daban.jpg

یارى بە تەندەر و نرخی نەوتى حەسیرە کراوە

Apr 3, 2021  |   بیروڕا 

دابان محەمەد

بە بەڵگەوە، وەزارەتى سامانە سروشتیەکان و ئەنجومەنى وەزیران، یاریان بە تەندەر و نرخى گواستنەوەى نەوتى حەسیرە کردوە.
قسە لەگەڵ کۆمپانیا ڕەکابەرەکان دەکرێت، بۆ ئەوەى لە پرۆسەکە بکشێنەوە و بە شێوازى تر قەرەبویان دەکرێتەوە!
وەزیرى سامانە سورشتیەکان لە کوێیە! لە بێدەنگیدا بیرچوەتەوە جودى هەیە.
لە دواى ئەوەى ماوەى یاسایى ئەو کۆمپانیایە تەواوبوو کە کارى گواستنەوەى نەوتى حەسیرەى دەکرد، هەوڵێک هەبوو، بە نهێنى و دوور لە شەفافیەت و کێبەرکێ، پرۆسەکە ڕاستەوخۆ بدرێتەوە بە کۆمپانیاى پێشتر، کە دوو ساڵى ڕابردوو بە ڕێککەوتن ! کارى کردوە و قازانجێکى زۆرى کردبوو! ((دواجار ئەمە بەشێکە لە داهاتى نەوت و پارەى خەڵک)) داوامانکرد لە پرۆسەیەکى ڕون و بەشێوەى تەندەر ئەم پرسە یەکلا بکرێتەوە، گواستنەوەى یەک تەن نەوتى حەسیرە بۆ بۆرى کوردستان بەشێوەى تەندەر لە 27 دۆلارەوە کەمکرایەوە بۆ 16.90 شانزە دۆلار و 90 سەنت.
لە ڕێگەى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێم قوباد تاڵەبانى، کارکردن بەم تەندەرە ڕاگیرا، بە نایاسایى و درو لە کێبەرکێ ئەم پرۆسەیە بە نرخێکى زیاتر درایەوە بە کۆمپانیاى پێشتر کە کۆمپانیاى بلاک پوڵە (( بۆ ئەمەش یارى و دەستکارى ژمارەى تەندەرەکان و نرخى گواستنەوەى کۆمپانیاکە کراوە))، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ قسە لەگەڵ کۆمپانیان لە کێبەرکێدا بکشێنەوە! 4 ڕۆژە خاوەنى تانکەرەکان گواستنەوەى نەوتیان ڕاگرتوە، جێگەى دەستخۆشیە، کەسێک کە تانکەرێکى پێیە و قوتى لەسەر گواستنەوەى نەوتە، زیاتر لە جێگرى سەرۆکى حکومەت هەست بە بەرپرسیاێتى دەکات و ئەو زوڵمە قبوڵ ناکات.
ئیدارەى گشتیش لە ڕێگەى ( ش. ا )، دەستێوەردانى لە پرۆسەکەدا کردوە، ئێستا کۆمپانیاى سێیەم کە لە پرۆسەى تەندەریندا نەبوە، هاتوەتە بەرباس، لە کاتێکدا کۆمپانیاى گاز پرۆم بە گوێرەى ئەو ئیمەیڵانەى بۆ حکومەت و وەزارەتى سامانە سروشتیەکان و کۆمپانیاکانى ناردوە، ڕیزبەندى سێ کۆمپانیاى کردوە ( ا ، با ، ج )، بەپێى ئەو ڕیزبەندییە، هەر کۆمپانیایەک لەوانەى نەیتوانى کۆمپانیاى دواتر دەتوانێت کارەکە بکات، پێویستە ئەم پرسە بگەڕێتەوە سەر ڕێرەوى خۆى و بەشێوەى ڕون و شەفاف پرۆسە بەڕێوەبچێت، ئەگەر نا با حکومەتى هەرێم خۆى کارەکە بکات.
کۆى ئەم پرسە، ئەنجومەنى وەزیران بە پلەى یەکەم و سەرۆکى حکومەت بە تایبەتى دەخاتە بەردەم پرسیار و بەرپرسیارێتیەوە، کە چۆن بەناوى ئەنجومەنى باڵاى هەرێمى نەوت و گاز و وەزارەتى سامانەسروشتیەکانەوە، تلاعب بە تەندەرەکانى گواستنەوەوە دەکرێت، چاکسازى لە کۆمپانیاکانى نەوت و گاز و ڕێکخستنەوەیان بەم شێوەیەیە! لە گواستنەوەى کۆى کۆندێسەیتى هەرێم سەرکەوتو نەوبون! لە گۆڕینى کۆمپانیاى گواستنەوەى غازى کۆرمۆر سەکەوتو نەبون! لە گواستنەوەى نەوتى حەسیرە بە تەندەر و بە شێوەى شەفاف سەرکەوتو نەبن، چۆن چاوەڕێى بەڵێنى گەورەى چاکسازى و ڕێکخستنەوە و وەگرتنى باج لە 822 کۆمپانیاى بیانى و ناوخۆیى لە بوارى نەوت و گازدا دەکرێت.
…………………

تێبینى: کێڵگەى حەسیرە بریتیە لە پێنج بیرى نەوت، ڕۆژانە 33 هەزار بەرمیل نەوت دەردەهێنرێت و لە ڕێگەى 1300 تانکەر دەگوێزرێتەوە بۆ خورمەڵە، مانگانە نزیکەى 70 هەزار تەن نەوت کات، لەم چوار ڕۆژەدا، زیاتر لە 130 هەزار بەرمیل نەوت زیانگەیشتوە لە پرۆسەى هەناردەکردن.