ashna.jpg

ئۆتۆمبێلی خوار مۆدێل و بە قاچاخ هێندراو بۆ دەبێت ژمارەیان پێبدرێت؟

Mar 4, 2021  |   بیروڕا 

ئاشنا عەبدوڵا

 

کێ سودمەند و کێ زەرەرمەندە لێی؟
فشارەکانی ژمارەیەک بەرپرسی وەزارەتی ناوخۆ بەردەوامە بۆ ژمارەکردنی ئۆتۆمبێلی خوار مۆدێل و بە قاچاخ هێندراو، سەرگرتنی ئەم هەوڵ و فشارەش واتا ڕەوایەتیدان بە قاچاخی سنورەکان و ڕێزنەگرتنی بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆ لەلایەن خودی وەزارەتەکەو بەرپرسەکانیەوە.
بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ هێنانی ئۆتۆمبێلی خوار مۆێل و کوالیتی خراپ ڕێگە پێنەدراوە، بەڵام هەمان ئەو ئۆتۆمبێلانە بە قاچاخ دەهێندرێت و لە ئێستاشدا فشارەکانی هەندێک بەرپرس بەوئاڕاستەیەن کە ژمارەیان پێبدرێت.
ئەو بەرپرسانەی لەپشت شەرعیەتدان بەم کارە نایاساییەوەن چەند بەهانەیەکیان هەیە کە بەهانەکانیان دەچێتە خزمەتی ئەو قاچاخچیانەوە کە ئەو ئۆتۆمبێلانەیان هێناوە.
ناکرێت ڕێگری لە قاچاخچێتی نەکرێت و ڕێگری لە سوڕانەوەی ئۆتۆمبێلی بێ ژمارە نەکرێت لە شەقامەکان و سزای قاچاخچیەکانی سنورەکان نەدرێت و بەهانەش بۆ کارەکەیان بهێندرێنەوەو بە بیانوی بون بە ئەمری واقیع ئۆتۆمبێلیان بۆ ژمارە بکرێت.
خراپیەکانی ژمارەپێدان بەم ئۆتۆمبێلانە.
٭ زەرەرمەند بونی ئەو هاوڵاتیانەی ئۆتۆمبێلی ژمارەو یاساییان کڕیوە چونکە جیاوازی زۆر لە نرخی ئەو ئۆتۆمبێلە گرانبەها بە قاچاخ هاتوانەو هەمان ئۆتۆمبێلی یاسایی و ژمارە بۆکراو هەیە.
٭ وەزارەتی ناوخۆ ئەگەر ژمارە بدات بەم ئۆتۆمبێلانە بەدەستی خۆی شەرعیەت دەدات بە قاچاخی.
٭ دەبێتە هاندانێک بۆ بێ یاسایی و پێشێلکردنی بڕیارەکانی حکومەت.