Dya_ali.jpg

بۆچی متمانەم بە بەڵێنی كاندیدەكان نیە!؟

Sep 16, 2021  |   بیروڕا 

دییە عەلی
كە هەڵبژاردن نزیك بوەوە هەریەكەو لە ئاوازێك ئەخوێنێت، هەریەكێ بەڵێنێكی قەبە ئەدات بەبێ ئەوەی سەیری ئەوانەی پێش خۆیان بكەن، بەجۆرێك كاندید هەیە ئەڵێت دوو بتڵ غاز ئەكەم بە پێنج هەزار، هەیە ئەڵێ دۆلار ئەكەم بە 120 هەزار، هەشیانە لە هەولێر هەڵهاتوو وە لە دەستی یاسا و ئێستا لێرە ئەڵێت من نەلەخشاوم و سەنگەری خەڵكم چۆڵنەكردوە و شەڕ بۆ ئێوە ئەكەم، هەشیانە ئەڵێت چارەسەركردنی كێشەی كەركوك بۆ من ئاو خواردنەوەیە، هەشیانە هاتووە ڤیدیۆی شەقامێكی سلێمانی گرتوو وە و ئەڵێ ئەم شەقامانە خراپن و ئێمە چاكیان دەكەین.
هەموو ئەم بەڵێنانە پێمان ئەڵێن ئەم كاندیدانە تێنەگەیشتوون لە وەزیفەی پەرلەمانتار، ڕاستیەكەی قسە پڕ و پوچەكانی كاندیدەكان تەواو نابێت ناكرێت ئەوەندە سەری خۆمانی پێوە قاڵ بكەین، بۆیە هەموو ئەمانە ئەچنە بابی ئەوەی لە وەزیفەی خۆیان تێنەگەیشتوون، نازانن وەزیفەیان چیە و شەڕی ئەوان لە بەغدا چیە؟ بەدەر لە شەڕی موچە شەڕی مافە نەتەوەییەكانی كورد، ناشبێت ئەوەمان لە یادبچێت لە 2005 وە تا ئێستا كە كورد بە قورسی بەشداریان لە حوكمەتی عێراقی و هەتا لە پەرلەمانیشدا كردوە، هیچ یەكێكیان نەیانتوانیوە هیچ چارەسەرێك بۆ كێشە نەتەوایەتیەكانی كورد بكەن، بەڵكو زیاتر بەغدادیان وەك شوێنێك بۆ پڕكردنی گیرفانی خۆیان بەكار هێناوە، ئەوجا هەر لە سەرۆك كۆمارەكانەوە بیگرە لە بەڕێز مام جەلالەوە هەتاوەكو دكتۆر بەرهەم، لە جێگری سەرۆك وەزیرەكانەوە كە زوربەیان پارتی بوون تاوەكو وەزیرەكان، بۆیە هەموو ئەمانە پێمان ئەڵێن ئەوەی هەیە و نیە پەرلەمانتارەكان ئەتوانێت زیاتر و زیاتر گیرفانی خۆیان پڕبكەن، وەك ئەوانەی خولەكانی پێشوتر، ئێوە بچن سەیری ژیانیان بكەن، بزانن پێشتر چۆن بووە و ئێستا چۆنە؟.
بەڵام كێشەیەكی گەورە هەیە لێرەدا ئەویش ئەوەیە كە من لە سلێمانیم، سلێمانی پێنج بازنەیە 18 كورسی هەیە لەم 18 كورسیە ئەگەر 18 كەسیش بچێت بۆ دەنگدان ئەم 18 كەسە دەردەچن و دەچنە پەرلەمان، كەواتە بۆیە  كاتێك دەنگی ئێمە شتێك نەگۆڕێت گرنگە بەدوای كاندیدی دڵخوازی خۆماندا بگەڕێین كە پێمان وابێت لەوانیكە باشترە، یان ئەوەی كە پێمان وابێت لەوانیكە فەقیرترە یان هەرچۆنێك بێت كەسێك دەوڵەمەندبكەین، من بە تەواوی قەناعەتم گەیشتوم بەوەی كە پەرلەمانتارەكان هیچیان ناتوانن شەڕی نەتەوەیی بكەن، وە دەریشكەوت لە ئەزمونی چوار خولی ڕابردوو ی پەرلەماندا هیچیان شتێكی باشیان نەكردوە، پەرلەمانتارێكی وەكو دكتۆر سیروان زەهاوی و كەسانێكی وەكو حاكم شێخ لەتیف و خالید شوانی نەیانتوانی شتێكی گەورەبكەن زەحمەتە ئەمانەی ئێستا بتوانن شتێكی گەورە بكەن.
بۆیە  گرنگە بیر بكەینەوە كەكێتان بەلاوە باشە دەنگ بدەن بەو كاندیدە بدەین بۆئەوەی هیچ نەبێت ئەویش گیرفانی خۆی پڕبكات،  ئیتر لەوە زیاتر بەڵێنەكان وەكو بڵقی سەر ئاو وایە و هەرچونە پەرلەمان بیریان دەچێت، ئەگەر بیریشیان نەچێت هیچیان بۆیان جێبەجێ ناكرێت.