* عومەر گوڵپی
بەدواداچوون
سەرۆکایەتی پەرلەمان، بە نووسراوی (٤ /٣ /٢٨٦٧) لە ١٤ی ٩ی ٢٠٢١، داوای هەڵوەشانەوەەی سزای نەبەستنی پێوەری ئاوی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کرد، ئیتر ئەوە ئەرکی حکومەتە کارکردن بە ڕێنمایی وەزارەتی شارەوانی ڕاگڕێت و کار بە یاسای ژمارە (٤)ی ساڵی (٢٠٢١) بکات، کە بریتیە لە یاسای پاراستنی پڕۆژەو تۆڕەکانی ئاوو ئاوەڕۆ لە هەرێمی کوردستان کە بەهیچ جۆرێک ڕێگە بە سزایەکی لەمجۆرە نادات و هەموو جۆرە سەرپێچیەک و سزاکەی تیا دەستنیشانکراوەو ڕێکەمان نەدا پێوەری ئاو ببێتە ماددەیەکی یاساکە.
هاووڵاتی ئەبێت وشیاربێت، و داوای مافەکانی بکات، لە فەرمانگەیەک داوای پارەیەکی لێ ئەکرێت ئەبێت داوای ڕوونکردنەوە بکات، ئەم سزایە چیە؟ بە پێی چ یاسایەکە؟ هەموو ڕێوشوێنەکانی تری لا ڕوون بێت، ئەرک و مافەکانی بزانێت، ئەگەرنا ئەبێت هەمیشە سەرانە بدات.
هەروەها لەگەڵ ژمارەیەک پەرلەمانتاری دڵسۆز سەرقاڵی بانگهێشتی حکومەتین بۆ لێپرسینەوەی لەسەر ئەم سزا نایاساییە.
حکومەت پێویستە بە یاسا کار بکات، ئەرک و مافی هاووڵاتی و حکومەتیش لە یاساکان دەستنیشان کراوە، نابێت هاووڵاتی بێ دەسەڵات بکاتە بارمتەی باج و خەراجی خۆی.
بەردەوام دەبین..
* ئەندامی لیژنەی دارایی لە لە پەرلەمانی کوردستان
٢٠ی ٩ی ٢٠٢١