alihamasalh.jpg

حکومەت شەرعیەت دەدات بە قاچاخچێتی!

Mar 4, 2021  |   بیروڕا 

عەلی حەمە ساڵح

 

زیاتر لە ١٦ ھەزار ئۆتۆمبیلی خوار مۆدێل بەنایاسایی و لە لایەن بەرپرسانەوە داخڵکران، نزیکەی ١٠٣ ملیۆن دۆلار قازانجیان کردوە.. 
ئێستاش ھەوڵێکی جدی ھەیە بۆ ئەوەی سەرجەم ئەم ئۆتۆمبیلانە ژمارەیان پێبدرێت و شەرعیەتی بدرێتە کاری قاچاخچێتی... ئەمە پشتیوانییەکی گەورەیە بۆ قاچاخچیەکان بۆ ئەوەی بە خەڵک بڵێن: ئۆتۆمبیل بە فەرمی داخڵ مەکەن و لە ڕێگای ئەم قاچاخچیەکانەوە بیھێنن لە ئەنجامدا ھەر ژمارەی پێدەدرێت! 
قاچاخچیەکان بۆ ھەر ئۆتۆمبیلێکی گرانبەھا  ٧ ھەزار تاوەکو ١١ دۆلاریان وەرگرتوەو لە خاڵی سنوری و بازگەکان داخڵیان کردوە!!
ھەرچەندە تاوەکو ئێستا ھیچ بڕیارێک نیە بۆ ئەوەی ژمارە بدرێتە ئەم ئۆتۆمبلانە، بەڵام  چەندین بەرپرسی وەزارەتی ناوخۆو ھاتوچۆ لە ھەوڵی پێدانی ژمارەدان!! 
بەشێک لە بەرپرسان وەزارەتی ناوخۆ پێداگیری دەکەن ئەم ئۆتۆمبیلە خوار مۆدێلانە ژمارە بکرێن و بەبیانوی ئەوەی گرفت دروستدەکات! بەڵام وەزارەتی ناوخۆ بچوکترین ھەڵوێستی نەبوو بەرامبەر قاچاخچیەکان لە کاتی داخڵبون!! بەشێک لە بەرپرسانی ناوخۆش خۆیان یان کەسوکاریان لەم ئۆتۆمبێلانەیان کڕیوە.. 
بە دڵنیایی ئەم بڕیارە بۆ ئەو ئۆتۆمبیلانە دەرنەکراوە لای خەڵکی ھەژارەو مەلیکەی پێدەوترێت چونکە ماوەیەک پێش ئێستا ویستیان دەستبەسەر ھەمویاندا بگرن، بەڵکو لەبەرخاتری ئۆتۆمبیلە گرانبەھاکانی وەک ڕۆز رایس و لێکزس و مارسیدس ...... ھتد، دەرکراوە کە بەشێکی زۆریشی تائێستا نەفرۆشراوەو لە گەراج و باخەکاندا ڕاگیراون و چاوەڕێی بڕیاری ژمارە کردنن و قازانجی گەورەن... 
بەدڵنیایی داخڵکردنی ئۆتۆمبیلی خوار مۆدێل بە قاچاخ لە لایەن بەرپرسان و دواتر بڕیاری پێدانی تابلۆ لەماوەی ڕابردودا بازرگانیەکی ڕەش بوە..
نادادی گەورە ھەیە، ھاوڵاتی ئاسایی بە گومرگ ئۆتۆمبیل داخڵبکات یەک گرفتی بچوکی ھەبێت ڕێگای پێنادرێت! بەرپرسانیش ئۆتۆمبیلی گرانبەھای نایاسایی داخڵدەکەن،  
دوو ساڵ جارێک حکومەت بڕیار دەدات ھەموو ئۆتۆمبیلی خوار مۆدێل ژمارەیان پێدەدرێت..
من لەگەڵ چارەسەرێکی گشتگیری یاساییم کە کۆتایی بەم بازرگانیە بھێنێت، بەڵام بەو فۆڕمەی پێشووتر دەکراو ئێستاش دەیانەوێ دووبارەی بکەنەوە جگە لە شەرعیەتدان بە قاچاخچێتی و ھاندانی خەڵک بۆ ھێنانی ئۆتۆمبیل بە قاچاخ ھیچی دیکە نیە..