alihamasalh.jpg

ئەو نەھامەتیەی پیش پێنج ساڵ پێمانوتن

Jul 17, 2021  |   بیروڕا 

عەلی حەمە ساڵح

 

 نامەکەم بۆ سەرۆکی حکومەت، بلومبێرگ پشتڕاستی کردەوە. 
مانگی ٩ ی ٢٠١٥ ھێشتا گۆڕان لە حکومەتدا بوو، یاداشتێکم بۆ سەرۆکی حکومەت نووسی، مەترسیەکی گەورەم تێدا باسکرد...
پێموتن: حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگای مورتەزا لاخانی بەڕەگەز پاکستانی نەوتی ساڵانی ئایندەی بە پێشەکی و بە نرخێکی ھەرزان دەفرۆشێت، سودمەندی یەکەم مورتەزاو کۆمپانیاکانیەتی و نەھەمەتی گەورەش بۆ خەڵکی کوردستان بەجیدێڵێت. یاداشتە بخوێنەوە... ١
ئەو کات گوێیان نەگرت، ئێستاش ھەرێمی کوردستانیان خستوەتە دۆخێک کە دەرچوون لێی ئەستەمە، نە نەوتیان ھەیە بیدەن بەعێراق لەبەرامبەر موچە( دەڵێن: پارەی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل دەدەین) نە دەتوانن بە نرخێکی باشتر نەوت بفرۆشن!!!
پاش پێنج ساڵ ئەمڕۆ بلومبێرگ باسی ئەو مورتەزا لاخانیە دەکات، کە پێنج ساڵ پێش ئێستا ھاوارمان کرد!!
لە بلومبێرگەوە 
مورتەزا لاخانی بە یەكجار (٨٠٠ ملیۆن) دۆلاری لەڕیگەی لقی بانكێكی روسی لە زیوریخ-ی سویسراوە بەڕێگەی ئەلكترۆنی حەواڵە كردووە بۆ بانكی Citigroup Incی نیورۆك، پێش گەیشتنی بە نیویۆرك، پارەكە یەكسەر حەواڵە كراوە بۆ بەیروت‌و چوتە سەر حسابی كۆمپانیای IMMSی مورتەزا لاخاكانی لە بانكی  BankMedی لوبنانی.
بەپێی راپۆرتەكە، ئەم (٨٠٠ ملیۆن) دۆلارە، لەلایەن كۆمپانیا (رۆزنەفت)ی روسییەوە وەك قەرز لەبەرامبەر نەوتی خاودا دراوە بە حكومەتی هەرێم.
بلۆمبێرگ ئاماژە بەوەدەكات، (رۆز نەفت) لەماوی دوو ساڵی داهاتوودا (6 ملیار) دۆلاری تر وەك قەرز لەبەرامبەر نەوتدا بە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەدات، بەڵام پارەكە ناچێتە سەر هیچ ژمارە بانكییەكی حكومەتی هەرێم، بەڵكو ئەچێتە سەر حسابی كۆمپانیاكەی مورتەزا لاخانی (IMMS) كە لە وڵاتی (بەلیز) تۆمار كراوەو ئەدرێسەكەی لە قوبرسە !
بەلیز وڵاتیكی بچوك‌و دوورەپەرێزی ناوەڕاستی ئەمریكای لاتینە، مەڵبەندی پارە سپیكردنەوەو خۆ دزینەوەیە لە باج.
هەر بەگوێرەی راپۆرتەكە، ساڵی رابردوو لەماوەی سێ مانگدا كۆمپانیاكانی (Vital، Trafigura، Petraco Oil Group) لەبەرامبەر نەوتی هەرێمدا، زیاتر (یەك ملیار) دۆلاریان خستوەتە سەر حسابی كۆمپانیا IMMS.
بەمدواییە پرسی دیارنەمانی بڕی (ملیارێك) دۆلاری داهاتی هەرێم لە بانكێكی لوبنانی مشتومڕی دروستكرد، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت لیژنەیەكی تایبەتی بۆ لێكۆڵینەوە لەو كەیسە پێكهێنا، چەند پەرلەمانتارێكیش هەندێك بەڵگەنامەیان لەبارەی ئەو پارەیەوە خستەڕوو، بەڵام تائێستا كەیسەكە قوڕوقەپی لێكراوە‌و ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان نادیارە. .... لینکی ڕاپۆرتی بلومبێرگ ..
لێرەوە وەک ٢٠١٥ ڕایدەگەینم
گۆڕان لە حکومەت بێت یان نا، من لە پەرلەمان بم یان نا، ئەمە ڕاستیەکەو لە ئایندەدا دەبیندرێت 
پێداچونەوەیەکی تەواو بە نەوتی کوردستاندا نەکرێت، مورتەزاو ھاودەست و ھاوگیرفانەکانی دورنەخەێنەوە، پێداچونەویەکی تەواوی بەسیاسەتی نەوتدا نەکرێت، لە کۆی پرۆسەی خەرجی و داھات و گەڕاندنەوەی پارەو و ڕێککەوتن لەگەڵ عێراقدا، ھەرێمی کوردستان تووشی نەھامەتیەک دەبێت چەندین جار لەمەی ئێستا خراپتر. 
لە پاڵ نەوتدا، ڕێگری لە تاڵانی خاڵە سنوریەکان و کۆمپانیای خزمەتگوزاری و سیتمی باج و لادانی موچە ناڕەواکان پێویستە، ئەگەرنا ئایندەیەکی زۆر تاریک چاوڕێیە...