ali-hamasalh.jpg

ھەڵبژاردنی پەرلەمانتار

Sep 18, 2021  |   بیروڕا 

 عەلی حەمە ساڵح
کاری پەرلەمانی تەنیا قسەی گشتی نیە، بەدواداچونە بە وردەکاریەکی زۆرەوە، دروستکردنی باوەڕو ڕایگشتیە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی و پێڕەویە.. ھەبوونی مەعریفەی سیاسیە بۆ دروستکردنی ھەڵوێستی سیاسی..
دوو جۆر پەرلەمانتار ھەن، نەک ناتوانن خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی و کاری پەرلەمانی بکەن، بەڵکو ھۆکاری بەردەوامی نادادی و زوڵمن! زھنی دەنگدەر دەشێوێنن.. ئەرکی پەرلەمانتاریش بەلا ڕێدا دەبەن..
پشتیوانیکردنی کارە چەوت و ھەڵەکانی حکومەت ھەڵەیە، نابێت پەرلەمانتار وتەبێژی حکومەت بێت. نابێت پەرلەمانتار ھیچ لێکۆڵینەوەو بەدواداچونێک نەکات و ئەوەی حکومەت کردی پەسەندی بکات و مکیاژی بکات..
جۆری دوەم،کە مەترسی لەجۆری یەکەم کەمتر نیە، پەرلەمانتار توانای ئەوەی نیە بەئەرکی پەرلەمانی ھەستێت، تەنانەت پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمانیشی نەخوێندوەتەوە چ جای ئەوەی دەیان لێکۆڵینەوە لەسەر ئەرکو کاری پەرلەمانی بخوێنتەوە، لە لیژنەکاندا ئامادەبوونی نیەو لێکۆڵینەوەو بەدواداچونی نیە، تەنانەت بۆ گفتوگۆی پرۆژە یاساکانیش ئامادەنیەو ھیچ بەشداریەکی نیە!
لەپێش دانیشتنی پەرلەمان بەبێ ئەوەی ھیچ لایەنێکی دەسەڵاتی جێبەجێکردن ئامادەبێت دەنگو قەرەباڵخیەک دروستدەکات، ئەمە نەک کاریگەری نیە زیانی گەورەش لە ئیشی جدی دەدات! سەرۆکی پەرلەمان ھیچ دەسەڵاتێکی جێبەجێکردنی نیە تاوەکو خەڵک واتێبگەیەنیت! ئەم فریودانە مەترسیدارە.. یان بەبێ کاری جدی و لێکۆڵینەوە لە شاشەوە قسەی نادروست بکەیت!
پەرلەمانتاری باش لەگەڵ عەقڵی دەنگدەر مامەڵە دەکات نەک ھەستوسۆز..
کاری جدی پەرلەمانی پێویستی بە ماندووبونە، دەبێ پیشەیی بیت، بەرژەوەندی گشتی بخەیتە پێش ژیانی خۆشت، چاوپۆشی لە گەندەڵی و نادادی کەس نەکەیت، شتەکان بە قەباری خۆی پیشانبدەیت..
٨٠٪‏ کاری پەرلەمانی لێکۆڵینەوەو بەدواداچونە لە دەرەوەی ھۆڵی پەرلەمان، لێکۆڵینەوەیە بەوردەکاری و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایە، بەدڵنیایی ھەر پەرلەمانتارێک بەم وردەکاریە کاربکات ھیچ وەزیرێک ناتوانێت لێی بێمنەت بێت...
وەک خۆم چۆن پشتیوانیکردنی گەندەڵی و ستەمکاری بەتاوان دەبینم، بەکارھێنانی ھەستوسۆزی خەڵکیش بە فێڵ و تاوان دەزانم، ھیچ بەدواداچونێک نەکەم و ھەموو دانیشتنێک بە قسەیەکی گشتی بە سەرۆکی پەرلەمان بڵێم بۆ موچە نادەن! لە کاتێکدا دەبێت زۆرترین لێکۆڵینەوە بکەین لەسەر گەندەڵی و بیسەلمێنین کە دەکرێ موچە بدرێت و پاشان بەپێی پێڕەو داوای دانیشتن بکەیت، ئەوەندە لە ئەستۆی پەرلەمانتارە..
ئەگەر لایەنگری پارتێکی دەسەڵاتداری ئێستا تۆ دەنگ بە کاندیدێک مەدە حیزبەکەت بۆی دیاری کردوی بەبێ ئەوەی توانای بزانیت..
لەبەر ئەوەی ھێزێک چەند ڕەخنەی ڕووکەشی گرتوەو ھەستوسۆزی خەڵکی فریوداوە، بەبێ ئەوەی بزانی کاندیدەکەی کێیەو توانای چیە! چۆن دەنگی پێدەدەیت!
پرسیار بکە بۆچی دەنگ بەکێ دەدەیت؟ تواناو سەنگی چیە! دەتوانێت چی بکات؟ بە عەقڵ و مەعریفە دەبێت دەنگ بدەین نەک ھەستوسۆز..