Lana.jpg

كاندیدە ژنەكان پێویستە پێش هەموو كەس خزم و كەسیان پاڵپشتیان بن

Sep 21, 2021  |   بیروڕا 

لانە ئامانج، پارێزەر
 دیموكراسی واتا  دەسەڵاتی گەل دەستا و دەستكردنی دەسەڵات بە شێوەیەكی ئاشتیانە، بە مەرجی پاراستنی ماف و ژیانی هاوڵاتیان بە شێوەیەكی یەكسان، دیموكراسی سیستەمێكی كۆمەڵایەتییە كۆمەڵگە پەیڕەوی دەكات لەگەڵ رۆژگار دەبێتە بەشێك لە رۆشنبیری كۆمەڵگە بۆیە هاوڵاتیان لە هەمو دونیادا بەشداری هەڵبژاردنەكان دەكەن و بڕیاری خۆیان دەدەن.

بێگومان بەشداری ژنانیش لە سیاسەت واتا پیادەكردنی جەوهەری دیموكراسی لە وڵاتدا و بەشداریكردنی ژنان لە دەنگدان و خۆكاندیدكردن و وەرگرتنی پۆستی سیاسی واتا هەنگاونانە بەرەو كۆمەڵگەیەكی دیموكراسی و دابینكردنی مافەكانی مرۆڤ و پێگەیاندنی ژنان لە بواری سیاسەتدا.

لە وڵاتێكی وەكو ئێمە لە كوردستان بەشداریكردنی ژنان لە هەڵبژاردنەكان ئەوەندە ئاسان نییە، چونكە كۆمەڵێك ئاستەنگ و كێشەیان دوچار دەبێتەوە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبونی یەكسانی لەنێوان ژن و پیاودا و هەروەها تێڕوانینی نەرێنی كۆمەڵگە بۆ كاركردنی ژن لە مەیدانی سیاسی زاڵبونی رۆشنبیری و هەروەها نێرسالاری لەسەر كۆمەڵگادا، بێگومان ئەو بیركردنەوە نێرسالارییە تاڕادەیەك بەسەر بەشێك لە ئەقڵیەتی ژنان زاڵە بۆیە ژنان ناتوانن رۆڵێكی كارایان هەبێ لە بواری سیاسی دا.

ئەو ئاستەنگیانەی كە دێتە بەردەمیان لە كۆمەڵگەوە دێت و هەروەها بەشێكیان لە لایەن خێزان و عەشیرەتەوە دوچاری ئەو ئاستەنگ و كێشانە دەبنەوە لەم كاتانەدا، ئەوانەش بە نمونە هەبون لە كوردستان كە چەندین ئافرەتمان هەبوە كە خێزانەكەی خۆیی پشتگیری نەكردوە كۆمەڵێك ئاستەنگ و كێشەی بۆ دروست بوە ئەمە وایكردوە دوركەوێتەوە لە كارەكەی خۆی و هەروەها لە بواری سیاسەتدا.

گرنگترین شت ئەوەیە لە هەڵبژاردنەكاندا ئەو ژنانەی كە خۆیان كاندید دەكەن بتوانن سەربكەون سود لە ژنانی پێش خۆیان وەربگرن و بتوانن ئەو ئاستەنگانە تێپەرێنن، هەروەها راگەیاندن رۆڵێكی باڵای هەیە لەو كاتانەدا كە بتوانێ بە شێوازێكی جوان و رێك ئەو بیركردنەوە و توانایەی كە لە ئافرەتەكەدا هەیە دەریبخات، ژنان لەو كاتانەی كە دوچاری ئەو حاڵاتانە دەبنەوە كە تەشهیر دەكرێن یاخود سوكایەتیان پێدەكرێت زۆرجار بێدەنگی هەڵدەبژێرن ناچن سكاڵا تۆمار بكەن لەلایان پۆلیس و یاخود توندوتیژی ئافرەتان بێگومان ئەگەر سكاڵا تۆمار بكەن كەیسەكان بچێتە دادگاوە وئەو دیاردەیە كەمتر دەبێتەوە ژنان كەمتر توشی ئە كێشانە دەبنەوە ئەگەر دەنگ هەڵبرن.