Ata.jpg

كاتێك مناڵەكەت ڕقی لە قوتابخانەیە

Sep 25, 2021  |   بیروڕا 

عەتا شەمێرانی
هەندێك لە دایكان لە هەفتەی یەكەمی كردنەوەی خوێندنگەدا كێشەی ئەوەیان هەیە منداڵەكەیان نایەوێت بچێتەوە خوێندنگە، بۆ ئەوەش زۆر دایك ڕێگەی هەڵە و ڕەفتاری نادروست دەگرنە بەر و منداڵەكەیان ناچار دەكەن بڕۆنەوە خوێندنگەكەیان، كە ئەم كارەشیان زیان بە تەندروستیی جەستەیی و دەروونیی منداڵەكە دەگەیەنێت.

ماڵپەڕی theconversation فەرەنسی بۆ ئەو مەبەستە شەش ئامۆژگاریی بۆ دایك و باوكان خستووەتە ڕوو كە لەو كاتەی منداڵەكەیان ڕەتی دەكاتەوە بچێتە خوێندنگە ئەم كارانە بكەن: 

یەكەم: گفتوگۆی لەگەڵدا بكە و هۆكاری نەچوونەكەی بزانە تاكو چارەسەری بكەیت.

دووەم: نەرمونیان بە لەگەڵ منداڵەكەت و گوێی لێبگرە و ترسەكانی مەهێڵە.

سێیەم: لەگەڵیدا لەسەرخۆ و ئارامبە و لەكاتی بەخەبەرهێنانی لە خەو بۆ چوونە خوێندنگە دەستەواژەی گونجاو بەكاربهێنە بە دوربە لەم دەستەواژانە "ئێستا كاتی ئەوەیە هەستی لەخەو و بچیت بۆ خوێندنگە"، یان "دەزانم ناتەوێت بچیت بۆ خوێندنگە بەڵام ناتوانین ڕێگەت پێبدەیت لە ماڵەوە بمێنیتەوە"، باشترە لە بری ئەوە پێی بڵێیت "جارێكە تەنیا تەركیزمان لەسەر خواردنی نانی بەیانی بێت"، یان "ڕێگە بدە سەرەتا جانتاكەت ئامادە بكەین" بەو جۆرە ترس و بێزاری خوێندنگەكەی لە مێشك دەربهێنە.

چوارەم: رۆژێكی بۆ بكە بە پشوو، مۆڵەتی بۆ وەربگرە و بحەوێتەوە وەك سەیری تەلەفزیۆن بكات یان یاریی بكات.

پێنجەم: خشتەی ڕۆژانەی منداڵەكەت دیاری بكە، بەو جۆرە پێوەی پابەند دەبێت.

شەشەم: داوای هاوكاریی بكە ئەگەر پێویستی كرد، واتە ئەگەر بە شێوەیەكی توند ترس و ڕقی لە خوێندنگە بوو سەردانی پزیشكی دەروونی پێبكە.