دۆزەخی سەرزەمین وێنادەکات.

پێنجەم/ توندوتیژی:
توندوتیژی لە ململانێ و پێشبڕکێی هەڵبژاردنەکاندا دیاردەیەکی بەرجەستەیە و بە چەندین شێواز دەکەوێتە ڕوو: ناوزڕاندن، تاوانبارکردن، درۆ بۆ هەڵبەستن، دڕاندنی پلاکێت و پۆستەرەکان، دەستوەردانە ژیانی تایبەتی...هتد. توندوتیژی تێكشكاندنی ویستی بەرامبەر یان سڕینەوەی بوونیەتی و پێشێلکردنی مافەکانیەتی وەک مرۆڤ و بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن ئاسان ناکات، بەڵكو ئاڵۆزتری دەكات، چونكە هەستی ڕق و لێكدابڕان لای خودی هەر کاندید و قەوارەیەک برەوپێدەدات و هەستی ترس و گومان لای بەرامبەرەکەی دەخوڵقێنێ.

شەشەم/ تاکپەرستی:
تاکپەرستی یەکێکە لە دیاردەکانی هەڵبژاردنەکان و بە چەند شێوازێکی جیاواز دەردەکەوێت: جۆری یەکەم، بەوەفابوونە بۆ ڕێبازی سەرکردەیەکی سیاسی کە کۆچی دوایی کردووە و ئیلهاموەرگرتن لە بیروباوەڕ و سیاسەت و ڕێنماییەکانی بۆ ڕۆشنکردنەوەی ڕێگەی کارکردنی ئەمڕۆ و لە هەموو بوارەکاندا. جۆری دووەم، پشتبەستنە بە سەرکردەیەکی سیاسی کە لە ماوەی دەسەڵاتدارێتی خۆیدا کاری بێوێنەی ئەنجام داوە و تەنیا لە ڕێگەی مۆدێلەکەی ئەوەوە وڵات بە کەناری ئارامی دەگات و هاووڵاتیان بە خۆشگوزەرانی شاددەبن. شوێنپێ هەڵگرتنی بزنزمانێکی تازە پێگەیشتوو، کە خاوەن ئەزموونی سیاسی نییە و بەڵێنی گەیشتن بە شاری خەونەکان بە خەڵکی دەدات.
بەو جۆرە، بەپێی جۆری یەکەم، نەوەکانی ئەمڕۆ توانای دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی گرفتەکانی خۆیان نییە و بەبێ میراتی ئەو سەرکردە سیاسییە هیچیان پێ ناکرێت، ئەمەش مانای پیرۆزکردنی تاک و تاکپەرستییە و بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەو دەربڕینە دووپات دەکاتەوە کە دەڵێت: "جگە لە خوا پەرستراوێکی دیکە نییە". بەپێی جۆری دووەم، کۆمەڵگە فریادڕەسێکی پێویستە، کە بە توانایەکی سوپەرمانانە هەموو کێشەکان چارەسەر دەکات، ئەمەش مانای بەکەم سەیرکردنی توانای تاکەکانی کۆمەڵگەیە. بەپێی جۆری سێیەمیش داوا لە خەڵک دەکرێت بەختی خۆیان لەگەڵ کەسێکدا تاقی بکەنەوە، کە تاقی نەکراوەتەوە و ڕۆڵی نەبووە لە دروستکردنی قەیران و نەهامەتیەکانی ئەمڕۆدا، ئەمەش مانای پیادەکردنی ریبازی ئەزموونگەرییە، تەنانەت ئەگەر ئاکامەکەی لە ئاسۆشەوە دیارنەبێت.

حەوتەم/ لێکدابڕانی نەوەکان:
یەکیک لە دیاردەکانی هەڵبژاردنەکان، کە جێی تێڕامان و هەڵوەستە لەسەر کردنە، مەسەلەی ڕۆڵی گەنجە، کە بەشێک لە لیستەکان بایەخی زۆری پێ دەدەن. قەوارەیەک بە نەوەی نوێ ناوی دەبات، قەوارەیەکی تر بە بایەخدان بە دەموچاوی تازە و تاقینەکراوە ناوزەدی دەکات. وەک ئەوەی نەوەی "کۆن" بە گشتی و بە تەنیا بەرپرسیار بێت بەرامبەر بەو بارودۆخەی ئەمڕۆ کوردستانی تێکەوتووە و حوکمڕانیەکەمان تەنیا لەلایەن نەوەی "کۆن"ەوە بەڕێوەبرابێت و گەنجان بەشدارییان تێدا نەکردبێ و بەرپرسیارێتی باردودۆخی ئێستا نەکەوێتە ئەستۆی ئەوانیش. لە لایەکی دیکەوە، وەک ئەوەی هەموو نەوەی "کۆن" پەککەوتەبن و ڕۆژگاریان بەسەرچووبێت و بۆ سەردەمی نوێ دەست نەدەن و نەوەی نوێ خاوەنی هەموو توانایەک بێت بۆ گرتنەدەستی جڵەوی بەڕێوەبردنی گشت کارەکان و پێویستیان بە ئەزموون نەبێت. جێی داخە لە سایەی ئەم مەیلە نوێیەی بیرکردنەوە و هەڵوێستوەرگرتندا سەبارەت بە گەنج وەک کاندیدی پەلەمانی، پەیوەندیی نێوان نەوەكان سروشتی ململانێ و گۆشەگیری زاڵە بەسەریدا، نەك هاوكاریكردن و یەكتر تەواوكردن.